بانگهێشتی دوو مامۆستای ئایینی سەردەشت بۆ دادگای بەناو ڕووحانیەت لە پارێزگای ورمێ
ئاگادار کراینەوە کە بۆ جاری چەندەهەم دو مامۆستای خۆش ناو و نیشتمان پەروەری سەردەشت، بە ناوەکانی بەڕێزان، مامۆستا دکتۆر سەلام مەحمودیان پێشنوێژو وانەبێژو وتارخوێنی گوندی بێورێی خوارو و، مامۆستا حەسەن خزری پێشنوێژو وتار خوێنی بێورێی سەرو بانگهێشتی دادگای ویژەی ڕۆحانیۆن لە ورمێ کراون لە مەڕ لێپێچینەوە لە هەڵوێستی بوێرانەی ئەو دوو مامۆستایە سەبارەت بە چەندین بابەت یەک لەوان شۆڕشی ژینا.
ئەو دو مامۆستایە دوابەدوای ناڕەزایەتی خەڵکی وەزاڵەهاتوی کوردستان و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لە بەرەی خەڵک و گەل و جەماوەری ناڕازیدا بوون و لە پەنای خەڵکی بریندار و بنەماڵەی شەهیدان وەستان و لەو کاتەوە چەندها جار لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتیەکانی سەردەشت بانگیان کراون و هەڕەشەو گوشاریان خستونەتە سەر و لە ئاکامدا کەیسی قەزاییان لە دادگای ڕووحانیەت بۆ ئامادەکراووە، بە پێ زانیاریەکان کە بەدەستمان گەییشتوون سبەی ڕۆژی چوارشەنبە ڕێکەوتی 13پوشپەڕ لە دادگای بەناو ڕووحانیەتی ورمێ ئامادە بن
جێگای ئاماژەیە ئەو دو مامۆستا خەمخورە لە کوشتنی ناڕەوای کۆڵبەرانیشدا خاوەنی هەڵوێستی جووامێرانە و نیشتمان پەروەرانە بوون، هەربۆیە ترسی ڕژیمی دژە مرۆیی ئێران لە هەڵوێستی مامۆستایان بۆ هەموو لایەک ڕوون و ئاشکرایە کە چۆن بە سەزای جۆراوجۆر خەریکە تۆڵە لە توێژی ئایینی بە گشتی و کەسایەتیە ناودارەکانی ئایینی کورد بە تایبەتی دەکاتەوە.
یزاکا وێرای ئیدانە کردن و لەقاودانی ئەو دۆژمنکاریەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی مامۆستایانی کورد، داوا لە گشت خەڵکی کوردستان و هەموو مسوڵمانان و ڕێکخراوەکانی مەدەنی و سیاسی دەکەین پاڵپشتی ئەو مامۆستایانە بن و ڕێگری بکەن لە تیڕۆریسمی بەناو ئیسلامی ئێران لە هەرجۆرە سەزادانی ئەو دڵسۆزانەی نیشتیمان.
سەرکەوێت شۆڕشی مافخوازی گەلی کورد و بڕوخێت کۆماری پەت و سێدارەی ئێران
یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
Comments
Post a Comment