ژیان نامەی مامۆستا کاکە شێخ فارووقی
یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران، سەرەحۆشی دەکات لە ماڵباتی خودا لێخۆشبوو و خزم و ناسیاوانی و مامۆستایانی ئایینی و ڕێبوارانی ڕێبازی کوردایەتی و خۆمان بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو پایەبەرزەی ئایینی و کوردایەتی دەزانین. انا للە وانا الیە راجعون
پوختەیەك لە ژیاننامەی (مامۆستا كاكە شێخی فارۆقی)(ڕەحمەتی خوای لێ بێت)
مامۆستا كاكەشێخی، كوڕی مامۆستا شێخ جەلیلی شێخ عەبدوڵڵای دەمەیەوی، كە بە (مامۆستا كاكەشێخی دزڵی)، و هەروەها بە (مامۆستا كاكەشێخی فارۆقی)یش، ناسراوە، زانا و مەلا و شاعیـر و كەسایەتییەكی دیاری ناوچەی هەورامان و مەریوانی دیوی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، ئەم شاعیـر و باش مەلایە ساڵی (1332)ـی، هەتاوی، بەرامبەر بە ساڵی (1953)ـی، زاینی، لە گوندی (دەمەیەو)ــی، ناوچەی هەورامانی دیوی كوردستانی ئێران لە بنەماڵەیەكی ئاینیی و زانستیی لە دایك بووە، و هەر لە منداڵییەوە لە خزمەت (مامۆستا شێخ جەلیل)ـی، باوكیدا سەرەتاكانی خوێندنی دەست پێكردووە، و پاشان وەك هەموو فەقێیەكی وڵاتی كوردەواری ڕێگای گوند و شارەكانی كوردستانی گرتۆتە بەر بە مەبەستی دەستخستنی زانست، و لە خزمەت ئەم مامۆستایانەدا و لەم جێگایانە وانەی زانستە شەرعییەكانی خوێندووە
(1). مامۆستا شێخ جەلیلـی، باوكی، لە گوندی دەمەیەو.
(2). مامۆستا شێخ جەلالـی، مامی، لە شارۆچكەی (قەلاجێ)
(3). مامۆستا مەلا عەلـی قەڵاگا
(4). مامۆستا شێخ زاهیدی ئامۆزای، لە ئاوایی (سەرنژمار).
(5). مامۆستا بورهانەددین حەمدی، لە شاری (سنە)
(6). مامۆستا مەلا خالیدی موفتی، لە شاری (سنە)
(7). مامۆستا مەلا مەجیدی ئوصولـی
(8). مامۆستا مەلا سدیق موجتەهیدی
(9). مامۆستا مەلا حسامەددین موجتەهیدی
(10). مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای مودەڕیسی گورجی.
(11). مامۆستا مەلا حوسەینی گورجی
(12). مامۆستا سەیید شەهاب حسەینی
(13). مامۆستا مەلا فەیزوڵڵا مورادی بێسارانەیی
(14). مامۆستا سەیید بەهائەددینی ئارەنان
تا دواجار بە ئاكامی دڵی خۆی لە دەستخستنی زانست گەیشتووە، و لە لایەن مامییەوە جەنابی زانای پایەبەرز مامۆستا شێخ جەلال شێخ عەبدوڵڵا دەمەیەوی، ئیجازەی عیلمیی – مەلایەتی بۆ نووسیوە، و دەست لە دەست و قووەت لە خودا لە گوند و شارەكانی كوردستاندا دەستی بە خزمەتی ئایین و گەلەكەی كردووە، و بۆ یەكەمجار لە ساڵی(1357)ـی، هەتاوی، بەرامبەر بە ساڵی (1978)ـی، زاینی، لە ئاواییەكەی خۆیان گوندی (دەمەیەو)، شان بە شانی جەنابی باوكی وەك پێشنوێژ و وتارخوێن دەستی بە خزمەت كردووە، و پاشان چووەتە گوندی (بەرقەڵا)ــی، نزیك شاری مەریوان و بۆ ماوەی چوار ساڵ ماوەتەوە و كاروباری پێشنوێژی و وتارخوێنی بەڕێوە بردووە، و دوای ئەوێ سێ ساڵ لە (مەڕگاوا)، و هەژدە ساڵ لە شارۆچكەی (دزڵی)، و نۆ ساڵ لە شارۆچكەی (بیەكەڕە)، و دوو ساڵ لە ئاوایی (گۆشخانی) لە سەر هەمان ئەرك و خزمەت بەردەوام بووە
