لە داییک بوونی خۆرهەڵاتێکی نوێ... مەلا عەلی سێڵاو


 لە داییک بوونی خۆرهەڵاتێکی نوێ...


  • ماوەیەکە شەڕی نێوان ئیسڕائیل و بزووتنەوەی چەکداری حەماس ڕۆژەڤی هەواڵە سەرەکییەکانی گشت ڕۆژنامەکانی جیهانی و ناوچەکەیە، زۆر بە ڕوونی دیارە هەرکام لە لایەنگرانی ئەم دوو لایەنە شەرکەرە دیفاع لە مەوجوودییەت و بەرحەق بوونی خۆی دەکات و لایەنی بەرانبەری بە تیڕۆریست یان داگیرکەر ناوزەد دەکات

بەڵام ئاخۆ ئەم شەڕە لە ناکاوە کە چاوەڕووان نەدەکرا لەم ساتەوەختەدا لە نێوان ئیسڕائیل و غەززە ڕووبدات چۆن ڕووی داو و بۆ ڕوویدا؟

هێرشێکی لە ناکاوی تاقمی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل کە ناودێر کراوە بە( تووفانی ئەقسا) بە شێوازی کەڵک وەرگرتن لە پاڕاگرایدێڕ و هاوکات هاویشتنی نیزیک بە پێنج هەزار موشەگ بۆ سەر ئیسڕائیلیەکان بێ ئەوەی بازەنی ئاسنینی  ئەم وڵاتە بتووانێت بەرەنگاری بکات و، هێز و ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسڕائیلی توشی شۆک کرد،  بوو بە هۆکاری شەڕێکی گەورە کە بە وێران کردن و سووتان و ئاوارەیی و کوژرانی هەزاران خەڵکی بێ تاوانی غەززە گرێدراوە

ئەم شەڕە لە لایەن ڕووسەکانەوە بەرنامەی بۆ داڕێژراوە بۆ ئەوەی کەمێک لە زەخت و گوشاری ئامریکا و ڕۆژئاواییەکان لە سەر ڕووسەکان کەم بێتەوە و ئامریکا ناچار بێت یان لە دوو جەمسەرەوە توشی شەڕێکی گەورە بێت یانیش باج و ئیمتیاز بدات بە ڕووسییە، بۆیە لە یەک سناریۆی فێڵاویدا ڕووسیە ڕژیمی ئێران ناچار بە هەڵگیرساندنی شەڕێک دەکات کە جیهان بە خۆیەوە سەرگەرم بکات، ئێرانیش بە هۆی بەرەی موقاومەی واتە تاقمی حەماس تووانی ئەم سناریۆیەی ڕووس ئەکتیڤ بکات.
لەم شەڕەدا ئەوەی قازانج دەکات ڕووسەکان و ڕژیمی ئێرانن چوونکە ڕووسەکان زیاتر لە جاران لە ئۆکڕاین دەتوانن بەرژەوەندییەکانی خۆیان مسۆگەر بکەن و ڕژیمی ئێرانیش ئەگەر بۆ ماوەیکی کەمیش بێت دەنگی شەقامی ناڕازی وڵات کپ و بێ دەنگ دەکات

