بابەتێکی گرنگ لە سەر پێشەوا لە نووسینی سوهەیب عەلی

🖊ئەوەی مەلای کورد لە پێشەوا قازییەوە فێر نەبوو


پێشەوا قازی موحەممەد، خۆی بە ناوەکەیدا دیارە کەسایەتییەکی دینی بووە و هیچ پێویست بەوە ناکا من ژیاننامەی بکەم بە پێشەکی بۆ باسەکەم. بۆیە بێ هیچ پێشەکییەک ئەچمە نێو ناوەڕۆکی ئەم وتارە کورتەی وا بە سەردێڕەکەیدا دیارە ئەمەوێ باسی چی بکەم. ئەوەی مەلای کورد و کەسایەتیی ئایینی ئێمە لە پێشەوا قازی موحەممەدەوە فێر نەبوون، لەگەڵ ئەوەدا کە ساڵەهای ساڵە، هەندێکیان لە مینبەرەکانەوە، شانازی بە قازی محەممەدەوە ئەکەن، چی بوو؟. چی لێ فێر نەبوون؟ ئەوان چی لە قازییەوە فێربوون نازانم و پێم وانییە شتێکی ئەوتۆی لێوە فێر بووبن، بەڵام ئەوەی لێوەی فێر نەبوون، ئەم سێ خاڵەی خوارەوەیە کە من بە کورتی ئاماژەیەکی پێ ئەکەم.
ئەڵبەت ئەوەشم لەبیر نەچێ، پێشەوا قازی تەنها مەلانەبوو کە شتی لێوە فێر نەبێ، سەرکردە کوردەکان و بگرە زۆربەی ئێمەی خەڵکی کورد، ئەبوا شتی لێ فێر ببین و نەبووین. بەس لێرەدا من ڕووی دەمم لە مامۆستایانی ئایینیە.

✅یەکەم: یەکەم خاڵێکی گرینگ ئەوەیە مامۆستایانی ئێمە، پێداچوونەوەیان بۆ ئەو ئایەت و حەدیس و فەتوایانە نەکرد کە لەبەردەستی قازی محەممەدا بوون بۆ ئەوەی کردەوە و رەفتارەکانی خۆی پێ ئەشەرعاند. بێ گومان قازی محەممەد وەک کەسایەتییەکی ئایینی ئایەت و حەدیس و فەتوای بەکار هێناوە بۆ بنەما فیکرییەکانی و بۆ کردەوەکانی خۆی، ئەو فەتوایانە چی بوونە و چۆن بوونە ئەو کەڵکی لێ وەرگرتوون و ئەویان دروست کردووە؟. ناکرێ کەسایەتییەکی دینی وەک قازی مەحەممەد هیچ ئایەت و حەدیس و فەتوای لەبەردەستا نەبووبێ بۆ درووستکردنی حکوومەتی کوردی. بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی. بۆ زەروورەتی پێکهێنان و بە دەوڵەتکردنی کورد. کەوایە ئەو ئایەت و حەدیس و فەتوایانەی ئەو لە کوێن و چییان بەسەر هاتووە و مەلا و مامۆستای کورد بۆ لێکۆڵینەوەی لەسەر ناکەن و نایکەن بە وتار و گوتار و بنەما و فەتوای جەدید؟.

