پەیامی کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی ڕۆژهەڵات لە سەر کوژرانی کوڵبەرانەوە.
بەناوی خودای ئازادی و کوردستان
لە لایەن هەندێک لە مامۆستایانی میانڕەو و ئەهلی عیرفان و نیشتمان دۆستی کوردستانەوە.
السلام علیکم و رحمت الله و برکاتە
هەواڵمان پێ گەیشتووە کە دیسان چەند ڕۆڵەی چەوساوەی گەلەکەمان، لە کاتی کەسبی ناڕەوا و سەپێندراوی کۆڵبەریدا، لەسنوورەکانی بانە، بە تەقەی ناجوامێرانەی سەربازانی داگیرکەر شەهید وبریندار کراون.
ئێمە مامۆستایانی ئایینی بانە و کوردستان وێڕای دەربڕینی هاوخەمیمان بۆ کەس و کاری ئەو شەهیدانە و ئاراستە کردنی پرسەمان بۆ سەرجەم خەڵکانی کوردستان، ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕادەگەیەنین :
١_ کوشتنی کۆڵبەران لەسەر سنوور نموونەی زەقی کوشتنی دژبەرانەی بە ئەنقەستە و بە پێی قوڕئان لەعنەتی خودا لەسەر بکوژەکەیەتی.
۲_کوشتنی کۆڵبەران بەهۆی نەبوونی هەلی کار و پشت گوێ خستنی گەنجانی کوردستان و بە دەرەجە دوو لە هەژمار هێنانیانەوە ڕوویداوە.
۳_ئەو بەناو بەرپرس یان بیرمەند یان مامۆستا ئایینیانەی کە بە هەر چەشنێک بێڕێزیەکیان بە کۆڵبەران کردووە و ئەوانیان بە چەک فرۆش و تیرۆریست ناوبردووە، بەپێی شەرع بە هۆی ئەوەوە کە بوونە هۆی هەڵنانی دەسەڵات بۆ کوشتنی کۆڵبەران، حوکمی (معاون فی قتل العمد) واتا یاریدەدەری کوشتنی بە ئانقەستیان هەیە و هاوبەشن لە تاوانی کوشتنی ڕۆڵەکانماندا.
٤_گەورەترین هۆکاری کوشتنی کۆڵبەران بێدەنگی ئێمەی خەڵک و کەس و کاری کۆڵبەران بووە.
بۆیە واجبی شەرعی و جیهادە لەسەر شانمان کە هەرکات کۆڵبەرێک کوژرا بێ هەڵوێست نەبین و هەر لەسەرەتای شەهید بوونی ڕۆڵەکانمانەوە بە ڕەسانەیی کردن و دوایەش لە پرسەکەیدا بە شێوازی جۆراوجۆری مەدەنی، لە دەسەڵات تێ بگەیەنین کە خوێنی ڕۆڵەکانمان تێچوویەکی نەبڕاوەی بۆیان دەبێت.
لە کۆتادا داوا لەسەر جەم بازاڕیان، فەرمانبەران، خوێندکاران، کەس و کاری کۆڵبەرانی شەهید و زیندوو و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین کە بۆ سەرکۆنە کردنی کوشتنی ڕۆڵە چەوساوەکانمان و ڕووڕەش کردنی هەندی نامەلای نیشتمان فرۆش کە فەتوای تیرۆریست بوون و کوشتنی ڕۆڵەکانمان دەدەن، بە ڕێپێوان و خۆپیشاندان و مانگرتن، هەڵوێستی قایم و بوێرانەی خۆیان لە هەندا کوژرانی بێتاوانی ڕۆڵەکانمان دەربڕن.
هەندێک لە مامۆستایانی میانڕەو و عیرفانی و نیشتمان دۆستی ڕۆژهەڵات
۲/خەزەڵوەری/٢٧٢٥ـی کوردی
یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
Comments
Post a Comment