شایەنی باسە، مامۆستا كاكە شێخ وەك خۆی گێڕایەوە، لە سەردەمی فەقێیەتیدا و پێش نسكۆی شۆڕشی كورد لە ساڵی (1975) بە مەبەستی (مەلا ڕەمەزانی) هاتۆتە دیوی باشوری كوردستان، و وەك مەلای مانگی ڕەمەزانی گوندی (تەپەتۆڵەكە)ـی، ناوچەی شارەزوور دەسبەكار بووە، و لەم بارەیەوە خۆی وتی: پانزە ڕۆژی یەكەمی مانگەكە ئاوایی تەپەتۆڵەكە مەلای تریان هەبوو، بۆیە ئەو ماوەیە لە گوندی (ئەحمەدئاوا) لە ماڵی (مامۆستا مەلا ئەحمەدی، ئەحمەدئاوا) دەمامەوە، ئەو ماوەیەم زۆر خۆش لـێ گوزەرا و لە خزمەتیشیدا دەوری دەرسەكانم دەكردەوە
* مامۆستا كاكە شێخ و عەللامە مامۆستا مەلا باقری بالک
مامۆستا كاكە شێخ گێڕایەوە و وتی: لە سەرەتاكانی دەستكردنم بە فەقێیەتی، كە هێشتا كتێبی (ئەحمەدی)ــم، دەخوێند، ڕۆیشتم بۆ گوندی (مڕگ) كە ماڵی خوشكی گەورەم (دادە ئەسما) لەوێ بوو، كە خێزانی مامۆستا مەلا شەریف بوو، قەدەرەن كە من لەوێ بووم، عەللامەی پایەبەرزی كوردستان مامۆستا مەلا باقری بالك تەشریفی لە ئاوایی (دووڕۆ) وە، دەگەڕایەوە بۆ (بالك)، تەشریفی لایدایە (مڕگ) و ماڵی مامۆستا مەلا شەریف، پاش هەواڵ پرسیـن زانی كێم، و مامۆستا مەلا شەریف فەرمووی: قوربان تازە دەستی بە خوێندن كردووە، و بۆ موبارەكی حەز ئەكەم دەرسێكی پێ بفەرموویت، منیش چۆكی قوتابێتیم لە خزمەت ئەم عەللامە پایەبەرزەدا دادا، و ئەم وانەیەی پەڕاوی (ئەحمەدی) پێ گوتمەوە، كە تا ئێستایش لەبەرمە، كە دەڵێت
(عَسَل) هەنگوین (شَمْع) مۆمە (مَنّ) گەزۆیە (كُرْم) مێوە(حُلُو) شیـریــن (مُرّ) تـاڵــــە (مِجَنّ و جُنّە) مــەتـــاڵــە
(دار) خانووە (سَقف) بانە (سَطح) سەربان (مِشط) شانە
(جدار) دیوار (بَیْت) مـاڵـە (أَسْل) ڕمــە (تُرْس) مــەتاڵە
كە بە ڕاستیی دان بەو ڕاستییەدا دەنێم، كە بەرەكەتی ئەم دەرسە و دۆعا خێرەكانی مامۆستای بالك، ڕژا بەسەر تەمەنمدا، و هەموو خزمەت و كاروباری عومرم لە بەرەكەتی ئەم وانەیەی خزمەت مامۆستا مەلا باقری بالكەوە دەبینم، كە وێنەی لە زانایی و بۆ خوا سوڵحاویدا نەبوو، (غفرالله له، و أسكنه فسیح جناته)
* مامۆستا كاكە شێخ و مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس
جەنابی مامۆستا شێخ جەلیل (خوا لێی خۆش بێت)، كە دەكاتە باوكی (مامۆستا كاكە شێخ)، هاوفەقێ، و دۆستی گیانیی جەنابی عەللامە مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس بووە، و پەیوەندی دۆستانە و قوڵ لە نێوانیاندا هەبووە، و تەنانەت مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس دوای وەفاتی مامۆستا شێخ جەلیلیش، ئەو پەیوەندییانەی نەپساندووە، و كتێبەكانی خۆی بە هەدیە لە بەغداوە ناردووە، بۆ جەنابی مامۆستا كاكەشێخی، كوڕی مامۆستا شێخ جەلیل، و مەرحەمەت و لوتفی خۆی زۆر دەربارەی جەنابیان و تەواوی خانەوادەی شێخ عەبدوڵڵای دەمەیەوی نواندووە، جا مامۆستا كاكە شێخ گێڕایەوە، و وتی: جارێكیان جەنابی مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس چەند كتێبێكی خۆی بە دیاری ناردبوو بۆ باوكم، و باوكیشم لە دواتردا هەندێ دیاری فۆلكلۆر و خواردنی كەژ و كێو و ئەو جۆرە شتانەی پێچایەوە، تا بینێرێت بۆ مامۆستای مودەڕیس، و فەرمووی: كاكە شێخ ڕۆڵە، تۆ دەستی شیعرت هەیە، شتێكی كورت بنووسە با لە نامەیەكدا بینێرم بۆ مامۆستای مودەڕیس، جا منیش لە وەصفی مامۆستای (نامی)یدا، نووسیم
