داگیرکردنی کلتوور و مێژووی کورد لە لایەن فاشیستانەوە.. مامۆستا قازی

داگیرکردنی کلتوور و مێژووی کورد لە لایەن فاشیتانەوە..

نووسینی: مامۆستا قازی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 داگیرکردنی کلتوور و مێژووی کوردستان لە لایەن فاشیستانەوە و ئەرکی کەسایەتیە ئایینیەکانی کوردستان لەوبارەیەوە.

 

دانەر:

ئەوەی لە تیشکی ڕۆژی نیوەڕۆی چلەی هاوین ڕوونترە ئەوەیە کە، لەو ڕۆژەوەی کە بەشەر ژیانی سرووشتی بەجێ هێشتووە و دەستی کردووە بە ژیانی دێ نشینی و نەریت و دوایەش شارستانییەتی دامەزراندووە،[1] وێڕای هەموو هەوڵە ئایینیەکان بۆ کەوی کردنی هێمی دڕندانەی مرۆڤ ئێستاش وێڕای ئەوەی کراژی ژیانی سەرەتایی فڕێ داوە و پێستی مرۆڤی ئاوەزمەندی زۆر بە زریقە و بریقەیە کەچی هێشتا ئەو تەبیعەتەی نەگۆڕیوە کە "مرۆڤ گورگی مرۆڤە"[2]و وێڕای ئەو هەوڵە ئایینی و فەلسەفیانەی شارستانیەت بۆ کەوی کردنی خدەی گورگانەی مرۆڤ داویەتی، وەک ئەوەی کە پێغەمبەر _دروودی خودای لەسەر بێت_ دەفەرمێت:( لا یومن احدکم حتی یحب لأخیە ما یحب لنفسه)[3] هیچکامتان بڕوا ناهێنێت هەتا ئەوەی بۆ براکەی پێ خۆش بێت کە بۆ خۆی پێی خۆشە.

 یان دەفەرمێت:(خیر الناس انفعهم للناس)[4] باشترینی خەڵکی ئەو کەسەیە کە بە قازانجترە بۆ خەڵکی.

وەک هەر ئەو چەمک و واتایە لە ئایینەکانی هێندووئیزم[5] و سیک[6]  و جوو[7] و مەسیحییەتیشدا[8] هاتووە و هەوڵی ئیفلاتوون[9] بۆ دادپەروەری لە کۆماردا و ئەرەستۆ[10] بۆ سەعادەت لە ئەخلاقی نیکووماخووسدا و هەوڵی کانت[11] بۆ ئەخلاقی مەحز لە ڕێی ئیرادەی چاکەوە لە بنەمای پاش سروشتی ئەخلاقدا کە دەیگوت:(مرۆڤەکان وەک مرۆڤ ببینە نەک بەس وەک کەرەستەیەک) و هەموو هەوڵەکانی چاخی ڕۆشنگەری[12] بۆ گەیشتن بە خەونی سوڵح و ئاشتەوایی و تەنانەت هەوڵەکانی پێک هێنانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە و یاسا مرۆڤ دۆستانەکان، مرۆڤ لە قووڵترین بەشەکانی ناخیدا خووی خوێنمژی و خنکاندن و خافوورکردنی دڕندانەی خۆی بەرانبەر خۆی هەر ماوە و زۆر ماکیاوڵیانە[13] هەر جۆر بۆی دەستدابێت و ڕەخسابێت هەوڵی سەرکوتکردن و لەناوبردن و تواندنەوەی لە خۆ بچووکتر و لاوازەکان دەدات و تەبلیغی بۆ دەکات.

 بە شێوازەکانی کوشتن و سێدارە و ئاڕکیتایپی جنسی و قەومی بە هەموو جۆرێک سەردەست ژێر دەستی قۆڕ و قڕ کردووە.

ئەوەی ژانی سەروو ژانانە ئەوەیە کە کورد لە گورگێتی دوژمنانی داگیرکەری سەردەستی بێبەش نەبووە و بەڵکوو زۆریش تێیدا دەوڵەمەندە.

بە لەونێک کە بەردەوام داگیرکەری فاشیستی فارس و تورک و عەرەب بۆ خنکاندنی کورد ددانە گڕەیان لەو برا ئاشتی خوازەی خۆیان کردووە و بۆ هەڵدڕینی لیکیان لە لێغاو چۆڕاوە.

