ئیدانە کردنی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
هاونیشتیمانیانی هێژا
مامۆستایانی ئایینیی وچین و توێژەکانی کوردستان و کۆمەڵگای مرۆڤدۆستی جیهانی"
هەروەک ئاگادارن ڕژیمی دژە کورد و مرۆیی ئێران، هەر لە سەرەتاوە لە دژایەتی گەلی مافخوراوی کورد، بە فتوای جیهاد و کوشتن و ئێعدام و زیندانی کردنی لاوانمان دژایەتی لە مەڕ ئەم نەتەوە بێ بەشەی بە دڕندانەترین شێوە دەست پێکرد و، لە ئازار و ئەشکەنجە و ڕاوەدوونانی خەڵکەکەمان خۆی نەبوواردووە و بە سووتانی ژینگە و گرتنەوەی ئاو و پشت گوێ خستنی سەرەتاییترین مافە مرۆییەکان، مەبەستی ئەوە بووە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو بەرێت و ڕەنگی کوردایەتی و زمانی زگدایکی بسڕێتەوە، بەڵام شۆڕشگێرانی کورد لەم بەشەی کوردستان بۆ پارێزگاری لە مافەڕەواکانیان بە خوێنی گەشیان بەرگرییان لە مانەوەی گەلەکەیان کردووە، ئەمجارەش کۆماری پەت و سێدارە و تیڕۆری ئیسلامی ئێران بە بیانووی هێزەکانی حیزبە شۆڕشگێرەکان خەریکە باشووری کوردستانیش بخاتە ژێر ڕەهێڵەی چەکە ژەنگاوییەکانی و لە ئەرز و ئاسمان بە بۆم و تۆپ و فڕۆکەی ئینتحاری خاکی و نیشتیمانی کوردان بەرەو نەمان بەرێت!
بێ شک ئیرادەی بەهێزی هێزی پێشمەرگە قارەمانانە بەرگری لە خاک و وڵات دەکەن بەڵام بۆ ئەو مەبەستە پشتیوانی ئێوە دانیشتووانی کوردستان و هەموو چین و توێژەکان لە حاند ئەو پێشێلکارییەی کۆماری ئیسلامی ئێران پێویستە، دەتوانن وەک پێشمەرگەی شار پاڵپشتی لە ڕۆڵە تێکۆشەرەکانتان بکەن و لمبۆزی بۆگەنی دوژمنی خاک و ئایین و نەتەوەتان بخەنە ژێر گڵ.
ئێمە یەکیەتی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران پاڵپشتی خۆمان لە قارەمانانی گەل دووپات دەکەینەوە و داوا لە هەموو ئێوە بەڕێزان دەکەین بێ دەنگ و، چاو نووقاو مەبن لە حاند ئەم پێشێلکاریانە و دەنگی ناڕزایەتی خۆتان بە گوێ تیڕۆریستانی جەماران بگەیەنن و لە هەر بووارێکدا بکرێت یارمەتی شۆڕشگێرانی نەتەوەکەتان بدەن، چوونکە ئەم ئەرکە ئەرکێکی ئایینی و ئەخلاقی و نەتەوەییە.
سڵاو لە ورەی بەرزی پێشمەرگە، سڵاو لە یەکیەتی و خۆڕاگریتان، بروخێت ڕژیمی دژە گەلی ئاخوندی ئێران.
یەکیەتی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
٢١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی
Comments
Post a Comment