بەیاننامەی یزاکا و مەحکووم کردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دژی خۆپێشاندەران.


بەیاننامەی یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران و
مەحکووم کردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی  ئێران بە دژی خۆپێشاندەران.
بەناوی خودای تێکدەری کۆشکی زۆراری و ستەم و بەدیهێنەری ئازادی.
گەلانی ئازادی ئێران و کوردستان و جیهان،
ویژدانە بە ئاگا بوو و مرۆڤ دۆستەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نێودەوڵەتییەکان:
یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران، بەوپەڕی ناڕاحەتی و توڕەیی و خەمەوە.

 سەرکوت خوێناوی و کۆمەڵکوژیی دڕندانەی ناڕازیانی ئێران، لە لایەن هێزە سەرکوتکەر و تیرۆریستییەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بە توندی شەرمەزار دەکات.
ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێراندا دەگوزەرێت، "بەریەککەوتنی ئەمنی" نییە، بەڵکو تاوانێکە دژی مرۆڤایەتییە. تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە کەسانی بێ بەرگری و کوشتنی گەنجان و ژن و منداڵ و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و دروستکردنی کەش وهەوای تیرۆر، هیچ پاساوێکی ئایینی و ئەخلاقی و مرۆیی و یاسایییان نییە. ئەم کارانە بە ڕوونی دژایەتی دەستووراتی ئیسلام و بنەماکانی مرۆڤ و هەموو پێوەرەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی دەکەن.
ئێمە وەک زانایانی ئایینی بە دەنگی بەرز ڕایدەگەیەنین: هیچ حکومەتێک مافی ئەوەی نییە بەناوی ئایینەوە تەقە لە خەڵک بکات لە ژێر هسچ پاساوێکدا.
هیچ دەسەڵاتێک بۆی نییە بە توندوتیژی وەڵامی خواستی ئازادی و دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ بداتەوە؛
وە هیچ دەسەڵاتدارێک ناتوانێت بە فەتوا و پاساوی سیاسی پاساو بۆ خوێنی خەڵکی بێتاوان بدات.
یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران وێڕای ڕاگەیاندنی هاوسۆزی تەواو لەگەڵ بنەماڵەی کوژراوان، بریندارەکان، زیندانیانی سیاسی و هەموو خەڵکی ستەملێکراوی ئێران، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی مافی مرۆڤ، دادگا نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، و حکومەتە ئازادەکانی جیهان دەکات:  کــــــــــــە
تاوانەکانی حکومەتی ئێران بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بناسن؛
ئەنجامدەر و بەرپرسەکانی ئەم کۆمەڵکوژییانە بخەنە ژێر لێپێچینەوەی نێودەوڵەتی؛
ڕێگری لە بەردەوامیی سەرکوت و کوشتنی خەڵک بە جێبەجێکردنی فشاری سیاسی و یاسایی و نێودەوڵەتی و بگرە بەکارهێنانی هێزی سەربازیش؛
پشتیوانی کردەیی و کاریگەر بۆ گەلی ئێران لە ڕێگای گەیشتن بە ئازادی، دادپەروەری، کەرامەتی ئینسانی و مافی چارەی خۆنووسین.
ئێمە پێمان وایە بێدەنگی لە بەرامبەر ستەمدا خۆی بەشداریکردنە لە تاوانەکەدا. ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی گەورەی مرۆڤایەتی و باوەڕی ئایینی ڕاستەقینە و ویژدانی جیهانی لەبەردەم هاواری گەلی ئێراندایە.
لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکەینەوە:
خوێنی ستەملێکراو هەرگیز ناکوژێتەوە،
و دادپەروەری هەرچەندە درەنگ بێت، بەڵام حەتمییە و بەدی دێت.

سڵاو لە ئیرادەی ئازادی خوازی خەڵکی ئێران و کوردستان.

بڕوخێت ڕژیمی مرۆڤکوژ و دڕندە و تیڕۆریستی کۆماری سیدارە و خوێنی ئێران.


یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران

٢٣ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوی

Comments

Popular posts from this blog

هەڵوێستەیەک لە سەر فتواکەی مەلا ساڵەی دەمامە..

کۆچی دووایی مامۆستایەکی ئایینی نیشتیمانپەروەر

پەیامێک بۆ ڕای گشتی سەبارەت بە دەست بەسەرکرانی مامۆستا لۆقمان ئەمینی لە لایەن کۆمار ئیسلامی ئێرانەوە.