بە بۆنەی ساڵوەگەڕی ڕیفڕاندۆمی باشووری کوردستان.. قازی
ڕێفڕاندۆمی ۲۰۱۷ و مافی چارەی خۆ نووسین
هەشت ساڵ لەمەوبەر لە سەرەتاکانی مانگی ۹ـی ۲۰۱۷ـدا، لە
ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرت بە هەرکۆڵان وشەقامێکدا کردبا یان دەرکەی هەرماڵ و
دووکانێکت کردبایەوە، سەروبنی قسەی خەڵکی دەچووەوە سەر بڕیاری بەڕێوەچوونی ڕێفڕاندۆمی
سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان.
بەڕوونی دەتتوانی هەست بکەیت بەو خۆشیە کە دڵی گەورە و گچکەی
ئەڤیندارانی خاکی پیرۆزی نیشتمانی داگیرکردووە. کە وەک دڵخورپەی ئەڤیندارێکی تازە
لاو دەچوو کە دوای چاوەڕۆانیێکی زۆر بڕیارە بۆ دەمێک دواتر چەند چرکەساتێک
خۆشەویستی لە ئامێز بگرێت.
واش بوو گەلی چەوساوەی کورد، دوای چوارچرا و دەرسیم و ئەنفال
و هەزاران کارەساتی دی، مەم ئاسا هۆگری زینی ئازادی بوو.
بەڵام ئەو دڵخورپەی شادیە نەیدەتوانی ئەو دڵەڕاوکێیە وەشێرێت
کە باشە ئەم داگیرکەرە ڕەزاتاڵانەی، سەدان ساڵە چاویان بە زمان و ناسنامە و خاک و
تەنانەت هەناسەدانی گەلی کورد هەڵنایات و وەک دیارە لە چوارلاوە وەک ئاوری
ئیبڕاهیم دەوری باشووری کوردستانیان داوە و لە ئەلحانێکەشەوە دیارە لە ڕێفڕاندۆم و
ئەنجامی پێشوەختە دیاری زەڕنەقیان چووە، چی بەسەر ئەم گەلە دەهێنن؟ باشە ئەگەر
لایەنی ناوخۆیی دژ بە ڕیفڕاندۆم تەبلیغاتەکانی سەرکەوێت و ڕێفڕاندۆم سەرنەکەوی
پاشەڕۆژی پرسی کورد کە ئەو هەموو شەهیدەی بۆ دراوە، چی بەسەردێت؟
و دەیان پرسیاری دیکە…
ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژێ کە ساتە ڕۆژی ڕێفڕاندۆم نێزیک دەبۆوە، ئەم
دڵخورپەو و دڵەڕاوکێیە توندتر دەبوو، تا شەوی بەر لە ڕۆژی دەنگدان دڵ ببووە دەروێش
و تابەیانی دەفی سینەی ملوێنان نیشتمان دۆستی کوردی دەکوتا و ئەگەر کەسێک تەڵاق
بخوات لە ڕۆژهەڵاتدا لانیکەم سەدهەزار چاو لەخۆشی ڕێفڕاندۆم تا ڕۆژهەڵاتن
نەنووقاون تەڵاقی ناکەوێت.
خۆ دەستم لێمەدە!
ئەوساتەی وا کەناڵە تەلەفیزیۆنیەکانی هەرێم ڕایانگەیاند کە
زیاد لە ۹۲لەسەدی خەڵکی باشوور دەنگی بەڵێیان بە سەربەخۆیی کوردستان داوە، مام
دەروێشی دڵمان لەوەستان نەکەوتوو هیچی دی. دڵ چلۆن لەبەر ئەو هەموو خۆشیە خۆ بگرێ.
ئێستاش کە بیری لێ دەکەمەوە و ئەم دێڕانە دەنووسم گریانی خۆشی ئەوکی گرتووم چ بگا
بەودەمی!
شارودێی ڕۆژهەڵات بووە قەرەباڵغی، هەر لە لەکستانەوە تا
کرمانجستان، مێهران و سنە و سەقز و بانە و بۆکان و مهاباد و پیرانشار و… هەموو
شارەکانی کوردستان بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان ڕەنگێندرا و خەڵک بە هوتافی بەڵێ بۆ
ڕێفڕاندۆمی کوردستان و بژی کوردستان ڕژانە شەقام و شوێنە گشتیەکانی شارەکانیانەوە.
