پەیامی پشتگیری مامۆستایانی ئایینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران
پشتیوانی مامۆستایانی ئایینی ڕۆژهەڵات بۆ بەگژداچوونی زیندووی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرامبەر کۆماری داڕماوی پەت و سێدارە
خودای گەورە دەفەرمێت:
*انا فتحنا لک فتحا مبینا*
بەڕاستی ئێمە سەرکەوتنێکی ڕوونمان بۆ دەستەبەر کردی
ئێمە مامۆستایان و چالاکڤانانی ئایینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تەواوەتی پشتیوانی خۆمان بۆ بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی خەڵکانی ئێران ڕادەگەیەنێن و بڕوامان وایە کە ئەم هەڵشاخانەوەی گەلانی ئێرانە، نە دەرەنجامی بابەتێکی پاژەکی داراییە و نە بڕیارێکی کوتاوپڕە کە بە هۆی گوشارێکی کاتیەوە لە لایەن خەڵکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان درابێت. بەڵکوو دەرەنجامی نزیک بە نیوسەدە گەندەڵی سیستماتیکی دارایی و ئیداری و سەرکوت و ستەمە بەرامبەری ڕای جیاواز و گوشاری و سنووردارکردنی لە ڕادەبەدەری ژیانە تا ڕادەی دەستوەردان لە خواردن و جل و بەرگی خەڵکی و خۆ بەخوا زانینی ڕێبەرایەتی ناڕەوا و تاوانبەری ئەو دەسەڵاتە ناشەرعیەیە.
بە هەموو ئەو هۆکارانەوە کۆماری پەت و سێدارە ڕەوایەتی خۆی لە زەینی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەر زەوی واقع لە دەست داوە و تەنها لەسەر پەڕەی لێنووس وەک دەسەڵاتی یاسایی ئێران دەناسرێت.
بەڕای واژۆکارانی ئەم داخوویانییە، ئەم گورزەی کە خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرامبەر کۆماری پەت و سێدارە بەرزیان کردۆتەوە، تەنها بۆ سڕینەوەی ناوی ئەو ڕژێمە نەگریسە لە مێژوودا دادێتەوە و سەری ئەو دەسەڵاتە خوێنمژە پان دەکاتەوە و بڕیاریان داوە دەسەڵاتی خۆسەپێنی نەهامەتی کۆماری پەت و سێدارە تەنانەت لەسەر پەڕەی لێنووسێکیش ناوی بەسەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە نەمێنێت.
خودا دەفەرمێت: ألیس الصبح بقریب
بەڕاستی بەرەبەیان نیزیکە
هەندێک لە مامۆستایان و چالاکڤانانی ئایینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ۱۳/بەفرانباری/٢٧٢٥ـی کوردی
یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران.
١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی
Comments
Post a Comment