لە نموونەی ئەو دڕندایەتیە، قەدەغەکردنی جل و زمانی کوردی لە لایەن ئاتاتورک[14] و پەهلەوی[15] و بە شارۆمەند نەزانیمان و ناسنامە پێ نەدانمان لە لایەن بەعسی سووری و ئەنفال کردنمان لە لایەن بەعسی عێراقیە.[16]

بەڵام دڕندەییەکی کە لەگەڵ کلتوور و فەرهەنگی ئەو نیشتمانەدا کراوە زۆر بێ‌ڕەحمانەتر و هەڵبەت زۆر کاریگەرتر بووە. وەک ئەوەی کە عەرەب بەردەوام هەوڵی داوە کەسایەتیە ئایینیەکانی وەک گاوانی کوردی[17] و سەلاحەددینی کوردی[18] بەناوخۆیەوە بکات و خوا هەڵناگرێت هاوسێ تورکەکانیشمان دوانەکەوتوون و تێکۆشاون کەڵە پیاوێکی وەک بەدیعوززەمان شێخ سەعیدی کوردی[19] ناسنامەی تورکی بۆ دەربهێنن و تەنانەت قاوەی کوردیان بە ناو تورکەوە لە دنیادا ناودێر کردووە و بەوان و بە هاوڕێ فارسەکانیان بەزەییان بە نەورۆزیشدا نەهاتۆتەوە و ویستوویانە ئەو بۆنە نەتەوەییەی کوردان بکەن بەناو خۆیانەوە.

جا دەبێت دەستەبژێری ئایینی کورد ئەم مشتی نموونەی خەڵوارانە و هەزاران نموونەی دیکەیان بەردەوام لەبەر چاودا بێت و لێی ئاگا بن و بەرەنگاری ئەو هەوڵانە ببنەوە کە فاشیست و دەمارگرژەکان بۆ لەناوبردن یان داگیرکردنی کولتووری گەلەکەمان دەیدەن.

واباشە لەو بەرەنگاریەدا ئایەتوڵڵاهـ مەڕدووخی کوردستانی[20] بکەینە پێشەنگی خۆمان کە لە سەردەمێکدا کە ڕەزاخانی پاڵەوی[21] لە ساڵی ۱۳۱۲ـدا ویستی بۆ بە ئێرانی کردنی قوڕئانی نگڵ کە ناونانی گوندی نگڵ لەوڕا هاتووە و شوێنەوارێکی بە نرخی پێوەندی ئیسلام و گەلی کوردە، ئەو قوڕئان بباتە تاران و لە مۆزەدا بیهێڵێتەوە.

کە ئایەتوڵڵاهـ مەردووخ وەک ڕۆڵە موسوڵمانێکی ئەم کوردستانە زۆر ژیرانە و بە وشیاریەکی چاونەترسانە و لێزانانەوە وەپێش شێخ و مەلا و پیاو ماقووڵ و کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەکە دەکەوێت و بە نامەناردن و چوونە دەربار و ووتاری مامۆستایان لەسەر میمبەر بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو داگیرکاریە هەوڵی خۆیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەستەندنەوەی ئەو داراییە پڕ بەهرە مێژوویی و فەرهەنگیەی گەلەکەمان لە دەست فاشیستانی داگیرکەر. رەزاخان ئەو کەسە چەتوونە یەک قسەیە ناچارکرا بۆ ئایەتوڵڵاهـ مەردووخ و جەماوەری شوێنکەوتووی بچەمێت و سەرباز و کاربەدەستانی ڕاسپێرێت کە بەو پەڕی ڕێزەوە دەست لە ئەژنۆیان درێژتر قوڕئانەکە بهێننەوە جێی خۆی و کۆتایی بەو داگیرکاریە ناڕەوایە بهێنن.

خەڵکی دەڤەرەکەش هەر بۆ ئەتکان لە خۆشی ئەو سەرکەوتنە پڕ بەهایە لە ڕۆژی گەیشتنەوەی قوڕئانی نگڵ بۆ زێدی خۆی، چەندین ئاژەڵیان کوشتەوە و نەیانهێشت داگیرکەران بڕۆنەوە هەتا بە شانە کزی لە نانی میوانداری جێژنی سەرکەوتنی خەڵکی کوردستان بەسەر داگیرکەرانیاندا بخۆن.

بەداخەوە ناتوانین ڕاستەوخۆ ناوی نووسەری ئەم دێڕانەی سەرەوە دابەزێنین... بەڵام لە سەر خواستی خۆیان لە ژێر ناوی مامۆستا قازی دامانبەزاند.


یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران

٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی

Comments

Popular posts from this blog

هەڵوێستەیەک لە سەر فتواکەی مەلا ساڵەی دەمامە..

کۆچی دووایی مامۆستایەکی ئایینی نیشتیمانپەروەر

پەیامێک بۆ ڕای گشتی سەبارەت بە دەست بەسەرکرانی مامۆستا لۆقمان ئەمینی لە لایەن کۆمار ئیسلامی ئێرانەوە.