پەیامی کۆمەڵێک لە مامۆستایانی ئایینی ڕۆژهەڵات، لەمەڕ سزای زیندانی کردن و خەلعی بەرگی ئایینی مامۆستا لوقمان ئەمینی.
حکوومەتی کۆماری بە ناو ئیسلامی لە درووشمی حکوومەتی
ئایینیەوە بۆ دەسەڵاتێکی تێئۆکڕات و تووتالیتێر.
هەڵوێستی هەندێک لە مامۆستا و خوێندکاران و کەسایەتیە
ئایینیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەبارەت بە سزای بەندکران و داماڵینی بەرگی
مامۆستایەتی لە مامۆستا لوقمانی ئەمینی.
السلام علیکم و رحمت الله و برکاته
مامۆستا لوقمانی ئەمینی وەک مامۆستایەکی خۆشناوی ئایینی و
کەسایەتیەکی کاریزمای کۆمەڵایەتی و خواناسێکی بە ئەزموونی سەردەمیانە، چەند کات و
زەمانە، بە هۆی هەڵوێستە بوێرانە و بە جێکانی لە کاتی ڕووداوە هەستیارەکان و هەوڵە
چڕەکانی بۆ لەیەک نزیک کردنەوەی موسوڵمانانی کوردستان، جێی خۆی لە دڵی خەڵکانی
کوردستاندا کردۆتەوە و جێی ڕێزی جەماوەری نیشتمانە.
بۆیە، بە تاوانی ناڕەوا و ناڕوونی (بێڕێزی بە پیرۆزیەکانی
ئیسلام) لە لایەن دادسەرای تایبەت بە ڕۆحانیەکانی تارانەوە، سزای سێ ساڵ و یەک
مانگ بەندکران و داماڵینی تاهەتایی بەرگی مامۆستایی بەسەردا سەپاوە.
جێی خۆیەتی بڵێین: مامۆستا لوقمان و بێڕێزی؟!
مامۆستا لوقمان کە بۆ تەنیا جارێک بێڕێزی بە ئەو نەویستانەی
خۆی نەکردووە کە هەندێک جار حوکمی کوفر و سەربڕینی ئەو پیاوە مەزنەیان داوە، چۆن و
کەی و بە کام ئاماژەیە بێڕێزی بە پیرۆزیەکانی ئیسلامی کردووە؟
ئەو پیاوەی کە پیت بە پیتی وشەکانی خوداپەرستی
لێدەبارێت و هەنێسک بە هەنێسکی هەناسەکانی خوداویستی دەشنێتەوە.
ئەو زانایەی کە دەیان و بگرە سەدان مەردی ڕەندی بۆ بەرگری
کردن لەو پیرۆزیانەی ئێوە دەڵێن بێڕێزی پێ کردوون بار هێناوە و پێشکەشی ئۆمەتی
ئیسلام و کۆمەڵگای کوردستانی کردوون، کە هەر یەکەی بوونە مانگێک و تیشکیان لە
خۆری مەزنی دڵسۆزی و خۆشەویستی مامۆستایان بۆ ئیسلام و نیشتمان وەردەگرن.
ئەوەی دیارە و ڕوونە، حەوتووی وەحدەت و هاواری یەک بوونی
سوننە و شیعە و دروشمی دەسەڵاتی ئیسلامی موحەممەدیتان درۆیەکە لە هەمبانە فشەی
کابرا پڕ و پووچتر.
بەو پێیە کە بەپێی شەریعەتی ئیسلام:
۱_ڕا دەربڕین و وتووێژ ئازادە و کەس بۆی نیە خەڵک لەو بارەیەوە
سنووردار بکات. وەک خودای گەورە لە حەزرەتی ئیبڕاهیمەوە _صلی الله علیه وسلم_
دەگێڕێتەوە پرسیاری لە بارەی هێزی خوداوە کردووە و گوتوویەتی کە خودا پێی نیشان
بدات چلۆن مردوو زیندوو دەکاتەوە.
{وَإِذْ قَالَ إِبْرَاهِيمُ رَبِّ أَرِنِي كَيْفَ تُحْيِي الْمَوْتَىٰ} (البقره/٢٦٠)
کەواتە ڕادەربڕین تەنانەت سەبارەت بە خوداش
قەدەغە نیە و ڕێگە پێدراوە.
