مزگەوت شوێنێکی پیرۆزە و ناکرێ ببێتە دەستەچیلەی سیاسەتی ئیسلامیزمی سیاسی. مەلا عەلی سێڵاو

مزگەوت شوێنێکی پیرۆزە و ناکرێ ببێتە دەستەچیلەی سیاسەتی ئیسلامیزمی سیاسی.

گۆیا کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی شێوازی درووست کردنی مزگەوتەکانی کوردستان و بگرە وڵاتانی ئیسلامان خستۆتە ژێر ڕەخنە و بە بڕوای خۆیان هەرجۆرە ژووری زیادە وەک حەمام و حوجرە و چەقەخانە و دەستشووییەکانی پەیوەند بە مزگەوتیشیان بە نادرووست ناوزەد کردووە!
ئەو جۆرە لێدوانانە تەنیا سەر لێشێواندن و فریودان و بەلاڕێدابردنی لۆژیک و عەقڵییەتی کۆمەڵگای مسوڵمانانە و هیچ قازانجێک بە خوێندنەوەی ئیسلامی ناگەیەنێت.

هەر بۆیە بە پێویستم زانی جارێکیتر وێڕای پیرۆز نرخاندنی پێگەی مزگەوت و ڕێز و بەهای ئەو شوێنە پیرۆزە، شێوازی درووست کردنی مزگەوتێکی قەبوڵکراو بە بیر باوەڕداران بێنمەوەو، وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە کە ناشارەزایان لە ئایینی ئیسلام زۆر بە خراپی لەو ماوەیەدا( ئەڵبەت بە مەبەستی دووبەرەکی نانەوە) لە ناو ڕێزی مسوڵمانان وەڵامیان داوەتەوە.


ئایا درووستە دەستشوویی و حەمام و ژووری مجێور و ماڵی مامۆستا و کتابخانە و حوجرە لە ناو مزگەوت هەبن؟
دەبێ ورد بینەوە لەو باسە بزانین مەبەست چییە ئاخۆ ئەو بابەتانەی ناوهێندران بۆ ناوەندی ژووری مزگەوت مەبەستە یان ناو حەسار و چووار دیواری جیاواز...

بۆ وەڵامدنەوە سەرنج بدەنە دێڕەکانی خووارەوە"

1. حوکمی دروستکردنی ژووری نوستن و حەمام لە مزگەوتێکدا بەپێی شەریعەتی ئیسلامی.
مزگەوت لە ئیسلامدا شوێنێکی پیرۆزە بۆ عیبادەت و زیکر و قورئان خوێندن و چالاکی ئاینی، ڕێزگرتن لە مزگەوت واجبە، هیچ کارێک کە پێچەوانەی شکۆی مزگەوت بێت، نابێت لەوێ ئەنجام بدرێت.

زانا ئیسلامییەکان ڕایانگەیاندووە؛
دروست کردنی  حەمام لە ناو ژووری شوێنی مزگەوت (کە نوێژی تێدا دەکرێت) درووست نییە، چونکە دەبێتە هۆی پیسبوون و بێڕێزیکردن بە مزگەوت،بەڵام درووستە حەمام لە حەوشەی مزگەوت، ژێرزەمین، یان ئەو شوێنانەی تایبەت نین بە نوێژ، چونکە ئامرازی پاککردنەوە و ئامادەکارییە بۆ نوێژخوێنان.
سەبارەت بە ژووری نوستن یان ژووری پشوودان، ئەگەر مزگەوتەکە تایبەت بێت بە نوێژ و عیبادەت، دروست نییە ژووری نوستنێکی هەمیشەیی لەناوەوە دروست بکرێت، تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێگەپێدراوە (وەک ئیعتیکاف یان خەوتن بۆ ڕێبوار).

2. مزگەوت لە سەردەمی پێغەمبەر (د.خ)
مزگەوتی پێغەمبەر لە مەدینە زۆر سادە بوو:
دیوارەکان لە قوڕی خام دروستکرابوون، سەقفەکەی لە لقەکانی خورما دروستکرابوو، ستوونەکانیش لە  دار دروستکرابوون.
مزگەوت تەنیا شوێنی نوێژ نەبووە؛ هەروەها شوێنی حوکمدان و پەروەردە و ڕاوێژکاری و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت شوێنی پشوودان بوو بۆ گەشتیاران.
لە مزگەوتی پێغەمبەردا بەشێک هەبوو بە ناوی "سوفە" (لە خەڵکی سوفاوە)؛ ئەمە پەناگەیەک بوو بۆ کۆچبەرە هەژارەکان کە شوێنی خەوتنیان لە مزگەوتەکەدا نەبوو.

بەڵام لە خودی ناوەندەکەی مزگەوتەکەدا ئاودەست و حەمامێک دروست نەکرابوو. موسڵمانان بۆ دەستنوێژ و شوشتن دەچوونە بیر یان ماڵە نزیکەکان، دواتر لە فراوانکردنی دواتری مزگەوتی پێغەمبەردا، ژووری دەستنوێژ لە بەشی دەرەوە دروستکرا.
خەوتنی کاتی لە مزگەوت (وەک ئیعتیکاف یان ڕێبوارێکی بێ شوێن) دروستە، بەڵام دروستکردنی ژووری نوستنێکی هەمیشەیی لە مزگەوت بەپێی نەریتی پێغەمبەر دروست نییە، تەنیا ئەو کاتە درووستە کە ناونراوە چەقەخانە یان هاوشێوەی حوجرە کە جیاواز بێت لە چووار دیواری شوێنی نوێژخوێنان.

دروستکردنی ئاودەست لەناو ژووری شوێنی  مزگەوتەکە بۆ نوێژخوێندن دروست نییە، بەڵام لە بەشی دەرەوەی مزگەوتەکە یان ئەو بەشەی بە دیوار لە ژووری مزگەوتەکە جیاکراوەتەوە  بۆ خزمەتکردنی نوێژخوێنان دروستە.
نەریتی پێغەمبەر دەریدەخات کە مزگەوت دەبێت ناوەندی عیبادەت و کاروباری ئایینی بێت نەک شوێنی ژیان و خەوتنی هەمیشەیی. مەلا عەلی سێڵاو

یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
٢ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی

Comments

Popular posts from this blog

هەڵوێستەیەک لە سەر فتواکەی مەلا ساڵەی دەمامە..

کۆچی دووایی مامۆستایەکی ئایینی نیشتیمانپەروەر

پەیامێک بۆ ڕای گشتی سەبارەت بە دەست بەسەرکرانی مامۆستا لۆقمان ئەمینی لە لایەن کۆمار ئیسلامی ئێرانەوە.