پیرۆزبایی بە بۆنەی ٧٩مین ساڵوەگەڕی کۆماری کوردستان
بەناوی خوای گەورە و دلۆڤان
هاونیشتمانانی بەڕێز و کورد و کوردستانییانی خۆشەویست، بەڕێزان ڕێبەرایەتی و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران. بەبۆنەی ساڵـڤەگەڕی ٢ی ڕێبەندان ٧٩مین ساڵوەگەڕی کۆماری کوردستان"، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەیی سەرجەم گەلی کورد و بەتایبەت میراتگران و رێڕەوانی رێگەی راستەقینەی کۆمار، واتە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دەکەین و لە خوای مەزن ئەپاڕێینەوە کە لە پێناو گەیشتن بە هەموو مافێکی مرۆیی و سروشتیمان هەتا وەدیهاتنی سەرجەم ئاواتەکانی کۆماری کوردستان سڵ نەکەینەوە و بۆ مسۆگەریی دادپەروەری و یەکسانی لێبڕاوانە هەوڵ بدەین و تێبکۆشین.
ئەگەر تێڕوانینیکی راستەقینە و بە دوور لە درمارگرژی سەبارەت بەو کۆمارە ساوایە هەبێت و شرۆڤەی زانستییانەی ئەم بابەتە بکەین، ئەم راستییە روون دەبێتەوە کە کۆماری کوردستان نەک هەر لە جێی خۆیدا بەرحەقە، بەڵکوو دەگاتە رادەی واجب بوونیش! بەتایبەت لەسەر دەستی کەسایەتییەکی ناودار لە یەک کاتدا تەواو عەیار ئایینی و بە تەواو ماناش نەتەوەیی و میللیی وەکوو پێشەوا قازی محەممەد دامەزراوە چونکە ئایینی راستەقینەمان فێرمان دەکات کە داکۆکی لە مافی چەوساوان و هەژاران، ئەرکی سەرەکیی هەر تاکێکمانە و خۆ دەدزینەوە و بە تەنگەوە نەهاتن بەڵگەی هەرە لاوازی ئاینییە هەروەک لەم بەستێنەشدا خودا دەفەرمی، کەسی بڕوامەند کەسێکە کە بێ لەبەر چاو گرتنی بەرژەوەندیی خۆیی و تەنانەت نانەوەی سەریش لە بەرابەر ناعەداڵەتیی و دەسەڵاتی نادادپەروەریدا هەڵوێست دەگرێت و دەبێتە نمادی راستەقینەی فەرمایشیتە جووانەکەی پێغەمبەریکە دەفەرموێ، گەورەترین جیهاد ئەوەیە کەلە بەرابەر سوڵتانی زاڵمدا مەتەرێز بگرن.
هەر ئەم بەڵگە ئایینییانەش وایان کردووە ئێمە وەکوو یزاکا رێبەرمان پێشەوا قازی محەممەد وەکوو سەرقافڵەی شەهیدانی دۆزی رەوای گەلەکەمان ئەژمار بکەین و رێزی لێ بگرین.
ئێمە لە کاتێکدا رێز لەم رۆژە دەگرین کە دوای تێپەڕینی نیزیک هەشت دەیە لەو کاتە، نەک هەر رۆژ بە رۆژ چەوسانەوە و نەحەسانەوەمان لە پەرەسەندندا بووە و حاکمانی وڵات سەرەڕۆ و دیکتاتۆرتر بوونە و ئەوەی جێگای داخە ئەمڕۆ لەژێر سایەی حکوومەتێک دەچەوسێینەوە کەبە ناوی ئیسلام و ئایینیی خودا و دەرفەت وەرگرتن لە یاسای ئاسمانی، هەر جۆرێک حەز بکەن بەبێ سڵ کردنەوە هەوڵی قەڵاچۆکردن و نکۆڵیمان دەدەن و رۆژانە شاهیدی تاوان و جینایەت جۆراوجۆرین، و دەیانساڵە هەردەنگێکی دژە بە ستەم و چەۆسانەوە چ دەنگ و ناڕزایەتی توێژی ئایینی بێت یان دەنگی ناڕزایەتی ئافرەت بێت لە نووتفەدا خەفە دەکرێت کە نموونەی هەرەنیزیکی شۆڕشی ژینا و کوشتن و دەستبەسەرکردنی دەیان و بگرە سەدانی کەسی لێ کەوتەوە و بەدەیان مامۆستای ئایینی هاوشێوەی هەموو توێژەکانیتری ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی توشی لێدان و بێ ڕێزی و سەزای زیندانی بوو.
ئەمساڵ کۆماری ترسەنۆک و ێرانکەری بە ناو ئیسلامی ئێران لە هەموو بەرەکانی کە بۆ ئاژاوە و فیتنە پێکی هێنابوو لە گەڵ شکست بەرەوڕوو بووە و لە نزمترین ئاستی بێ هێزی خۆیدایە هەم لە ڕووی سەربازی و هەم لە ڕووی سیاسی و پەیوەندییە دیپڵۆماتیکەکانی تووشی ئینزواو و شکستی ئابووری و سیاسی بووە هەم لە ناوحۆ و هەم لە دەرەوە، بۆیە جارێکیتر وێڕای پیرۆزبایی لە سەر جەم گەلی کورد داواکارین ئەم هەلە بە قازانجی گەل و ئامانجەکانی کۆمار بقوازنەوە و بە یەکگرتوویی و یەکگووتاری زیار و شێلگیرانەتر بەڕووی ڕژیمی جەهل و تیڕۆری کۆماری ئیسلامی ئێرانە بچنەوە و ئێمەش وەک یزاکا پشتیوانی خۆمان بەو پەڕی هێزەوە وەکو توێژی ئایینی دووپات دەکەینەوە.
بەرز و پیرۆز بێت ٢ی رێبەندان
سەرکەوێ بزووتنەوەی رەوای گەلەکەمان
یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
٢ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی
Comments
Post a Comment