شەڕی حەماس لە گەڵ ئیسڕائیل شەڕی ئیسلام و کوفر نییە شەڕ بە مەبەستی ڕزگاری ئایین و موقەدساتی ئایینی ئیسلامیش نییە لە دەست دەسەڵاتی یەهوود! بەڵکو ئەم شەڕە تەواو سیاسییە کە لایەنێک کەڵکی پێویستی لێوەردەگرێت" وتمان ڕووسەکان هۆکاری سەرەکی درووست بوونی ئەم شەڕەن پاشان ڕژیمی ئێران قازانجە سیاسیەکانی خۆی دەستەبەر دەکات، بەڵام ئەوی زەرەرمەندی شەڕەکەیە خەڵکی بێ تاوانی فلەستینن کە کەوتوونەتە بەڕ ڕەهێڵەی ئاگری چەکەکانی ئیسڕائیل و ڕژیمی ئێران و ڕووسیش خۆی لێ بێ بەری کردووە و ئەم خەڵکە بێ تاوانە تاق و تەنیا ماوەتنەوە و خاک و گیان و ماڵیان بە هۆی گوێ لەمست بوونی حەماس بۆ ئێران وێران بوو، لەلایکیترەوە ئەم شەڕە لە ڕاستیدا قازانجێکی مەزنیشی بۆ ئیسڕائیلەکان هەیە، ئیسڕائیل هەم تووانی ڕووانگەی کۆمەڵگای نێو نەتەوەی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و بەرەیەکی گەورە بە دژی حەماس و هێرشکەران درووست بکات هەم زیاتر ڕووبەری خاکەکەی زیاد بکات و هەمیش حەماس وەک هێزی چەکداری فلەستین لەناوبەرێت یان بێ هێزی بکات

زۆر لایەن و شڕۆڤەکاری سیاسی جیهانی لەوباوەڕەدان ئێران بەرەیەکی بەرینی ئەمشەڕەیە واتە شەڕی ئیسڕائیل و ئێرانە، و ڕەنگە بە درێژە کێشانی شەڕەکە و سپای ئیسڕائیل لە ڕی زەمینی هێرش بکاتە سەر غەززە ئەو بۆچوونە هەیە کە حیزبوڵڵای لوبنان ناچار دەبێت لەوشەڕە تێوەگلێت و، ئەوەش بەواتای تێوەگڵانی ڕاستەوخۆی ڕژیمی ئێران دێت چوونکە شەڕی نێوان حەماس و ئیسڕائیل جیاوازە بۆ ئێران لە گەڵ شەڕی حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسڕائیل بە هۆی پەیوەندی چڕی ئایینی و ئایدەلۆژی  شیعەگەری نێوان ئێران و حیزبوڵا
لە لایەکیترە کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی و شڕۆڤەکاری سیاسی کە ساڵانێکە بەدوواداچوون بۆ کێشەی نێوان ئێران و ئیسڕائیل دەکە دەڵێن، ئەگەرچی بە درێژایی تەمەنی ٤٤ ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو ڕژیمە هەڵگری شوعاری لەناو بردنی ئیسڕائیل بووە و هەمیشە سەرۆککۆمارە جۆراوجۆرەکان باسیان لە دڕۆبوونی هلۆکاست کردووە و، ڕاشکاوانە وتویانە ئیسڕائیل لە گەڵ ئەرز یەکسان دەکەین! بەڵام بۆ جارێکیش نەمان بینی کە ئەم دوو لایەنە دژبەرە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە تەنیا بە هۆی بەکرێگیراوانیان جاروبار هیندێک هێرشی بچووکیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی یەکتر کردووە، ئەوەش بەو واتایە دێت هیچکامیان تاکو ئێستا خووازیاری شەڕی ڕاستەوخۆ نینە یانیش ئەمجۆرە لێدوانە دوژمناکاریانە بە قازانجی هەر دووک لایەنە، واتە بوونی هەڕەشەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل وپێچەوانەکەشی دەکرێت خۆی لە خۆیدا درووستکراو بێت و لە پشت پەردەوە تەواوکەری قازانجەکانی یەکتر بن، وەک درێژەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران و قودرەتی زیاتری ئیسڕائیل و ژێر چۆک نانی وڵاتانی عەڕەبی لە لایەن ئیسڕائیڵەوە

من لەو باوەڕەدام شەڕی حەماس و یان باشتر بڵێم فلەستینییەکان و جووەکانی ئیسڕائیل تاکو هەنووکە قازانجێکی ناوچەیی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران هەبووە و تووانیویەتی بە جۆرێک دوبەرەکی نێوان عەرەبەکانی لێ بکەوێتەوە، هەم کێشەی نێوان شیعە و سووننی زەق بکاتەوە و هەم لە نێوان خودی سووننەکان

