ڕاگەیاندراوی کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی و ڕێبوارانی تەریقەتی نەقشبەندی و قادری لە شاری سەقز و بانە لە ساڵیادی شۆڕشی ژینا
ڕاگەیاندروای کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی و تەریقەتەکانی نەقشبەندی و قادری لە شاری سەقز و بانە لە ساڵیادی شۆڕشی ژینا
بە ناوی خوای دادوەرو بێ هاوتا،
درودو سەلام بۆ گیانی پێغەمبەر و یارو یاوەرو شوێنکەوتوانی:
جەماوەری خەڵکی کوردستان، باوەڕداران،
ڕوون و ئاشکرایە کە پەیامی خوای گەورە بۆ مرۆڤایەتی بەندایەتی خوا و ئاوەدان کردنەوەی زەویی و جێگیر کردنی داد و بنەبڕکردنی ستەم و چەوسانەوەو چینایەتیە ، لەم سۆنگەوە پێغەمبەرانی خوا درودی خوایان لە سەر بێت کەوتونە بەر ئازارو دژایەتی ستەمکاران و ملهوڕانی سەردەمی خۆیا.
جێگای خۆیەتی باوەڕداران ڕاستین و پێشەواو زانایانی ئایینی و هەڵگرانی ئەم پەیامە بەرزە بۆ دەرخستنی ڕووی جوانی و مرۆڤ دۆستی و ژیان دۆستی ئایینەجوان و بێگەردەکەو بانگەشەو برەو پێدانی، پێ بەپێی ئەو خۆشەویستانە کە پێغەمبەرانن هەنگاو هەڵبگرن و گوێڕایەڵی فەرمانی خوا بکەن و ئایینە پڕ لەداد و ئازادیەکەی، لە شێوان و چەواشەکاری و کەڵکاژۆیی داگیرکەران و ستەمکاران بە دوور بگرن و ڕوی ڕاستی و دروستی ئەوئایینە لە پەنا بونی خەڵکی دادویست و ماف ویست و ئازادی ویست نیشان بدەن
هەر بۆێکە وەکو شانازیک زانایانی ئایینی و شێخانی تەریقەت بە دڕێژایی مێژوو ئەو ڕێچکەیان گرتوەتەبەر و ئایین و ئایین داران و خۆشیان ڕێزدار و پێشەنگ هێشتوەتەوە ، ئێمەی زانایانی ئایینی و شێخانی تەریقەت هەروەکو لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی وەزاڵە هاتوو لە هەموو قۆناغەکاندا لە پەنای گەل بوین و لە دواهەمین و بەربڵاوترین ناڕەزایەتی واتە شۆڕشی ژینابە دەرکردنی ڕاگەیاندن و یارمەتی و هاوخەمی برینداران و بنەماڵەی شەهیدان و سەرکۆنە کردنی زەبرو گوشارو کوشت و بڕەکانی ڕژیم و جۆرەها شێوە، هاوڕایی و پشتیوانی خۆمان نیشان دا و تەنانەت تێچوی گیران و سەزای قورس و بێ ڕێزی ڕوبەڕوی چەندین زانای ئایینی و شێخی تەریقەت بویەوە، جارێکی دیکەو لە دوهەمین ساڵۆگەڕی ئەو ئاخێزە سەرتاسەریە و تا گەیشتن بە تەواوی ئامانج و مەبەستەکانی وەکو نەهێشتنی هەڵاواردنی ئایینی ئایینزای و نەتەوەیی و ئیتنیکی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و کەلتوری و چەوسانەوەو زەوت کردنی ئازادییەکان و یەکسانخوازی ژن و نەهێشتنی هەژاری و بێکاری لە پەنای گەلی خۆمان درێژە پێ دەری ئەو ڕێگاو ڕێبازەین و هاوڕا لە گەڵ تێگڕای جیل و توێژو لایەن و ڕێکخراوەکان جەخت لە سەر مانگرتنی گشتی ئەکەین، داواو بانگهێشتی بەرپرسانە بە ڕۆحی باوەڕدارانە، لە تەواوی گەلی خۆمان ئەکەین بەدەم ئەم داوا مەدەنی و مافە ڕەوایەی گەلەکەمانەوە بڕۆین ، با لەبیرمان بێت هەتا ئێستا دەیان و سەدان هاوزمان و هاوڵاتی ئێمەبە دوای شۆڕشی ژینا لەسیاچاڵەکانی ڕژیمدان و باری قوڕسی بڕیاری نادادپەروەرانە ئەکێشن و سەدان بریندار و دایک و باوک و کەس و کاری شەهیدان خوێنی جگەر ئەخۆن.
وەک ئەرکێکی ئایینی و ئەخڵاقی پێویستە لە مەڕ ئەم نادادپەروەرییە و ئەم زۆردارییە نیشتان بدەین ئێمە بۆ ئازادی و ڕزگاری لە دەست ستەم و چەوسانەوە خوینمان بەخشیوە و ڕێگە نادەین ستەم و ستەمکاری باڵی بە سەر کۆمەڵگادا بکێشت و شان بە شانی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران وێڕای داواکردنی مافە ئینسانییە زەوتکراوەکانمان پاڵپشتی خۆمان بۆ ڕێبەران و پارتە ڕەسەنەکانی کوردستان دووپاتە ئەکەینەوە و بەشدارین لە مانگرتنی ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینادا و داواکاریشین جەماوەری خۆشەویستی نیشتیمانمان ئەم ڕاگەیاندراوەی ئێمە هەم لە ڕووی ئایینی و هەمیشی نیشتیمانی بە هیند وەرگرن ومانگرتنی گشتی بەڕێوەبەرن..
نەمان بۆ دوژمنانی گەل و نیشتیمانی کورد و سەرکەوتن بۆ ئازادیخووازانی کوردستان.
یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
Comments
Post a Comment