پرسە و سەرەخۆشی بە بۆنەی کۆچی دووایی مامۆستا موحەممەد شەڵماشی
کل نفس ذائقة الموت ثم الینا ترجعون
بەداخەوە ٥/١٢/٢٠٢٤ هەواڵی کۆچی دووایی بیرمەند و نووسەر و تێکۆشەر و وەفادارەکەی ڕێبازی قازی پێشەوا، جەنابی مامۆستا مەلا موحەممەد شەڵماشیمان پێ گەییشت.
کەسایەتی دیاری دوو بەشی کوردستانی دابڕاو باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ولە داییک بووی شاری قارەمان پەروەری سەردەشت، مامۆستا موحەممەد شەڵماشی برای شەهیدی ڕێبازی دێموکرات شەهید مەلا ئەحمەد ناسراو بە ئاوارە، بە هۆی نەخۆشی کۆچی دووایی کرد.
خودا لێخۆشبوو مامۆستایەکی ڕێبازی تەریقەتی نەقشبەندی و قسەزان و نووسەری زیاتر لە ٣٠ بەرهەم بوو کە لەو کتێبانە دەکرێ ئاماژە بە مەجلیسی ئەولیا و تیشکی مینبەر و ئامۆژگاری ... بکەین.
ناوی تەواوی موحـەممەد کـوڕی حـمە ئەمینی کـــوڕی موستەفایـــە، لــە ساڵی (۱۹۳۷) لـە گووندی (شـەڵماش)
سـەر بەشاری (سەردەشت) لــە دایک بووە و سەر بـە
هۆزی هــەمەوەنــــدە ..
لــە تەمەنی حەوت ساڵیـەوە لە خزمەت باوکیـدا (قورئانی پیرۆز) و (ئەحمەدی) (گوڵستان)و (بوستان)یی خــــوێندووە پــاشان ئیتر دەستی کردووە بـە گەڕان بە ناوچەکانی ئێران و عێراقدا.
ماوەیەک لە گووندی (جەڵدیان) کەدەکـەوێتە نێوان شنۆ و پیرانشار لە خزمەت مامۆستا (مەلا عبدالقادری عەبباسی) کۆمەڵێک کتێبی زانستی ئایینی لەوانە کتێبی جامی خوێندووە.
پاشان چۆتە (سەردەشت) خزمەت مامۆستا (قازی علی) درێژەی بە خوێندنی ئایینی داوە وئیجازەی مەلایەتی لە ساڵی (۱۹٥۷) هەر لە خزمەت بەڕێزیان وەرگرتووە.
پاش شەهید بوونی مەلا ئاوارە و دەستبەسەر بوونی مەلا مەحموودی برای ناچار ڕۆژهەڵات بەرەو باشووری کوردستان جێ دێڵێت و دوواجار پەڕیوەی هەندەران دەبێت و تا کۆتایی تەمەنی لە وڵاتی فینلند و جاروباریش دەگەڕایەوە سولەیمانی ژیانی بەڕێ کرد.
خودا لێخۆش بوو مرۆڤێکی سادق و دڵسۆزی گەل و ڕێبازی پیرۆزی ئیسلامی ڕاستین بوو و تا کۆتایی تەمەنیشی جل و بەرگی مەلایەتی لە خۆی دوور نەکردەوە و وەک کوردێکی باوەڕدار و زانا و وەفادار بە نیشتیمان مایەوە و تاکو لە ڕێکەوتی ٥/١٢/٢٠٢٤ ی زایینی کۆچی دووایی کرد.
یەکیەتی زانایانی ئایینی هاوخەمی خۆی بە بۆنەی کۆچی دووایی ئەو پایەبەرزە لە گەڵ بنەماڵەی بەڕێزیان دەردەبڕێت و سەرەخۆشی دەکات لە هەموو ئەندامانی خودا لێخۆشبوو و لەخودای گەورە ئەپاڕێینەوە بە بەهەشتی بەرین شادی بکات و سەبووری ببەخشێت بە بنەماڵەی بەڕێزیان. ئامین
انا للە وانا الیە راجعون
یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
Comments
Post a Comment