پەیامی سەرەخۆشی یزاکا بە بۆنەی کۆچی دووایی مامۆستایەکی ئایینی نیشتیمانپەروەری ناوچەی سندووی نەغەدە

کۆچی دووایی مامۆستایەکی ئایینی نیشتیمانپەروەر و خۆشناوی ناوچەی سندووسی نەغەدە.

بەداخەوە مامۆستا مەلا موحەممەد موحەممەد زادە کوڕی دەروێش مارفی خەلیفەلیان کە ماوەیەک پێش بە هۆی ڕووداوی وەرگەڕانی ماشین بریندار بوو ئەمڕۆ، ڕێکەوتی ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٣ هەتاوی کۆچی دووایی کرد و لە گۆڕستانی مەمەلیان بە خاکی نیشتیمان ئەسپێردرا.

مامۆستا موحەممەد، کەسایەتییەکی دڵسۆزی گەل و ئایین و ڕێبازی نەتەوەیی و وەفادارێکی پێشەوای نەمر بوو، دڵسۆزی خودا لێخۆشبوو بۆ شۆڕشگێرانی کورد لە کەس شاراوە نەبوو، مرۆڤێکی نیشتیمانپەروەر و خۆشناوی ناوچەی سندووس بە گشتی و شارەکانی مهاباد و نەغەدە و شنۆ و پیرانشار بوو، مامۆستای مزگەوتی مەمەلیانی سندوو و وتارخوێنی ئەو گووندە بوو.

یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی خوداڵێخۆشبوو دەکات و شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو زانا نیشتیمانپەروەرەی نەتەوەکەمانین، لە پەروەدگار ئەپاڕێینەوە بە بەهەشتی بەرین شادی بکات و سەبووری ببەخشێتە ئەندامانی بنەماڵەی خودالێخۆشبوو.

انا للە وانا الیە راجعون


کورتەیەک لە بیوگرافی و ژیاننامەی خودالێخۆشبوو

مامۆستا مەلا محەممەد کوڕی خوالێخۆشبوو دروێش مارفە و ساڵی ۱۳۱٨ی هەتاوی لە ئاوایی خەلیفەلیانی سەر بە شاری نەغەدە لەدایکبووە. ساڵی ۱۳۳۰ی هەتاوی لە لایان باوکێوە دەخرێتە بەرخوێندن و دەچێتە حوجرەی فەقێیان کە بۆ درێژەدان بە خوێندن و فێربوونی زانستی ئایینی سەری لە زۆربەی گوند و شار و شارۆچکەکانی کوردستان وەدەرناوە تا لە ساڵی ۱۳۴۴ی هەتاوی لە فێرگەی ئایینی مزگەوتی سووری مەهاباد بە واژۆی مامۆستا مەلا حوسێنی مەجدی، مامۆستا شێخ عیززەدین حوسێنی، مامۆستا مەلا کەریم شاریکەندی و مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا مودەڕڕیسی مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرێ. دوایی هەر لەو ساڵەدا بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی مەلایەتی لەسەر داوای خەڵکی مەمەلیان دەچێتە ئەو ئاواییە. مامۆستا فەرمووی: ئێمە چوار فەقێ بووین کە پێکەوە مۆڵەتی مەلایەتیمان وەرگرت، من، مەلا سەیید سەلام عەزیزی، مەلا ئیبڕاهیم مەجیدپوور و مەلا سەید ساڵح حوسێنی.

دوای خزمەتێکی زۆر مامۆستا مەلا محەممەد ساڵی ۱۳۹۶ی هەتاوی بە هۆی پیرییەوە خانەنشین بووە.

تایبەتمەندییەکانی ئەو بەڕێزە:

  الف: مامۆستا کەسایەتێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی بووە و زۆر بە خەڵکەوە ماند بووە. دڵێکی زۆر ئاوەڵای هەبوو و یەکجارمیوانگر بووە؛ هەمیشە پێی خۆش بوو میوانی هەبێ و بەسەری کەنەوە. هەر بۆیەش بەردەوام دەوروبەری ئاوەدان بوو و ئەوەی لە دەستی هاتبێ بۆ خزمەتی میوانان درێغی نەکردووە.