✅دووهەم: دووهەم خاڵ ئەوەیە مامۆستایانی ئێمە لە قازی محەممەدەوە فێر نەبوون خۆشویستنی نیشتمان گرێ بدەنەوە بە ئەمرێکی دینی و پیرۆزەوە. وتاری سەلەفییانەی زاڵی ئەم سەردەمەش زۆرتر ئەوەی لەبیر بردووینەوە و هێشتا ئێمەی سەرقاڵ کردووە بە وڵامی ئەو پرسیارە سەقەتەوە کە ئایا ئێمە کوردێکی موسڵمانین، یان موسڵمانێکی کوردین؟. سەلەفیزم و وتاری زاڵی سەلەفییانە وای کردووە هەمیشە نیشتمان و نەتەوە، کەوتوونەتە بەرانبەر لەگەڵ ئیسلامەتی و موسڵمانەتیدا، لەکاتێکدا ئەمە گەمەیەکی سەقەتی وتاری سەلەفییانەیە بۆ بڕەودان بە فیکر و ئایدیای داعشییانەی خۆیان لە پێناو خەونێکی نەگوجاوی خوێنڕێژانەدا، بۆ گەشتن بە دەسەڵاتێ بەناو حکوومەتی ئیسلامی.
بەڕای من قازی محەممەد نەتەوە و ئایینی تێکەڵاو نەکردووە، بەڵکە ئایینی گرێ داوەتەوە بە نەتەوەوە. واتە ئەگەر ئەتەوێ ئایینت ببێ، موسڵمان بی، مەسیحی بی، یەهوودی بی یان هەرچی، لە پێشدا پێویستە شوناسێکی نەتەوەیی بۆخۆت مسۆگەر بکەی، دواتر ئەتوانی موسڵمان یان مەسیحی یان زەرتوشتی یان هەر ئایینێکی دیکە ببی. کاتێ تۆی بێ شوناسی نەتەوەیی، سەرت پان ئەکەنەوە و ئەتکوژن، زوڵمت لێ ئەکەن و «فەتوای کافربوونت ئەدەن»، ئیدی با هەر موسڵمان بی؟. موسڵمانەتی لەسەردەمی قازیدا و بەم سەردەمەی ئێستەشەوە، کەی و لەکوێی دونیادا پێوەندی بە شوناسی نەتەوەییەوە نییە. تورک و عەرەب و فارس کام ئاکاری ئیسلامی و موسڵمانانەیان دژ بە نەتەوەکەیانە؟.
بە کورتی ئیسلام کوانێ ماوە لە چوارچێوەی مەرز و نەتەوەدا نەبێ؟ ئێران، تورکیە، عێراق، عەرەبستان، یەمەن، سووریە، قەتەر و... هەموو ئەمانە سنوور و وڵاتی تایبەت بە خۆیان هەیە و زۆر باشیش خەریکی ئیسلامەتی خۆیانن. قازی محەمەدیش ئەیویست ئەمە بکات.

✅سێهەم: سێهەم خاڵ ئەوەیە کە ڕێگەی قازی محەممەد پەرەی پێ نەدرا و مامۆستایانی ئێمە نەیانتوانی ئیسلام بخەنە خزمەتی خەڵک و نەتەوەکەیان. ئەو ئیسلامەی کە ساڵەهای ساڵە خزمەت بە نەتەوەی تورک و فارس و عەرەب ئەکات، کوردی ئێمە هێشتا فەتوایەکی لێ دەرنەهێناوە بە ڕاشکاوانە بە کوژراوانی ڕێی نەتەوەی خۆی بڵێ: شەهید. بە پێچەوانەوە سەلەفیزم خەریکە ئەمانکات بە داعش و خەریکە کەڵکەڵەی درووستکردنی حکوومەتی ئیسلامی ئەخاتەوە سەرمان و ئەیەوێ ئەردۆغان، یان ئایەتووڵڵا فڵانێ، یان مەلاکرێکارێ بکات بە سەرکردەی ئایینیمان.

ئەم سێ خاڵە کە هەرسێکیان باس و خواسی زۆرتر هەڵەگرن، بەڕای من ئەو سێ خاڵەگرنگەی ئەوتۆن کە مەلای ئایینی لە قازی محەممەدەوە فێر نەبوون. کۆمەڵگای ئایینیی ئێمە پێویستە کەسایەتی دینی پێشەوا قازی لەبیر نەکات و بنەمافکرییەکانی بدۆزێتەوە و بزانێ چۆن و بۆچی قازی محەممەد درووست بوو. ئەمە دیارە تەنها ئەرکی مەلا نییە و وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، سەرکردەکانی کوردیش هەزاران شت لە قازییەوە فێر نەبوون، بەس من تەنها باسم لە بوارە ئاینییەکەی قازییەوە بوو. هیوادارم شتی زۆری لێوە فێر ببین.

١٥/١/١٤٠٢ی هەتاوی

🖊سوهەیب عەلی



       

Comments

Popular posts from this blog

تیڕۆری کەسایەتی ئایینی وخۆشناوی سەقز جەنابی شێخ ئازادشەهابی

١٣ ساڵ سەزای زیندانی بۆ سەر پێنج مامۆستای کورد

سەزای سێدارە بۆ مامۆستایەکی ئایینی کورد