کاتێک سەرکردەی کورد هاوشێوەی پێغەمبەران _دروودی خودایان لەسەربێت_ شەهید دەکرێن.مامۆستا ئارام

کاتێک سەرکردەی کورد هاوشێوەی پێغەمبەران _دروودی خودایان لەسەربێت_ شەهید دەکرێن.

 

ئەگەر کەمترین خوێندنەوە بۆ قوڕئانی پیرۆز بکەین، لێوانلێوە لە بەسەرهاتی ئەو سەرکردە و پێغەمبەرە پاکانەی کە دڵسۆزانە و بێ‌بارنبەر هەوڵی بێ‌پسانەوە و ماندووبوونیان داوە بۆ ئەوەی هەندێک لە ستەمی دنیاگری سەردەمیان کەمکەنەوە و خەڵکی لە کۆیلایەتی و بندەستی و چەوساوەیی بهێننە دەر و ڕزگاریان بکەن.

 

وەک دەفەرمێت:((وَمَآ أَسۡـَٔلُكُمۡ عَلَيۡهِ مِنۡ أَجۡرٍۖ إِنۡ أَجۡرِيَ إِلَّا عَلَىٰ رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ)) شعراء/۱۲۷

[هوود _دروودی خودای لەسەر بێت_ پێی گوتن:] وە هیچ بەرامبەرێکتان لێ‌داواناکەم، پاداشتی من تەنها لەسەر پەروەرێنەری هەموانە.

 

بەڵام هەر ئەوانەی کە ئەو نێردراوە پیرۆز و مەزنانەی خودا دەیانکۆشا بیانگەیەننە سەربەستی، داوێنیان بە شەهید کردنی ڕزگار کەرەکانیان سوور کرد و بە دڕندەترین شێواز کوشتیانن.

 

((قَالُواْ حَرِّقُوهُ وَٱنصُرُوٓاْ ءَالِهَتَكُمۡ إِن كُنتُمۡ فَٰعِلِينَ)) انبیاء/٦٨

گوتیان ئیبڕاهیم بسووتێنن و یاریدەی خوداکانتان بن ئەگەر دەیکەن.

 

((إِنَّ ٱلَّذِينَ يَكۡفُرُونَ بِـَٔايَٰتِ ٱللَّهِ وَيَقۡتُلُونَ ٱلنَّبِيِّـۧنَ بِغَيۡرِ حَقࣲّ وَيَقۡتُلُونَ ٱلَّذِينَ يَأۡمُرُونَ بِٱلۡقِسۡطِ مِنَ ٱلنَّاسِ فَبَشِّرۡهُم بِعَذَابٍ أَلِيمٍ))آل عمران/۲۱

بەڕاستی ئەوکەسانەی کافر بوونە لەحاڵێکدا کە پێغەمبەرانیان بە ناهەق کوشتن و ئەو کەسانەی ئەمریان بە دادپەروەری دەکرد دەیانکوشتن، مژدەی سزایەکی بەژانیان پێ‌بدە.

 

ئەوەی جێی سەرنجە هاوشێوەیی شەهیدکرانی سەرکەردە شەهیدەکانی کوردستانە لەگەڵ شەهیدکرانی پێغەمبەران _دروودی خودایان لەسەر بێت_، وێڕای ئەوەی بازاڕی خەباتەکەیان جودایە، لەوەدا کە ئەوانیش هەموو هەوڵیان ئاگا کردنەوەی مللەتی ئێران و وەدیهێنانی دێموکڕاسی و ئازادی بوو بۆ ئەو گەلە، هەر وەک بۆ ئازادی و دێموکڕاسیان بۆ میللەتی خۆیان دەویست.

 

بۆ پشت ڕاست کردنەوەی ئەو داوایە دروشمی بەناوبانگی دوکتۆر قاسملوو و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بوو کە دەیگوت: دێموکڕاسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان

 

بەڵام کۆیلە و بەکرێگیراوانی ئێرانی بە وێنەی، لە بێ‌خەبەران کەشکەک سڵاوات، داوێنی سووری داگیرکەریان سوورتر کرد و مێژووی گەنیوی ستەمیان لە هەمبەر گەلی کورد بۆگەنتر کرد و لە ۲۲ـی پووشپەڕی ٦٨ـدا، لە ڤیەنی پێتەختی ئۆتریش دوکتۆر عەبدوڕڕەحمانی قاسملوو و لە ۲٦ـی خەرمانانی ۱۳۷۱ـدا، دوکتۆر سادقی شەرەفکەندی لە هوتێلی میکۆنووسی بێڕلینی پێتەختی ئاڵمان و هەردووکیان لەسەر مێزی دانووستان (واتا لە کاتێکدا کە بۆ ئازادی وڵاتی ئەو کەسانەی کە لەوبەری مێزەکەیەوە بوون، موزاکەرەیان لەگەڵ دەکردن)، بە ناجوامێرانەترین هەڵوێست شەهیدکردن.

 

ئەوە خاڵی هاوبەشی سەرکردەی کورد و سەرکردەی ئەدیانە کە هەردووک لا بە دەستی ئەو کەسانەی هەوڵیان دەدا بێ‌چاوەڕوانی ڕزگاریان کەن شەهید کران.

مامۆستا ئارام

یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران

١٨ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی

 

Comments

Popular posts from this blog

هەڵوێستەیەک لە سەر فتواکەی مەلا ساڵەی دەمامە..

کۆچی دووایی مامۆستایەکی ئایینی نیشتیمانپەروەر

پەیامێک بۆ ڕای گشتی سەبارەت بە دەست بەسەرکرانی مامۆستا لۆقمان ئەمینی لە لایەن کۆمار ئیسلامی ئێرانەوە.