مامۆستای ئازیز، شوعلەی چرای دین
ڕۆشنكەرەوەی صەحرای دەشتی ژین
ئوستادی هـــــونەر، باخەوانی دین
واریسی حـەزرەت ڕەسولی ئەمین(صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ)
چرای ڕووناكی بۆ كــورد هەڵكرا
پێنووسی هونەر دەستی تـۆ درا
نازانم وەصفی كام هونەرت كــەم
درێژیی ژینم، بـــــــە قوربانت كەم
* مامۆستا كاكە شێخ و هەستی نیشتیمانپەروەریی
مامۆستا كاكەشێخی دزڵی، لەو زانا و شاعیر و مەلا بە هەڵوێستانە بووە، كە شان بە شانی خزمەتی ئایینەكەی، خزمەتی گەل و نیشتیمانەكەیشی لە بیر نەكردووە، بۆیە بەردەوام دژ بە ڕژێمە داگیركەرەكان بۆتەوە، و بەو هۆیەوە لە دوا ساڵەكانی ڕوخانی ڕژێمی شاهەنشایی لە ئێران، وسەرەتای ئینقیلابدا.. لە گەڵ مەلایەكی دیكەی هاوڕێیدا بە ناوی (مەلا ئەسعەدی نێ)، لە سەر بیری نیشتیمان پەروەریی وئەندامێتی لە حزبی دێمۆکرات .. ڕاپێچی زیندانە تاریكەكان كراوە، و دواجار مامۆستا كاكەشێخ بۆ ماوەیەكی زۆر لە زینداندا دەمێنێتەوە، و مامۆستا مەلا ئەسعەد بۆ زیندانەكانی شارەكانی تری ئێران دەگوازرێتەوە، و پاشان لە سێدارە دەدرێت، كە ئەم هەواڵە دڵتەزێنە دەگات، بە مامۆستا كاكەشێخ زۆر پێی غەمبار دەبێت، و بەو هۆیەوە ئەم چوارینەیە دەڵێت كە لێوان لێوە لە شۆڕش و بەرخودان و بیری ڕەسەنی نیشتیمان پەروەریی و وڵات دۆستی
كاروانــی خــەبـــات نــاگــلــــێ بــەوەی
شەهــیــد بڕژێنێ خـــوێنی بــۆ نــــەوەی
بەڵكو ڕەوڕەوەی چاكتـــر دێتە خــول
خـــوێنی ئـــاڵ لـــە گەڵ خاكا بێتە كـوڵ
شایەنی باسە، مامۆستا كاكەشێخ ئەگەر چی تەبعێكی جوانی شیعریی و شیعر نووسینی بووە، بەڵام زۆر كاری لەسەر نەكردووە، و ئەو شیعرانەی وتوونی و نووسیونی زۆر نین و تەنانەت كۆیشی نەكردوونەتەوە، و هەروا بە پەرش و بڵاوی لەملاوئەولا ماونەتەوە، و لە لایەكی تریشەوە پێویستە باسی ئەوەیش بكرێت كە ئەم زانا و شاعیرەی كوردستان، لە كاتی كۆڕەوە جەماوەرییەكەی ساڵی (1991)ـی، خەڵكی كوردستاندا، بۆ دیوی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە حوكمی ئەوەی كە پێشنوێژ و وتارخوێنی شارۆچكەی (دزڵی) بووە كە ناوچەیەكی سنوورییە، هاوكاری زۆری خەڵكی لێقەوماوی باشوری كوردستانی كردووە، و خەڵكیشی بۆ هاوكاری هانداوە، و تەنانەت دەیان ئافرەتی حامیلە و ئاوارەی وڵاتی خۆمان، لە ماڵی مامۆستادا منداڵیان بووە، و خزمەت كراون، كە ئەم هەڵوێستە مێژووییەی مامۆستا كاكە شێخ وایكردووە، لە هەردوو دیوی سنوری ڕۆژهەڵات و باشوردا لە لایەن خەڵكییەوە خاوەنی ڕێز و پایەیەكی كەم وێنە بێت
* ژیانئاوایی:
دواجار مامۆستا كاكەشێخ، لە ڕێكەوتی (25 – 3- 2023) دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوت، و ژیانی دونیای بەرەو جیهانی هەرمان.. بۆ هەمیشە بەجێهێشت، ولە زێدی خۆی (گوندی دەمەیەو)
ئەسپەردەی خاكی نیشتیمان كرد
ئەم ژیان نامەیە لە لایەن دۆستێکی ئازیز و دکتۆرێکی زانای بوورای ئایینی بە دەستمان گەییشت کە نەویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت. سپاس بۆ هاوکاریان
یەکیەتی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
Comments
Post a Comment