پەیامی پیرۆزبایی بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان

 پەیامی پیرۆزبایی یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ساڵوەگەڕی ٢ی ڕێبەندان ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان.

بەڕێزان ڕێبەرایەتی و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

هاونیشتیمانیان و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان.

یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران یادی دامەزرانی کۆماری پڕ شکۆی کوردستان لە ئێوە ئازیزان پیرۆزبایی دەکات.


کۆماری کوردستان لە سەردەمێک دامەزرا کە کێشەی نێوان زلهێزانی وەک ڕۆژئاواییەکان و ڕووسیە کە خاکی کوردستانیان لە نێوان خۆیان دابەش و داگیر کردبوو واتە ڕۆژئاواییەکان لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و ڕووس لە باکوور و ڕۆژئاوا، خەریکی ململانێ کردنی یەکتر بوون لە مەڕ دابین کردنی بەرژەوەندییەکانیان، لە لایەکیترەوە ڕژیمی پەهلەوی تووشی زەعف و پاشەکشە بوو، بۆیە دڵسۆزانی کورد بە سەرۆکایەتی پێشەوای نەمر لە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی بە کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتە تووانی لە مهاباد و شارەکانی دەوروبەر کە دوور بوو لە دەست تێوەردانی زلهێزان، بە پاڵپشتی خەڵکی نیشتیمانپەروەر و تێکۆشەرانی بەشەکانیتری کوردستان کۆماری کوردستان دامەزرێنێت.

کۆماری کوردستان وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە شۆڕش و بەرخوودانی گەلی کورد و خاڵی دەستپێکی شۆڕشێکی نوێ و سەردەمیانە بوو لە جۆڵانەوەی گەلی کورد و، بوو بە پێشەنگی دامەزرانی چەندین پارتی سیاسی موودێڕن لە هەر چووار پارچەی کوردستان.

کورد بۆ یەکەمجار خاوەنی دەسەڵاتی سەربەخۆی خۆی تاقی کردەوە و بەحەق نیشانی جیهانیدا کە کورد توانای بەڕێوەبردنی دەسەڵاتێکی موودێڕن و دێموکرات و سەردەمیانەیە، کۆماری کوردستان لەم سەردەمەدا لە خۆرهەڵاتی ناوین و ناوچەکە نموونەیەکی تازە و سەردەمیانە بوو کە کەم وێنە یان هەر نەبوو.

کۆماری کوردستان چەندین دەسکەوتی مێژوویی بۆ کورد تۆمار کرد وەک درووست کردنی هێزی پێشمەرگە و ئاڵا و سروودی نەتەوەیی و دامەزرانی چەندین ڕێکخراوی وەک ژنان، لاوان و چەندین گۆڤار و ڕۆژنامە و پەرتۆک، هەروەها کۆمار بوو بەهۆی کۆ کردنەوەی هەموو هێزە شۆڕشگێرەکانی کوردستانی گەورە و گشتیان لە ژێر ئاڵای کوردستان بوون بە خاوەن دەوڵەتێکی هەرچەند بچووک بەڵام قەبوڵکراو.

ئەگەرچی تەمەنی کۆمار کەم بوو و لە ١١ مانگ زیاتر نەبوو بەڵام تووانی کورد بە کشتی یەک دەنگ و یەک ئامانج بکات.


جارێکیتر بەم بۆنە پیرۆزەوە، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سەرجەم شۆڕشگێرانی کورد و خەڵکی بەشەڕەف و نیشتیمانپەروەر و بنەماڵەی شەهیدانی سەربەرز و زیندانیانی خۆڕاگری سیاسی دەکەین، ئاواتەخوازین بە یەکگرتوویی و یەکبوون ئامانجەکانی گەلەکەمان بەدی بێت.

سڵاوی لە پێشەوای کوردان و سڵاو لە گشت خەباتگێڕانی کورد. 

بڕووخێت دەسەڵاتی داگیرکەری کوردستان.



یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران

١ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی




Comments

Popular posts from this blog

تیڕۆری کەسایەتی ئایینی وخۆشناوی سەقز جەنابی شێخ ئازادشەهابی

١٣ ساڵ سەزای زیندانی بۆ سەر پێنج مامۆستای کورد

سەزای سێدارە بۆ مامۆستایەکی ئایینی کورد