ب: مامۆستا زۆر هۆگری کتێب بوو و نووسەران و شاعیران و ئەوانەی ئەهلی کتێبن کەم کەس هەیە وەک بەڕێزیان ئەوندەی کتێب لە ماڵێ هەبێ. ئەو ڕۆژە فەرمووی بۆ وەدەست‌هێنانی زنجیرە کتێبەکانی پڕۆفیسۆر مستەفا زەڵمی چوومەتە ئاوایی قەڵای ڕەسوڵ سیتی بۆکان. ئەگەرچی، بەداخەوە، وەک بۆخۆی فەرمووی زۆر کەس کتێبی بە ئەمانەت لێوەرگرتووە و نەیداوەتەوە کە ئەمە کارێکی نەشیاوە. وەکی دیارە جەنابی لەگەڵ ئەم هۆگرییەی بە کتێب ئەهلی خوێندنەوەشە و زۆربەی بیرەوەرییەکانی چالاکەوانانی کوردی خوێندۆتەوە.

ج: عەنبارێکی هەیە تایبەتە بە کەرەسە و کەل وپەلی کۆنی ئاژەڵداری و جوتیاری و هەروەها شتی ناوماڵی کوردەواری کە لە هەریەکە و چەند جۆری هەیە.

حاجی مامۆستا لای خەڵک:

  بەڕێزیان لە ناو مامۆستایانی ئایینی و کۆمەڵانی خەڵکدا زۆر خۆشەویست بوو. ئەگەرچی چەند ساڵ لەمەوبەر بارگەی تێکەوەپێچا و چووە شاری پیرانشار، بەڵام خەڵکی بەئەمەگی مەمەلیان بەدوایدا چوون و حاجی مامۆستایان هێنایەوە گوند و خانویان بۆ سازکردەوە. تەنانەت شەقامی سەرەکی گوندی مەمەلیانیش بە ناوی حاجی مامۆستا کراوە.

شایانی باسە کە مامۆستا بە ئاوەدانی گوندەکەیەوە زۆر ماندوو بووە. فەرمووی ئێرە لە سندوسدا یەکەم گوند بوو کە کاتی خۆی بە هەوڵی بێ وچانی من بەرقی بۆ هاتووە. ساڵی ۱۳۹۲ی هەتاوی بە هیممەتی خۆی و خەڵکی مەمەلیان مزگەوتێکی زۆر گەورەی سازکردووە کە ۲۲مێتر دە ۱٨مێتر دایە و بە ناوی شاعیری مەزن "مەولەوی کورد" کراوە. هەڵبەتە کاتی خۆی دەبیرستانی ئاواییش هەر بەو هیممەت و تێکۆشانەی حاجی مامۆستا و خەڵک هاتۆتە نێو دێ. مامۆستا مەلا محەممەد یەکێ لە زیندانییەکانی ساڵانی ۴۶و۴۷ی هەتاوییە کە لەسەر چالاکی سیاسی گیرابوو.

دەبێ ئەوەش بڵێین کە مامۆستا کاتی خۆی پێوەندییەکی زۆری بە سێ کوچکەی زانایانی ئایینی سندوسەوە وەک: 1- مامۆستا مەلا عەوڵای موحەممەدی (ئیمام جومعەی پێشووی سەقز و مەلای گوندی ماسوێی ئەو کاتی بە حوجرە و فەقێوە) 2- مامۆستا مەلا کەریم شاریکەندی (مامۆستای ئایینی گوندی خەلیفەلیان لەو کاتیدا) 3- مامۆستا مەلا ساڵحی ڕەحیمی (ئیمام جومعەی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە نەغەدە) هەبووە. یەکێ لە هۆکارەکانی سەرکەوتوویی حاجی مامۆستا بوونی مامۆستاژنی خێزانی بووه کە لێرەوە داوای تەمەن درێژیان بۆ دەکەین. 

بەداخەوە له مانگی بانەمەڕی 1403 له ڕێگه‌ی مەهاباد ورمێ حاجی مامۆستا مەلا محەممەد تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبێ و دوای ماوەیەک نەخۆشی و چەند نەشتەرگەری له ڕۆژی یەکشەممه 21ی گەڵاویژی 1403 له نەخۆشخانه‌ی شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی به ئامادەبوونی جەماوەرێكی بەرچاو له گۆڕستانی نێوان مەمەلیان و چەقەڵ مستەفا ته‌سلیم به خاک کرا.

یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران


٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی


Comments

Popular posts from this blog

تیڕۆری کەسایەتی ئایینی وخۆشناوی سەقز جەنابی شێخ ئازادشەهابی

١٣ ساڵ سەزای زیندانی بۆ سەر پێنج مامۆستای کورد

سەزای سێدارە بۆ مامۆستایەکی ئایینی کورد