بابەت لێبووردەیی، مامۆستا ئیبڕاهیم مەجیدپوور
لێبوردەیی
هێندێک تـایبەتـمەنـدی بـەرزهەن کە هەمـوو مـرۆڤێک نـیەتی یـەکێک لـەوانـە لـێبوردەییە کە کەسایـەتی مـرۆڤ بـەرز دەکاتـەوە. ئـەوەنـدە جـوانـە مـرۆی پێدەڕازێتەوەو نیشانەی بـەرزی و بـەهێزی ڕوحیە .هـەڵـقوڵاوی تێگەیشتنێکی ژیرانەو لێکدانەوەیەکی لێزانانەیە .واتە سفەتێکە لەڕاستیدا تەواوکەری ئینسانە. ئەوانەی زمان شڕو دڵ ودەرون پیس وکەم چیکڵدانەو هەڵەشەن وهێرش دەکەنە سەر کەرامەتی خەڵک و بـەسەر چوکترین شتەوەنـاچن ، نەخۆشێکن بە دەردی خۆیان نەزانیوە ، هەستی مرۆڤانەیـان دافەتاوە ، ماڵی لێبوردن و پیاوەتی و ڕێز گرتنیان تێک تەپیوە و ڕوخاوە. . لێبوردەیی نیشانەی بـەرزی ڕوح و بـە هـێزی ئیرادەیەو دەبێتە دەرمانی دەردی ئەو نەخۆشانە. نواندنی سەبرو لێبوردەیی وەک تیمار کردنی نەخۆشیەکی قورس و گرانە کە هەم زانستی دەوێی هەم ئیرادە.
ئێمەمانان پێویستیەکی فرەمان بەوخەسڵەتـە هەیـە ودەبێ بـە جیدی ڕەچاوی بکەین. ئەگەر وڵامی خراپە بەخراپە بـدەینەوە ، کە ئیواهەیـە بـە خراپتریش دەیداتەوە ! لە ئاکام دا بازاڕەکەمان شێواندوەو دەستمایەکەشمان لە دەست چوە، کارەکەشمان خراپتر کردوە. بەو مانایە ئەگەر کەسێک قسەیەکی ناحەزی بـەتـۆ کوت ،ئەگەر بەجوانی و ژیرانە وڵامی بدەیەوە بـێگومـان کاری تێدەکەی، زۆر زوو تێیدەگەێێنی کە هەڵەی کردوەو پـەشیمانی دەکەیەوە. باشتر بـڵـێم : دەرمانی خراپە چاکەیە ،چاکە کردەوەیەکە وەک ئاوی سارد ئاگری ڕقو قین دادەمـرکێنێ. دەرون لە بوغزو غەرەز پاک دەکاتەوە ،جێگە بۆ حورمەت و ڕیز لینان هەراو دەکا ، تۆوی خۆشەویستی لە جیگای درکوداڵی دژایەتی دەچێنێ. خوای مـەزن لە قورئانی پیرۆزدا ئایەتی ٢٢ سورەی نوردا دەفەرموێی { بـا دەوڵـەمەنـدەکان سوێند نەخۆن کە خزمان و هەژاران و ئاوارەکانی ڕای خوا بێبەش دەکەن . بـڵا لە هەڵەکانیان ببورن وچاوپۆشیان لێبکەن. مەگەر حەزناکەن خوا لە تاوانەکانیان ببورێی!؟ خوا لێبوردەی دلۆڤانە } ناوەرٶکی ئـەوئـایـەتـە لێبوردەیی سادقـانـە دەگەێینێ وهانی ئیمانداران دەدا بۆئەوەی ئەگەربیانەوێی لێبوردەیی خوا بۆخۆیان مسۆگەر بکەن دەبا دەگەڵ خزم و کەس و هەژارو ئـاوارەکان لـێبوردە بـن و لـە هانایەنەوە بین و یارمەتیان بـدەن . لە سوڕەی ڕەعد ٢٢دا فەرمویە : { ئەوانەی لـەڕای خوادا خۆڕاگربـون و بـە ئـاشکراو نـەهـێنی لـەوەی خوا پییدابـون بـەشی نەداران و پیداویستانیان دەدا ، بەو چاکانە خراپەکانیان دەشۆنەوە ، دواڕۆژێکی خۆش بەشیانە کە چاوەروانیان دەکا .