پیلانی چەپەڵی سپای پاسداڕان لە ڕێگەی هندێک تووند ئاژووی ئایینییەوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

پیلانی چەپەڵی سپای پاسداران لە ڕێگەی هەندێک توند ئاژۆی ئایینیەوە


وەک هیتلێر لە بەرگی یەکەمی کتێبی (خەباتی من)ـدا دەڵێت: هەموو بزاڤێک بۆ گەشەی خۆی و دامرکاندنی ڕکابەرەکەی پێویستی بە میدیایە و گەورەترین میدیا ئایین و کەڵیسایە.

جا لەو جوغڕافیایدا ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تیا هەڵکەوتووە، یەکێک لە گرینگترینی میدیاکان مزگەوت و میمبەری مامۆستاکانن کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ زۆرینەی خەڵکدا هەیە و هەروەهاش لای خەڵک پیرۆزن.

بۆیە خۆ گێل کردنە ئەگەر بڕوامان وابێت دەسەڵات لە هەندا دەست تێوەردان و ڕێکخستنیان بە قازانجێ خۆی خەمساردە.

هیچ کە وانیە، بەڵکوو تەنانەت دوای ئەوەی هەوڵی دەسەڵاتی داگیرکەر لەو بوارەوە شکستی هێنا کە هەوڵیدا لە ڕێی دەفتەری وەلی فەقیهـ و مەرکەزی بوزورگی ئیسلامیەوە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە کاروباری ئایینیدا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بکات و وەک دەزانن بەشداری مامۆستایان لەو دامەزراوانەدا تەنها ڕواڵەتیە و لە ڕاستیدا زۆرینەی یاساکان سەبارەت بە ڕێکخستنی مامۆستایانی ئایینی وەپشت گوێ خراون؛ دەسەڵات هەوڵ دەدات لە ڕێگە ناڕاستەوخۆکان و بە بیانووی بیرە جیاجیاکانەوە، بە تایبەت بیری توند ئاژۆی ئایینی، جێی خۆی بکاتەوە و ئەگەر نەیتوانی لانیکەم بارودۆخێک بڕەخسێنێت کە لە خواستی ئەوەوە نزیک بێت.
 ئەویش جێگیر بوونی فکرە سیاسیە ئیسلامیە توندئاژۆکانە کە زۆربەیان دژ بە بزاڤی ڕزگاری خوازی کوردن.
جا بۆیە لەو بارەیەوە پیلان زۆر لە کانگەی بۆگەنی ناوەندە ئەمنەکانی دەسڵاتەوە هەڵقوڵان.
لەو پیلانانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە:
١_ لە هەندێک مزگەوتدا لە ڕێگەی هەیئەتی ئومەنای مزگەوتەوە، هەوڵ بۆ لەرزۆک کردنی ئەو مامۆستایانە دەدرێت کە گوێ لە مستی دەسەڵات نین و هەوڵ دەدرێت دوای لابردنی مامۆستای ئایینی، شەڕی نێوان هزرێکی تایبەتی سیاسی ئیسلامی توند ئاژۆ لەگەڵ خەڵکدا خۆش کرێت و لەو نێوەدا دەوڵەت، نووسینگەیەکی بەسیجی موستەزعەفان لە مزگەوتدا دەکاتەوە و مامۆستایەک دەنێرێت بۆ ئەو مزگەوتە کە گوێ لەمستی دەسەڵات بێت.
لە بانە و سەلاسی باوەجانی چەند هەوڵێکی وەها دراوە.
۲_لە هەندێک مزگەوت هەوڵ دەدرێت بە تەماح بەرخستنی مامۆستا و خەڵکی گوند یان گەڕەک، بە دابەش کردنی بەستەیەکی خواردەمەنی لە برینج و ڕۆن و هتد، ڕێگە بۆ دزەی بەسیج بۆ ناو مزگەوتەکان بکرێتەوە.

