پەیامی یزاکا بە بۆنەی جێژنی قوربانەوە

پەیامی یزاکا بە بۆنەی جێژنی قوربانەوە...

بسم اللە الرحمن الرحیم
... لن ینال اللە لحومها ولا دماٷها ولکن ینالە التقوی منکم. صدق الله العظیم

(هەرگیز گۆشت و خوێنی قوربانیەکانتان بە خودا ناگات بەڵام خێر و چاکەکارییەکان و تەقواتان بەخودا ئەگات)...

بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە پیرۆزبایی لە هەموو موسڵمانان و گەلی کورد و حاجیان زیارەتکاری ماڵی خودا بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و تێکۆشەرانی نەتەوەکەمان و سەرجەم خەڵکی ئازادیخواز دەکەین.
ئەم جەژنە گەورەیە بیرهێنانەوەی ئیمان و قوربانیدان و هاودەنگی و میهرەبانییە لە نێوان مرۆڤەکاندا لە پێناو بیرو باوڕەڕەوە و فیداکارییە لەپێناو تاقیکردنەوەی پەروەردگاری مەزن.
 قوربانی واتای بەخشش و فراوان کردنی دەستی یارمەتیدانە بۆ هەژاران و لێقەوماوان.
موسوڵمانن ئەمڕۆ زۆرێک لە خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان لەژێر فشاری قورسی کێشەی ئابوری و گرانی  نرخ و بێکاری و سەختی بژێوی ژیاندا لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمێکی تیڕۆریست و دەژە مرۆیی و دژە فێرکارییەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا دەژین.
 لەم جۆرە هەلومەرجەدا بەهای ڕاستەقینەی جەژن کاتێک دەردەکەوێ کە دەتوانین ئومێد بۆ ماڵێک بگەڕێنینەوە و خەندەیەک بخەینە سەر ڕووخساری منداڵێک و داک وباوکێکی پشت چەماوە و چاوەڕوان لە لووتفت و بەخششی پەروەردگار، هەرچەند کەم، ئەگەرچی بە سادەیی، بە خۆشەویستییە دڵشاد بکەین با ئەم ڕۆژانە مرۆڤایەتی ڕەنگین بکەین.
لەم ڕۆژە سەختانەدا کە خەڵکی ئێران و هاوزمان و نەتەووەکەمان و زۆرێک لە گەلانی ناوچەکە بەرەوڕووی گووشاری ئابووری و کێشەی بێشومار لە ژێر ستەم و داگیرکاری و قۆرغکاری تیڕۆریسمی کۆماری ئیسلامیدا بوونەتەوە، زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستە گیانی هاوپشتی و هاوکاری کۆمەڵایەتی بەهێزتر بکرێت. یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیان پێیەتی، پشتیوانیکردنی خێزانە بێبەشەکان، چاودێریکردنی بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و بەساڵاچووان و هەتیوەکان و نەخۆشەکان ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقی و ئایینییە کە نابێت لەبیربکرێت.
با لەم جەژنە مەزنەدا، بەپێی توانای خۆمان بەشداری بکەین لە کەمکردنەوەی ئازارەکانی ئەوانی تر، هەندێکیان بەهاوکاری دارایی، ئەوانی تر بە خواردن و جل و بەرگەوە،
وە تەنانەت بە هاندان و میهرەبانی و هاوڕێیەتی دڵسۆزانە.
هیچ بەشدارییەکی بچووک بێ بەها نییە؛ چونکە هەندێک جار پشتگیرییەکی سادە دەتوانێت هیوا بۆ ژیانی خێزانێک بگەڕێنێتەوە.

باوەڕداران: ئەم ڕۆژانە بنەماڵەکانی شۆڕشگێرانی ڕۆژهەڵات، بۆ جارێکیتر ئاوارە بوونە، ئێوە و قوربانیتان، ئێوە و باوەڕی ئایینیتان، ئێوە و هاوکاری نەتەوەییتان، پێویستیان بە چاودێری ئێوەیە.
جەژنی قوربان جەژنی لێبوردن و مرۆڤایەتی و قوربانیدانە،
فێستیڤاڵێک کە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە بەهای مرۆڤ لە خۆشەویستی و دادپەروەری و یارمەتیدانی یەکتردا مانا دەدۆزێتەوە نەک لە دەسەڵات و سەروەت و ساماندا.
هیوادارین ڕۆژێک بێت کە هەموو گەلان لە ئاشتی و ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئاسایشی ئابووریدا بژین و هیچ خێزانێک لە خەمی نان و دەرمان و داهاتووی منداڵەکانیدا پشتی نەچەمێت. 
داواکارین لە خودای گەورە ئەم جەژنە بکاتە سەرەتای ئاشتی و ئارامی و هاوسۆزی و ڕۆژانی باشتر بۆ هەموو گەلی کورد و بە گشتی مڕۆڤایەتی. و قوربانیدان و دوعا و نیەتی پاکی هەموو لایەکتان قبوڵ بکات.

جەژنی قوربان لە ئێوە و بنەماڵە ئازیزەکانتان پیرۆز بێت.

یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران 
٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٥ی هەتاوی

Comments

Popular posts from this blog

کۆچی دووایی مامۆستایەکی ئایینی نیشتیمانپەروەر

ئیخوانییەکانی پیرانشاربە پاڵپشتی ئیتلاعات ڕێگری دەکەن لە دامەزراندنی مامۆستایانی خۆشناو لە مزگەوتەکان.

هەڵوێستەیەک لە سەر فتواکەی مەلا ساڵەی دەمامە..