} ئێمە دەبێی بزانین سەبرو لێبوردەیی دوو شتی بەیەکەوە گرێدراون .کەسێک نەتوانێ قسەیەکی ناخۆش یـان هەڵوێستێکی ناحەز تەحەمول بکا ، ناشتوانێ لێبوردەبێی . بە وتەیەکیتر ئەگەر یەکێک نـاحەز دەگەڵت دواو تۆش هەربەو شێوەیە وڵامت دایەوە وکوتت جوابی تەحای پەحایە! ئەوە کارەکەت ناحەزترو ئاوەکەت قوڕاوتر کردوە ، بەڵام ئەگەر جوابی ئاقڵانە و مەنتیقیت بە زمانێکی شیرن داوە بێگومان نێشانەکەت پێکاوە ولە نیهایەت دا سرنجی بەرانبەرەکەشت ڕاکێشاوە. کورت بـڵێم : لـێزانـانـەتـر ئـەوەیـە بـە چاکە بەرەنگاری خراپە ببیەوە . ئەوە هەرچەند قورس دێتە بـەرچاو بـەڵام بـۆ مـرۆی خاوەن سەبرو لێبوردەیی گەلێک هاسانە. زمان شیرنی قسە چاکی دەرون پاک، دەگاتە ئامانجەکەی . کەچی زمان شڕی خراپ بـێژ، سەرئـەنجام لـە قـسەو کردەوەکانی پەشیمانەو وەک کایەکەرێکی ناشی دۆڕانـدویەتی.هـەرکەس هەستی مرۆڤانە ومرۆڤ دۆستی هـەبێی هەمیشە قـەرەبـوی خراپـە بـەچاکە دەکاتەوە. خوا لە سورەی فوسیلەت ٣٤ دا فەرمویە :{ چاکەو خراپە وەک یەک نین ، تۆش هـەمیشە وڵامی چاکتر بـدەوە، ئـەو دەمـە ئـەو کەسەی دژبەرتە دەبـێتە دۆستی نیزیک} ئایینی ئسلام لە بارەی لێبوردەییدا زۆرعادلانەومەنتیقی عەمەلی کردوە، وڵامی خراپە بەچاکە دەداتەوە.بە مرۆڤ دەڵێی: لەڕوی عەقڵ ومەنتیق هەڵوێست بگرە و بڕیار بدە ، سواری ئەسپی سەرکێشی دەمارگرژی نەزانانە مەبە . ئەوانەی توانای لێبوردەییان نیە مێشک ویشکی تێنەگەیشتون ودەیانەوێی شیتانە بە خەیاڵ تۆڵە بکەنەووە. هەر چەند لە ئیسلام دا ڕێگەدراوە سەزای کردەوە بـە قەدەر خۆی بدرێتەوە ، بەڵام بەخشین و لێبوردەیی لە پێشەوەی تۆڵە سەندنەوەیـە و بە باشتر قەبڵێندراوە . پاداشتی لێبوردنەکەی جگە لەوە لە نـەفسی عەمەلـەکەدا دیارە ،خواش بەرعـۆدەی پـاداشتی بـاشترە . بـروانـە سوڕەی شوڕا ٤٠ و ٤٣ { سەزای خەتایـەک وەک نـەفسی عەمەلەکەیـەو بـەس. بـەڵام پـاداشتی ئـەوەی هەوڵی ئاشتیو لێبوردەیی دەدا پاداشتی لەلای خوایە بـە زیـادەوە . خوا خۆشی لـە زاڵمان نایە.} بێگومان بەخشین واز هێنان لە تۆڵە سەندنەوە نیشانە بەرزی ڕوح وئیرادەی بە هێزە . وەک کوتـرا هەر چەنـد ئیسلام مافی تـۆڵەی لە خاوەن ماف نەستاندوە ، ئەما لێبوردەیی بە باشتر دەزانێ و خۆشێ بە ڵێنی قەرەبوی بـاشتری داوە بەومانایە واز لەمافی تۆڵە بێنی . هێندێک لایان وایـە لێبوردەیی بـاشتریـن تۆڵەیە .