۳_ئەگەر هەر نەکرا، کەڵک لە کەم بوونەوەی فەقێ لە کوردستاندا وەردەگیرێت و هەندێک لە خاوەن فکرە توند ئاژۆکان لە مەمۆستای مزگەوت تیژ دەکرێن، بەو بیانوویەوە کە ئێمە فەقێی هاوبیری خۆمان هەن و تۆش فەقێت نیە. کەواتە دەبێت ڕێگەمان پێ بدەیت بۆخۆمان لە حوجرە و مزگەوتی تۆدا فەقێ ڕاگرین. 
زۆرتر لە ڕێی گوشار خستنە سەر هەیئەتی ئومەناوە ئەو کارانە دەکرێن.
دیارە کە مامۆستا قەبووڵی شتی وا ناکات و مزگەوت دەشێوێت و دیسان بۆشاییەک بۆ دەست تێوەردانی ناوەندە ئەمنیەکان دەکرێتەوە.
ئەوە لە چەند مزگەوتی جوانڕۆدا ڕووی داوە.
٤_لە هەندێک لە مزگەوتەکان وابەستەبوونی دارایی مامۆستایانی ئایینیان لە ڕۆژهەڵاتیان قۆستۆتەوە و هەندێک خەڵکی توند ئاژۆ هەوڵیان داوە مامۆستای نیشتمان پەروەری ئەومزگەوتە بە خەڵک جواب کەن. ئەویش تەنها لەو ڕێگەوە کە ئەوان مامۆستای هاوبیری خۆیان دەهێنن و بەخێویشی دەکەن و چاوەڕوانیشیان لە خەڵک نیە.
ئەجار دەزانین بۆ چەند ساڵە دەسەڵات هەوڵ دەدات مامۆستایانی ئایینی لە چەشنی هەژارترین و دەست کورتترینی خەڵکی ژیان بکەن و هیچ پاڵپشتیان ناکات و ئەگەر پاڵپشتیەکیشیان دەکات بۆ سووکایەتی پێکردنیانە؟
بۆیە پێغەمبەرمان _دروودی خودای لەسەربێت_ لێی دەگێڕنەوە کە فەرموویەتی:(الید العلیا خیر من الید السفلی) متفق علیه
دەستی سەروو کە دەوڵەمەندە و بدەیە لە دەستی خواروو کە هەژارە و وەرگرە باشترە.
۵_لە هەندێک مزگەوت، لە لایەن ناوەندە ئەمنیەکانەوە بڕێک خاتوون بەناوی قوڕئان خوێندنەوە کراونەتە کەوی ڕاو و لە مامۆستایانی ئایینی نزیک دەخرێنەوە بەشکم ئەو مامۆستایانە فریو بخۆن و دوایە بە ناو زڕاندنیان، لە جێی خۆیان لادرێن و جێگەشیان بە ئەو توند ئاژۆیانە پڕ دەکرێتەوە.
ئەوە لە شاری بانە بەزەقی ڕوویداوە.
بیرمان نەچێت کە یوسف پێغەمبەریش _دروودی خودای لەسەر بێت_هەمان هەوڵی فریودانی بۆ دراو و خودایش لە زمانی پاشای ئەوکاتی میسرەوە دەفەرمێت: [ان کیدکن عظیم.]۲٨:یوسف
بەڕاستی ئەی ژنانی فریوی ئێوە بۆ پیاوان فریوێکی گەورەیە.

٦_هەر ئەوەندەی هەواڵی ئەوە بدرێت لەوانەیە مامۆستایەک بە خواستی خۆی مزگەوتێک بەجێ بهێڵێت، یەکێک لەو توند ئاژۆیانە بە بیانووی کرێچیەتی یان ئیش و کار دەچێتە گوند یان گەڕەکی ژێر ڕکێفی ئەو مزگەوتەوە و وردە وردە خۆی لەناو خەڵکدا جێ دەخات و هەوڵ دەدات ئەو دوای ڕۆشتنی ئەو مامۆستایە جێگەی ئەو داگیر کات و یەکەم کەس بێت کە خەڵک بۆ مامۆستایەتی مزگەوتەکەیان بیری لێدەکەنەوە.

ئامانجەکانی ئەم پیلانانە:

١_چەند ساڵە دەوڵەت دەیهەوێت بە دەستی زۆری هەیئەتی ئومەنای مزگەوتەکان دایاری بکات، کاتێک بۆی سەر نەچووە ڕووی کردۆتە ئەو فێڵە دزێوانە.
۲_هەروەها ئەو فریوانە لە بانە و سەلاس و جوانڕۆ و هەندێکی دی لە شارەکان زۆرتر تووشی ئەو مامۆستایانە دەکرێن کە لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا بەشداری ئەیاننامە بە کۆمەڵەکانی مامۆستایانی ئایینی بوون.
۳_پێغەمبەری خوادا _دروودی خودای لەسەر بێت_ دەفەرمێت:(انما یأکل الذئب القاصیة)ابوداود
گورگ تەنها لەوە دەدات کە لە کۆمەڵ جودا بۆتەوە.
بۆیە گورگی داگیر کەر لەو ڕێگەیەوە دەیهەوێت دوو بەرەکی و لێک ترازانی تووشی بەشی ئایینی کۆمەڵگەکەمان بکات و وەک گورگ تاوی ئەو نیشتمانە پیرۆزە بدات.

بۆیە پێویستە خەڵکی ئایین مەندی ڕۆژهەڵات و مامۆستا و کەسایەتیە ئایینیەکان بەزوویی لێژنەکانی هەڵبژاردن و دەستنیشان کردنی مامۆستا پێک بهێنن با لەو پیلانانەی کە گوترا  پارێزراو بن. 
پێغەمبەرمان _دروودی خودای لەسەر بێت_دەفەرمێت:الحکمة ضالة المومن.السلسلة الصحیحة، البانی
ژیری ون بووی مرۆڤی ئیماندارە.

پێویستی ئەو ژیریە ئەوەیە کە خەڵکی نەهێڵن ئەو توند ئاژۆیانە، چ وەک هەیئەتی‌ ئومەنا و چ وەک دەمڕاست وشۆڕا و دێهیار و ڕیش سپی دەم لەکاری مزگەوتەکانەوە بدەن و زیاتر خەڵکی خۆماڵی و چالاکڤانانی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن.

مامۆستا قازی...

یەکیەتی زانایانی ئایینی کورستانی ئێران

٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی

Comments

Popular posts from this blog

هەڵوێستەیەک لە سەر فتواکەی مەلا ساڵەی دەمامە..

کۆچی دووایی مامۆستایەکی ئایینی نیشتیمانپەروەر

پەیامێک بۆ ڕای گشتی سەبارەت بە دەست بەسەرکرانی مامۆستا لۆقمان ئەمینی لە لایەن کۆمار ئیسلامی ئێرانەوە.