ئەوە یەک پەیامی وازح و بێپەردە بوو بۆ داگیرکەران لە هەر
چوار بەشی داگیر کراوی نیشتمان، بە تایبەت باشوور و ڕۆژهەڵات. ئەویش ئەوە بوو کە
ئەو ڕێفڕاندۆمەی کە بەسەر ئێوەی داگیرکەردا سەپا و ئەنجامەکەشی ڕووتانی ڕەش کرد،
ئەگەر لە هەر پارچەیەکی دابڕاوی ئەم نیشتمانە بکرێت، هەمان ئەنجامی دەبێت و بە
جیهانی ڕاگەیاند ئەگەر یەکێک لە خاڵەکانی پێکهێنەری میللەتان ویستە، ئەوە هەرکات
کورد مافی چارەی خۆنووسینی وەدەست کەوێت، بە دڵنیاییەوە ویستی سەربەخۆیی کوردستانە
نەک ژیان لەگەڵ داگیرکەردا.
بەڵام ئەوەی سەیرە هەندێک خوێندنەوەی ئیسلامیە لە کوردستان
کە ئەو دەمەی کە ڕێفڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوە دەچوو، هەموو هەوڵیان بۆ
لێدانی ڕێفڕاندۆم چڕ دەکردەوە و لە هەوڵی شکست پێهێنانیدا بوون و بە تەبلیغاتی
حیزبێکی تایبەتیان لێک دەدایەوە و بێ شەرمانە لەسەرمیمبەرەکانی مزگەوتی باشوور و
ڕۆهەڵات بە تەوسەوە خەڵکی کوردیان بە ڕفڕاندۆم چیەکان ناو دەبردن و ڕێفڕاندۆم
چیەتیان لە جیاتی بەرگێکی زێڕینی مێژووی کوردستان وەک هەڵەیەکی گەورە لێک
دەدایەوە. بەڵام هەر ئەوانە ئەمڕۆ بوونەتە بڵینگۆی مافی چارەی خۆنووسینی خەڵکی عەرەب
لە فەلەستین و موسوڵمانانی کشمیر و دەسەڵات دارانی عەرەب بەر جنێو دەدەکەن کە بۆ
پشتگیری لە مافی چارەی خۆ نووسینی فلستینیەکان ناکەن.
ئەم یەک بام و دوو هەوایە لە فکرینی تاکی دینداری کورددا
ئەنجامی ئاسیمیلاسیۆنی چەندسەد ساڵەی داگیرکەرە بەسەریەوە. کە هەقی هەموانی پێ
هەقە و هەقی گەلی خۆی پێ ناهەقە.
لەکاتێکدا خوای گەورە لە قورئاندا دانی بەو مافەدا بۆ هەموو
گەلان ناوە و دەفەرمێت: (فَمَن شَآءَ فَلۡيُؤۡمِن وَمَن شَآءَ
فَلۡيَكۡفُرۡ)٢٩.کەهف
وە هەروەها وتەی بەناوبانگی حەزرەتی عومەر (خوای لێی
ڕازی بێ) کە دەفەرمێت:(( چۆن خەڵکی دەکەن بە کۆیلە لە کاتێکدا بە ئازادی لە دایکی
خۆیان بوون؟)) ( ابن عبدالحکم، الفتوح، لاپەڕەی ۱۹٥)
جەخت
لەسەر ئەو مافە ڕەوایە بۆ هەموو مرۆڤێک بە یەکسانی دەکاتەوە.
بۆیە
پێویستە کەسی ئایینمەند زیاتر لە خەڵکی دی سوور بێت لەسەر دەستەبەرکردنی ئەو مافە
بۆ گەلی خۆی و لە ماتریکسی ئەو تواندنەوەیە دەربچێت کە هەوڵ دەدات وای پێنیشان
بدات کە هەموو گەلان مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە گەلی خۆت نەبێت.
قازی
٤/٧/٢٧٢٥ـی کوردی
یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران.
٤/٧/١٤٠٤ هەتاوی
Comments
Post a Comment