دەی کەوایە بۆ لە حکوومەتە بە ناو ئیسلامیەکەی
ئێراندا چکۆلەترین ڕادەربڕین سەبارەت بە بۆنەیەکی (وەک ساڵیادی مردنی فاتمەی کچی
پێغەمبەر _دروودی خودای لەسەر بێت، لە شارە سەتاسەت سوننی نشینەکاندا) کە هەمووی
بێڕێزی و سووکایەتیە بە ئەهلی سوننەتی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی،
قەدەغەیە و سووکایەتیە بە پیرۆزیەکانی ئیسلام؟
۲_ لە دەسەڵاتی
ئیسلامیدا زانایانی ئایینی ئەوپەڕی ڕێز و حورمەتیان لێنراوە و بەو پەڕی شکۆوە
ڕەفتاریان لەگەڵ کراوە، وەک خودای گەورەش دەفەرمێت بەس زانایانن کە بەڕاستی لە
خودا دەترسێن:{ إِنَّمَا یخْشَی اللّه مِنْ عِبَادِهِ الْعُلَمَاءُ}(فاطر/٢٨)
ئەگەر وایە دەسەڵاتی ئیسلامی لەکوێ و
بەند کردنی زانایانی ئایینی و ئەتکی ئەوان بە سزای داماڵینی لیباسی مەلایەتیان
لەکوێ؟
۳_لە شەریعەتی
ئیسلامدا بەرگ و لیباسی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی هەڵبژاردنێکی ئازادە و هیچ
بەڵگەیەکمان لەسەر ئەوە نیە کە حکوومەت بۆی هەیە دەست تێوەردان لە بەرگ و پۆشاکی
خەڵکی ژێر فەرمانیدا بکات.
ئەوەی دیار و ڕوونە ئەوەیە کە بەپێی
ئەوەی گوترا و زۆر بەڵگەی سەلماوی دی، حکوومەتی کۆماری بە ناو ئیسلامی ئێران بە
پێچەوانەی دروشمە کلۆر و بێ ناوەرۆکەکانی، نەک هەر ئیسلامی نیە، بەڵکوو لە
کردەوەدا حکوومەتێکی تێئۆکڕات تووتالیتێری فیرعەونیە کە هیچ کە دەست تێوەردان لە
بەرگ و لیباس و ڕووی دەرەکی ژیانی خەڵکیدا دەکات تەنانەت بەوەوە ناوێستێتەوە و
دەیهەوێت فکری خەڵکیش داگیر بکات و دەستی تێوەردات و کردەوەکانی لە ژێر ئەم دوو
بڕوا فیرعەونیانەدا ڕەنگ دەدەتاوە کە دەڵێت:
١_ تەنها ئەوەی
من بڕوام پێی هەیە خەڵک بۆیان هەیە بڕوایان پێی بێت.
{قَالَ
فِرْعَوْنُ مَا أُرِيكُمْ إِلَّا مَا أَرَىٰ}(غافر/٢٩)
فیرعەون
گوتی: هیچ ڕێیەکتان نیشان نادەم جگ ئەو ڕێیەی کە خۆم پێم دروستە.
بۆیەش
دەسەڵاتی کۆماری بە ناو ئیسلامی هەرچی بە پێچەوانەی بۆ چوونی خۆی بێت، بە تاوانی
ناڕوونی موحارەبە و ئیفسادی سەر ئەرز و بێڕێزی بە پیرۆزیەکان بەر پەرچی دەداتەوە و
سزای دەدات.
۲_وەک فیرعەون پێیان وایە ئەو خەڵکە بێ ئیزن و ئیجازەی وان بۆی نیە
بڕوا و ئیمانی هەبێت.
{قَالَ آمَنْتُمْ لَهُ قَبْلَ أَنْ آذَنَ لَكُمْ}(طه/٧١)
فیرعەون گوتی: ئیمانتان
بە مووسا هێناوە بەر لەوەی ڕێتان پێ بدەم.
پاشان سزاشیان بۆ
دەردەکات و دەڵێت:{فَلَأُقَطِّعَنَّ
أَيْدِيَكُمْ وَأَرْجُلَكُمْ مِنْ خِلَافٍ وَلَأُصَلِّبَنَّكُمْ فِي جُذُوعِ
النَّخْلِ}(هەر ئەوەی پێشوو)
دەست و لاقتان بە
پێچەوانەوە دەبڕمەوە و بە قەدی دارخورماوە هەڵتان دەواسم.
بۆیە وەک مامۆستایان و
خوێندکاران و کەسایەتیە ئایینیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەر کۆنەی ئەو سزا
نادادپەروەرانەیە سەبارەت مامۆستا لوقمانی ئەمینی دەکەین و بە لێک دانەوە و
چەوتاندنی بە مەبست و تاک لایەنانەی دەقە شەرعی و یاساییەکان لە لایەن دەزگای دادی
ڕێژیمەوە دەزانین و هۆشدار بە دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە نیوە گیانە دەدەین، کە
ئەگەر لەوە زیاتر لە هەندا خەڵکانی و چالاکوانانی کوردستان بە گشتی و کەسایەتیە
ئایینیەکان بە تایبەتی، پێ لەبەڕەی خۆتان زیاد ڕاکێشن، تووشی گورزێک لە لایەن
چالاکوانانی ئایینی و مەدەنی و جەماوەری خەڵکی کوردستانەوە دەبن، کە تاوێستا بەر
چاوتان نەکەوتووە و بە فکریشتاندا نەهاتووە.
کۆمەڵێک لە مامۆستایان و خوێندکاران و کەسایەتیە ئایینیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٨/٦/٢٧٢٥ کوردی.
یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
٨ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی
Comments
Post a Comment