پەیامی پیرۆزبایی جێژنی قوربانی لە لایەن یزاکا
اللە اکبر الله اکبر اللە اکبر، لا الە الا اللە واللە اکبر اللە اکبر و للە الحمد...
مسوڵمانانی جهان و، بە تایبەت مسوڵمانانی چووار پارچەی کوردستان، زیارەتکارانی ماڵی خودا، مامۆستایانی ئایینی دڵسۆز و شۆڕشگێران، و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، لە لایەن یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێرانەوە، بە بۆنەی جێژنی قوربان جێژنی مسوڵمانان گەرمترین پیرۆزباییتان پێشکەش دەکەین و لە پەروەردگارمان ئەپاڕێینەوە زیارەتی زیارەتکاران و قوربانیکەرانی ئەوجێژنە قەبوڵ بێت و خودای گەورە بیکات بە بەرەکەت بۆ ڕزگاری گەلەکەمان لە ژێر ستەمی دوژمنانی دێررینمان.
هاو نیشتیمانیانی خۆشەویست، لە کاتێکدا ئەمساڵیش جێژنی پیرۆزی قوربان یاد دەکەینەوە کە هەروا دوژمنان بە شێوازی جۆراوجۆر خەریکی دژایەتی و دوژمنایەتی گەلەکەمانن، بەداخەوە ئەمساڵ جگە لە زەختی سیاسی بۆ سەر نیشتمانمان، زەختی ئابووریش بە نیسبەت ساڵانی پێشوو بەرۆکی بنەماڵەکانی کوردستانیان بە گشتی و ڕۆژهەڵات و باشوور بە تایبەتی چەندقات زیاتر تەنیوە، ئەم سیاسەتی برسیکردنەی دوژمنان لە سەروبەندی جێژنی قوربانی پیرۆزەوە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دوژمن بێ جیاوازی لە باوەڕی ئایینی و ئایدەڵۆژی تایبەت، لە مەڕ کوردستان، بە چاوی کینەو دوژمنکاری دەڕوانێتە دانیشتوانی ئەم خاکە پیرۆزە.
بەڵام با بە یەک بوون و یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی کورد بە دژی دوژمناندا بچینەوە، هەروەکو پێشوو سەر شۆڕ و شکستخواردوویان بکەین.
بەڕێزان لەیادمان بێت، چینی هەژار و نەداری کۆمەڵگاکەمان لە وەها زەخت و گووشاری دوژمنان پشکی شێریان بەرکەوتووە و دەبێ و ئەرکی ئایینی و کوردانەی ئێمەیە پێکەوە ببین بە پشت و پەنا و بێ بەشیان نەکەین لە خێر و سەداقاتی ئەو مانگە پیرۆزەدا..
جارێکیتر جێژنتان پیرۆز بێت و ژیانتان پڕ لە خۆشی و سەرکەوتن بێت.
یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
١٤/٣/١٤٠٤ی هەتاوی
Comments
Post a Comment