دووبەرەکی ڕێک بخات و لەم ناوەشدا قوودرەتی سیاسی و بگڕە نیزامی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناڤین پەرە پێ بدات و چەند هەنگاوێک بۆ درووست کڕدنی هیلالی شیعی بڕواتە پێش، کێشەی نێوان پارتی ئەلفەتحی مەحموود عەبباس و بزووتنەوەی چەکداری حەماس نموونەیەکی بچووکی ئەم ڕاستییەیە، لە لایەکیتریشەوە سەرکەوتن یان شکستی هەریەک لە لایەنە شەڕکەرەکانی عەڕەب و جوو هیچ زەرەرێکی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران نییە بگرە شکستی عەڕەبەکان و کاولکاری زیاتر فلەستین بە قازانجی ئەم ڕژیمەیە چوونکە ئایدەلۆژی شیعەگەری ڕژیمی ئێران بووناتگڕایە بەو واتایە بەرەو پێشبردنی ئایدەلۆژی شیعی ویلایەتی فەقیه بەو مەرجە سەرکەوتوو دەبێت کە لەمپەری سووننەگەری بە گشت باڵەکانی وەک سەلەفی و خەلەفی و ئیخوانی و ... هەرەس بێنێت بۆیە کوژرانی هەموو خەڵکی فلەستین هیچ گرنگ نییە و ڕژیمی ئێران زەرەرمەند نابێت

هەروەک دەبینین لەم ماوەیەدا کە ئیسڕائیل بە هەموو شێوەیەک هێرشی هەوایی و زەمینی بۆ سەر غەززە دەست پێکردووە ڕژیمی ئێران ڕاستەوخۆ مڕتەقی لێوەنایەت و چاوپۆشی دەکات و لە ئاخاوتنەکاندا  بێ لایەنی نیشانداوە، بەڵام بێ گوومان پاڵپشتی تاقمە چەکدارەکانی حوسسی و حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی دەکات تاکو بەم شێوەیە بەشداری ئەم شەڕە بێت بەڵام نەک بۆ پاراستن یان سەرکەوتنی لایەنی سووننەی فلەستینی، بەڵکو بۆ ئەوەی هێژموونی خۆی وەک لایەنی شیعی قوودرەتمەند و بکەر لە ناوچەکەدا نیشان بدات هاوکات هەروەک لە سەرەوە باسمان کرد ئێران لە بەرەی ڕووسیەدایە و هاوپەیمانێکی بەهێزە بۆ رووس و چین و خەریکی گەمەیەکی سیاسین لە گەڵ ئامریکا و هاوپەیمانان
ڕژیمی ئێران بە بەکارهێنانی حەماس و هێرشێکی لە ناکاو بۆ سەر ئیسڕائیل داشی شەترەنجی خۆی چەند خاڵێک پێشخستووە و مەترسی گەورەی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لە خۆرهەڵات درووست کردووە  هەرئەوەش بۆتە هۆکار کە ئامریکا ناچار بکات چەندین کەشتی گەورەی فڕۆکەهەڵگر و سەربازی جەنگی بێنێتە خۆرهەڵات و جمووجۆڵی ئێستای هێزەکانی ئامریکا و هاوپەیمانانی باس لە درێژەکێشانی ئەو شەڕەن کە ڕەنگە جووغڕافیای شەرەکە زۆر گەورەتر و درێژخایەنتر بێت! پاشەکشەی هێزەکانی ئامریکا لە عێڕاق و کۆکردنەوەی سەربازەکانی و هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تاقمەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا نیگەرانی قوڵتربوونی شەڕەکەمان پێ دەڵێت

لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە دەپرسن چۆنە ئامریکا ڕاستەوخۆی شەڕی ڕژیمی ئێران ناکات و بەردەوامیش پەیامی خۆپاراستنی ئێران دەنێرێت و هاوکات ئێرانیش ڕاستەوخۆ بەشداری ئەم شەڕە نییە؟، دەبێ بڵێم لە ئێستادا ئامریکا پێویستی بە زیادکردنی هاوپەیمانە و هەروەها بە هۆی شەڕی ئۆکڕاین و ڕووسییە زەختێکی زۆری لە سەرە دەیهەوێت لە یەک کاتدا بەشداری دوو شەڕ نەکات چوونکە ئەوە لە بەرژەوەندی ڕووسییەدایەو، دەشزانێت ئێران خاوەنی چەند هێزی دەرەکییە لە ناوچەکەدا و دەتووانێت جووڵەیان پێ بکات و کێشەی گەورەتر بۆ سیاسەتەکانی ئامریکا ڕێک بخات، هەروەها ئێرانیش دەزانێت لەم حاڵەتەی ئێستادا ئەگەر ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕەکە بێت بە هۆی کێشەی ناوخۆ و ناڕازیانی ناوخۆی وڵات لە ناوچوونی ئەگەرێکی زۆرە بۆیە بە هۆی پەل و پۆکانی لە وڵاتانی لوبنان و عێڕاق و یەمەن و سووریە خەرێکی ئەوەیە جەبهەیەکی برینی ناوچەیی بە دژی ئامریکا و ئیسڕائیل بکاتەوە

بەرین بوونی جووگڕافیای شەڕی تووفانی ئەقسا بێ گوومان گۆڕانکاری جووڕافیای ناوچەکەشی تێدایە و ڕەنگە کۆتایی شەڕی ئەمجارە چەندین سنووری جیاوازی دیکە پێوە بێت، واتە خۆڕهەڵاتی ناڤین خۆرهەڵاتی پێش ٧ی ئۆکتۆبر نابێت

خۆرهەڵاتی ناڤین پاش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، وەک ئافرەتێکی دووگیان ژانی گرتووە و خەریکە کۆرپەی تازەی لە داییک دەبێت، بێ گوومان خۆڕهەڵاتێکی نوێ لە داییک دەبێت و دڵنیا بن گەڕانەوە بۆ خۆرهەڵاتی پێش ئەم هێرشە ئاستەمە


شەڕی ئەم جارە هەرچییەک بێت حەماس دەستی پێکرد و تووشی هەڵەیەکی کووشەندە بوو کە لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە دەستووری لەسەردرابوو، هەروەها خەونێکی تاڵ بوو حەماس بینی، چوونکە ئەم تووفانەی ئەقسا پێچەوانە بوویەوە، نە سۆزی عەڕەبی بە دەست هێنا نە سۆزی ئیسلامی بینیمان گشتیان چاویان نووقاند و ئاسایی بە سەر ئەم شەڕەدا تێپەڕین، هەر بۆیە تووفان نەک ئیسڕائیلی وێڕان نەکرد، بەڵکو غەززەشی لە گەڵ خۆی ڕاماڵی بوو بە هۆی وێرانی و هەزاران کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، بە میلیۆنان دۆلار زەرەرمەند بوون و دەیان ساڵی دەوێت ئەم وێرانەخانەیە نۆژەن بکرێتەوە، لە بەرانبەریشدا ئیسڕائیل زیار بەهێز بوو و هێژمۆنی خۆی زیاتر لە جاران بە سەر وڵاتانی عەڕەبی و ئیسلامیدا شکاندەوە... لە ڕاستیدا تووفانی ئەقسا نەک ئیسڕائیل بەڵکو خودی غەززەی ڕاماڵی
مەلا عەلی سێڵاو

Comments

Popular posts from this blog

تیڕۆری کەسایەتی ئایینی وخۆشناوی سەقز جەنابی شێخ ئازادشەهابی

١٣ ساڵ سەزای زیندانی بۆ سەر پێنج مامۆستای کورد

سەزای سێدارە بۆ مامۆستایەکی ئایینی کورد