هەڵوێستەیەک لە سەر فتواکەی مەلا ساڵەی دەمامە..

هەڵوێستەیەک لە سەر فتواکەی مەلاساڵەی دەمامە...

هاونیشتیمانیان و باوەڕدارانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام..

لاوان و دڵسۆزان و کچ و کوڕانی وڵاتی شەهیدان و کوردستانی داگیرکراو..
دوژمنی خاک و خوێنمان ساڵهایە لە گشت پیلان و ئاژاوە و لێدان و دەربەدەری و جیهاد و سێدارە هتد کەڵکی وەرگرتووە بۆ لەناوبردنی کورد و یەکێتی ناوماڵی کورد و بەدناوکردنی دانیشتوانی کوردستان، کوشتن و بڕین و جیهاد و ناردنی ئیدز و مادەهۆشبەرەکان و جاشگەری نەیتوانی ئیرادە و یەکێتی گەلەکەمان سست و لەناوبەرێت، بۆیە ئەمجارە بەکەڵک وەرگرتن لە ئایین و ڕێگەپێدان بە بەناو ئیسلامی سیاسی و سەلەفییەتی مەدخەلی خەریکە هەر جۆرە چالاکی و بگرە پەیداکردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانە دەگرنە بەرهێرش و بۆ ئەوەی ڕێگایەک و قوژبنێک بدۆزێتەوە بۆ دەرباز بوون لە کوشتنی لاوانی بێ کاری وڵاتمان ئەو کۆمەڵە خەواریجەی بەرداوەتە گیانی خەڵکەکەمان و ڕۆژانە بە هێرش لە ڕوانگەی ئایینیەوە، خەڵکی پێ کافر و تاوانبار و کوشتنیان حەڵاڵ دەکات...


بێ گوومان ئایین فرۆش و گیرفان بۆگەنی بە ناو مەلای ئایینی لە کوردستان زۆرن کە ئایینیان کردۆتە دوکانی کۆکردنەوەی پارەی سەرشۆڕی و جاشایەتیان هەڵبژاردووە و زمانیان بۆتە پێنووسی دەستی داگیرکەر و بە حەزی دوژمن ئایین و نیشتیمان دەفرۆشن، یەکێک لەو گومڕاو زمانشڕانەی بەکرێگیراوی دوژمن کەسێکە بە ناوی مەلا ساڵەی دەمامە کە لە مزگەوتی گەرەکی دەمامەی بانە خەریکی خووتبەخوێندنە بۆ کۆمەڵێک لە هەوادارانی سەلەفی خۆی، لە تازەترین هەڵوێست و ئاخاوتنیدا هێرشی کردۆتە سەر کاسبکاران و کۆڵبەرانی بێ کار کە لە نەبوونی کار و ئیشدا ناچارن لە سەر سنوورەکان بژێوی خۆیان و ماڵ و خێزانیان دابین بکەن بە تیڕۆریست و بێ دین ناوزەدیان دەکات و لە واقعدا دەیهەوێت هەم کارئاسانی بۆ کوشتنیان بکات بە فیشەگی دوژمن، هەمیش ئەوانە بە کافر پێناسە بکات کە کوژرانیان ڕەوایە، دیارە مەلا ساڵە پێشتریش لە هێرشەکانیدا بۆ سەر شۆڕشگێڕانی کورد بە هۆی سیکۆلاربوونیان بە پیس و عەوامیلی کافر ناوی بردوون و ڕەوایەتی بە جینایەت و داگیرکاری دوژمن داوە، ئەو کەسە بە شاهیدی مامۆستایانی دەڤەری بانە کەسێکی نەخوێندەوار و درۆزن و زمان شڕە نەک هەر لە سەر خەڵکەکەمان بەڵکو بە نیسبەت پێغەمبەران و دەستووراتی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش زمانی بە خراپ گەڕاوە و دەگەڕێت لە بابەتێکدا هێرشی کردۆتە سەر پێغەمبەرمان ئادەم و بە چلێس و نەوسن ناوزەدی کردووە و چەندجارێک شارەزایانی ئایینی بانگهێشتی لێژنەی فتوای بانەیان کردووە و ئیستتابەشیان پێ کردووە کەچی هەروا بەردەوامە.
بێ گوومان فتوای ئەمجارەی ناوبراو جیاوازترە لە هەموو ئەو لێدوانانەی پێشووی کە پڕاوپڕ بوون لە بێ ڕێزی بە پیرۆزیەکانی نەتەوەیی و هەڵوێستەکانی لاوانمان، چوونکێ ئەمجارە خوێنی کاسبکاران و کۆڵبەران بە ڕەوا دەزانێت و بە تیڕۆریست پێناسەیان دەکات، کە خودی بکوژ و دوژمنی گەلەکەمان نەیتوانیوە لەم پیلانە کەڵک وەرگرێ ئەو بێ باکانە بە سەر کۆڵبەراندا شکاندوویەتەوە..

