زارا محەممەدی شەڕەفی نەتەوەیی
هاو نیشتیمانیان و لایەنە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان
هەروەک ئاگادارن کۆماری بە ناو ئیسلامی ئێران لە دژایەتی نەتەوەی کورد و مافەڕەواکانی گەلی کورد و گەلانی ستەملێکراوی ئێران لە هیچ چەشنە بێ ڕێزی و ستەمکاری و جینایەتێک خۆی نابوێرێت، و ئەشکەنجە و زیندانی و کوشتنی لاوان و ڕێگریکردن لە خوێندن بە زمانی زگدایکی و ئەو مافانەی خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بۆ مرۆڤایەتی باسی فەرمووە بە دڕندانەترین شێوە دژایەتی دەکات و خەریکە بە شێوەیەکی سیستماتیک نەتەوە جیابیر و غەیرە فارسەکان لە شووناسی نەتەوەیی بێ بەش دەکات.
زارا محەممەدی ئەم کیژە دڵسۆز و بوێرە تەنیا بەتاوانی وانەوتنەوەی کوردی سەزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە ئەم ستەمە دژە مرۆییە بە هیچ شێوەیەک لە ڕووانگەی ئایینی ئیسلام و پەیماننامەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ قەبوڵکراو نییە، بۆیە ئەرکی ئایینی هەموو ئازادیخوازان و گەلی کوردە کە دژایەتی ئەم سەزا نامرۆڤانەیە بکەن و لە بەرانبەر ئەم ناعداڵەتی و بێ ڕێزییە بوەستنەوە چوونکە ئەمڕۆ زارا تەنیا کەسێک نییە بەڵکو دایک و خوشک و کچی هەموو کوردی ڕۆژهەڵاتە و شەڕەفی هەر کوردێکە کە ڕژیمی دژە کوردی ئێران خەریکە پێشێلی دەکات!
داواکارین لە بەرانبەر ئەم سەزایە بێ دەنگ نەبن و هەموومان ببین بە زارا محەممەدی و شەڕەف و نامووسی کوردستان بپارێزین.
بڕوخێت ڕژیمی ستەمکاری ئاخوندی ئێران.
بژی کورد و کوردستان.
یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
١٣ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠ هەتاوی
Comments
Post a Comment