چونکە ئەو خەسڵەتە وەک داری بەری وایە چەند جۆریتری لێی پەیوەنـد کراووە، بە دڵنیایەوە بەرو بۆکەشی جۆراوجۆرە کە بە جوانی ڕەعەمەلی بـێنێ . ئـەوانـەی خاوەنی ڕوحی بـەرزی لـێبوردنـن کەسانی دەگمەنـن و کارێک دەکەن هەموو کەس توانای کردنی نیە. ئەوانەی کە سورن لەسەر تۆڵە کەسانی بێبەزەو دورن لـە خەسڵـەتی مـرۆڤانـەو حاڵـەتی ڕوحی حەیـوانێکی دڕنـدەیان هـەیـەو و نایانەوێی ژیان بە شێوەی ئارام وئاسایی بەردەوام بێ .بـۆ ئەوەی بـۆ هێندێکان نەبێتە پرسیار بۆچی من زۆرتر لە ڕوانگەی دینەوە بـاسی مەسەلـەکان دەکەم ؟ وڵام ئەوەیە دوژمنانی داگیر کەری کوردستان هەر جێنایەتێکی دەیکەن بـە هۆی نۆکەرەکانیان لە بواری ئایینی شەرعیەتی پێدەدەن و وەک چەکێک پـێی لـە ئـێمە دەدەن . چونکە ئێمە دەوڵەت نـیـن دەبێ بـە چەکێک بـەرەنگاری دوژمن بـێـنەوە کەئەوان پێی لە ئێمە دەدەن . زۆرکەسیان بەناوی دین لە ئێمە کڕیوەو فریوداوە . پـارتـیزانـیش دەبـێی بـەو چـەکـە بـەرەنگاری دوژمـنەکەی بێی کە بـزانێ کاری لێدەکا. جیا لەوەش تـۆ دەبێی بـزانی و قبوڵت بێی کە زۆرینەی گەلەکەت باوەڕی ئایینی هەیە وبەلایەوە پیرۆزە ،مادام تـۆش لـەسەرو گوێلاکی دینەکەت دا بـەلای دوژمندا دەچێ ودەڵێ :ڕاستە ئەوانە دژی پـێرۆزیە ئـایینیەکانی ئـێمەن . گۆڕینی ئایین و بیرو باوەڕ بە جنێوو بێحورمەتی ناکرێی ، لە پێش هەموو شتێکدا دەبێی ڕوبەری زانستی خەڵک فروان وبـەرز بـکەیـەوە، لـێزانـانـە بە شێوەی مەنتیقی بەڵگە لەسەر بەتاڵی ئەوەی دەتەوێی بیگۆڕیولەسەر دروستی ئەوەی کە دەتەوێی لە جێگای دابنێی نیشان بـدەی . بـەڕای من شێوەکارمان بۆ گۆڕینی ڕێبازێک چ ئایینی وچ سیاسی دروست نیە، بێگومان چەپە ڕێگاش قوڵکو کەنـداڵ وهەڵدێری لێیە. بەهـێزتـرین هـەنگاوو چەک بـۆ زاڵ بـون بـەسەر ئەو ناکۆکی و دژایەتیانە لێبوردەییە، چونکە لێبوردەیی دۆستایەتی خۆشەویستی دەڕەخسێنێ ، بەڵام تـوڵەو تۆڵە سەندنەوەو ئاگری دوژمنایەتی دادەگیر سێنێ و هەستو سۆزو ژیانی هێمنانە دەمــرێــنـێ . هــەر چـۆنــێـک بـێ مــرۆڤـیـن و خـاوەنـی عـەقـڵ و شـعـورو زانـستـیـن بـۆیـە نـابێ وەك حـەیـوانـات تـا تـوشـی یـەک بـویـن بە نـەقورچ لـە یـەکـتـر بـدەیـن.
براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجیدپور ٢٩ بانەمەڕی ٢٧٢٢ کوردی
١٩ / ٥ / ٢٧٢٢ زایینی /
Comments
Post a Comment