هاووڵاتییانی بەڕێز و مسوڵمانە نوێژخوێنەکان:
هەر ئایین و ئایینزایەک لەسەر کاغەز بێ خەوشن و بۆ خزمەت بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی داڕێژراون بەڵام بە مەبەستی دابینکردنی بەرژەوەندی کۆمەڵێک خەڵک و لایەن کەسانێکی هەلپەرەست بەجۆرێک گۆڕانکاریان بەسەر داهاتووە کە هاسان ناناسرێنەوە،
زۆر بەداخەوە ئایینی ئیسلامیش لەلایەن ئەو جۆرە کەسانە کراوەتە کێڵگەیەک کە هەموو شتی تێدا بەرهەم دێنن.
کۆمەڵێک بە ناو مامۆستای ئایینی ڕوو بە دوژمنان و پشت بەگەل خۆیان لەو ئایینە ئاسمانییە هەڵماڵیوە و بەسەر خۆیان و گەل و نیشتیماندا ڕووخاندوویانەتەوە.
بەردەوام  سەرقاڵی بە ناو ئامۆژگارینە و خۆ لە جەماوەر بە ژیرتر دەزانن و گەمە بە هەموو دەسکەوتەکانی نیشتیمان دەکەن و ئاو لە ئاشی داگیرکەران دەکەن و دژی گەل دەوەستنەوە.
هاو نیشتیمانیانی هێژا پێویستە ئێوە هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانەتان ببێ و لە هیچ ئاوایی و گەڕێک ڕێگە نەدەن ئەو هەلپەرەست و خۆفرۆشانە پێشنوێژ و ووتار خوێن بن و ڕێگە مەدەن بێڕێزی بە پیرۆزییەکان و شعووری نەتەوەییتان بکەن، نابێ ڕێگە بدەین دوژمن کە لە هەموو پیلانەکانی بە دژی پیرۆزیەکانی ئایین و نەتەوە و وڵاتمان شکستی هێناوە بتوانێ بە هۆی ئەو جۆرە خۆفرۆش و زمانشڕانە سەرکەوتوو بێت و یەکێتی و دڵسۆزمان بۆ خاک و ئایین و نەتەوەمان لێ زەوت بکات، پێویستە ڕێگری بکرێت لەوها باوەڕێک کە لە باوەڕی دێرین و جووانی ئیسلامی جووانی کوردەواری بەدوورە و دەیانهەوێت بەو باوەڕە تازە وشکەی بە ناوی ئیسلامەوە  شیرازەی جووانی و پێکەوەژیان هاونیشتیمانیانمان لە کوردستاندا لێ زەوت بکەن و سیاسەتی بۆگەنی داگیرکاری خۆیان ڕەوایەت پێ بدەن.
بۆ جارێکیتروە یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران، وێڕای ئیدانەکردنی ئەو جۆرە فتوا پووچ و بێ بنەمایانە بە ناوی دستووراتی ئایینی ئیسلامەوە لە لایەن مەلا ساڵەی نەخوێندەواری بەکرێگراو یان هەر کەسێکیترەوە ئیدانە دەکات و داوا لە زانایانی ئایینی کورد دەکات ڕێگا بەو جۆرە بەناو مامۆستایانە نەدەن خووتبەو و وتار لە مزگەوت و کۆڕ و کۆبوونەوەکان بدەن و داواش لە خەڵکی نوێژخوێن دەکەین بایکۆتی مزگەوتەکەی بکەن و لێ ی وەجوواب بێن و نەهێڵن کوردستان ببێتە لانەی ئەوها خۆفرۆش و ئایین فرۆشێک.

یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران.

٧/٣/١٤٠٤ی هەتاوی

Comments

Popular posts from this blog

کۆچی دووایی مامۆستایەکی ئایینی نیشتیمانپەروەر

پەیامێک بۆ ڕای گشتی سەبارەت بە دەست بەسەرکرانی مامۆستا لۆقمان ئەمینی لە لایەن کۆمار ئیسلامی ئێرانەوە.