لیلةالقدر.. مەلا برایم مەجیدپوور


 


                     بـەنـاوی خـوای   دڵ ئاواو  دلۆڤان 

                        لیلة ألقدر خیر من ألف شهر 

                              شـــەوی  قـــــەدر 

 مەبەستی سەرەکی لە نوسینی ئەوباسە ئەوەیە چونکە زۆرینەی گەلی کوردستان  بـاوەری ئـایینیان هەیە ،ڕاست وچەپ لە نـەیـارانی ئیسلامیش ڕەفـتارو کرداری هێندێک لە ئایین دارانی لە ڕێگە هەتڵە بوو دەکەنە بەڵگە بۆزەبرلیدان لە ئیسلام،  پێویستە سەبارەت بە فەلسەفەی بەڕێوە بردن وڕێز گرتن لەو بـۆنـانە  بزاندرێـن تا دینداران نـەکەونـە داوی سەوداگەرانی دیـن فـرۆش.شـەوی قـەدر شەوێکە لـە دەیەی ئـاخری مانگی پـیرۆزی رەمـەزان دایـە. لـە لای مـوسوڵـمانـان شـەوێکی گەلێک بە قەدرو بە پیت وبەرەکەتە.لەوەش گرینگتر خوا لە قورئاندا پەسنی ئەو شەوەی بە پیرۆزی داوە. شەوەکە  دەقاودەق دیاری نەکراوە و دەڵـێن : لە  شەوە تاقەکانی دەیەی ئاخری ڕەمەزان دایە .گرینگترین هـۆی پیرۆزی ئەو شەوە لەوە ڕایە کە ناردنی وەحی خوایی بۆ پێغەمبەر(ص) لەومانگەداو لە شەوێکدا دەستی  پێکراوە کە پیی دەڵێن شەوی قەدر. زۆر باوە دەکوترێ قورئان لەو شەوەدا نازڵ کراوە، بەڵام  نـاردنی وەحی خوایی کە قورئانـە لـەو مانگەو لـەو شەوەدا دەستی پێکراوە نەک هـەمـوو قـورئان. قـورئـان لــە مـاوەی (٢٣ ) ساڵ پێغەمبەرایـەتی  محەممەد( ص)  دا نازڵ کراوە. سەبارەت بەو شەوە  ڕاوبۆچونی زۆرکوتراوەو  نوسراوە. لیرەدا ئەو پرسیارەش دەکرێ :ئەرێ بۆچی  شەوەکە دیاری نەکراوە ؟ وەک دەکوترێ ڕەمەزان مانگی تاعەت وعیبادەتـە، ئـەوانـەش پـاداشتیان هـەیە . ئیـمانـدارن لـەومانگەدا زیـاد لـە ئەرکی واجب  کراویـان سەرقـاڵی  ڕازو نـیـاز دەبن دەگەڵ خوای خۆیان، چونـکە  لـەڕوانـگەی ئـیسلامەوە مـانگەکە وشـەوەکە هـەردوکیان لـەلای خوا قـەدریان هـەیـە،  مـوسوڵـمانان  کێ بـەركی دەکـەن بـۆ پـیـرۆز ڕاگـرتـنـی ئـەو قـەدرو قـیـمـەتـە، بـۆ وەگرتنی  پـاداشـتـەکـە، بــۆیـەش دیاری نـەکراوە تـائەو کێ بـەرکێیە بـەردەوام بێ وهەمووهەوڵ بـدەن بـیبەنـەوە. هەرچەند ڕای زۆرینە ئەوەیە کە شەوی ( ٢٧ ) ڕەمەزانە. نابێی ئـەوەشمان لـە بیربچێی سەرچاوەی پـاکی وچاکی هەمـوکـردەوەکـان بـە پـێی ئـەونـیازە بـۆمـان حیساب  دەکڕیی کە لەناو دڵمانە .                                          ڕاستیەکەی ئەوەیە  مانگی ڕەمەزان خۆی تـاقیکردنـەوەیەکی گرینگە ،هەر تەنیا نەخواردن و نەخواردنـەوە نیە. مـرۆی مـوسوڵمان دەبێ دەگەڵ کۆنتڕۆڵ کردنی هەموو ئەندامی جەستە وپاک ڕاگرتنی دڵ و دەرونی ئاوڕ لە یەک ساڵێ ڕابردو  بداتەوە، هـەڵەو خەتاکانی بـدۆزێتەوە ، بـۆ ئەوەی بـە مانـدوبونێکی زۆر، بتوانێ قەرەبویان بکاتەوە ودڵ ودەرونی بۆساڵی داهاتو ئامادەو پاک بکاتەوە. لەومانگە  دا خوا پەرستی و ڕازو نیاز دەبێ ئەوەندە چڕو پڕ بێی کە دڵ و مـێشکی مرۆی ئیماندار لە بیری خراپ بۆکاری خراپ بە جوانی بشواتەوە. دەگەڵ خواش بەڵێن نوێی کاتەوە کە ئیتر هەڵەکان دووپات ناکاتەوەو بە ئیمانێکی بەهێزەوە دەست بە ساڵی تازە دەکاتەوە. باشترە باسی ئەو شەوە لە زمانی قورئانەوە  بکەین وبزانین  خوا چۆنی لێدواوەو خیرو بەهرەکانی چین . خوا فەرمویە : { إنا أنزلناە فی لیلة اڵقدر } لـەو شەوەدا پیرۆزتـرین کتێبی ئـاسمانی دەست بـە نـاردنی کراوە .خێرو بێری ئەو شەوە  بە شیوەیەکی سەرسوڕ هێنەرئـاوا قەبـڵیندراوە { لـیلة القدر خیر من الف شهر} شەوێکە خێرو بێری لە هەزار مانگ زۆرترە. فرشتەو جوبرائیل  دێنە خوارو دەگەڵ ئەوانەی سەرقاڵی تاعەتن دەبن ودەیان پارێزن ،  دنیا هێورو  ئـارامە هەتـا ڕۆژ دەبێتەوە. لـەو شەوەدا بـەخشندەیی و لێبوردەیی وهـاسانـکاری خوابۆ ئێماندارانی سەرقاڵی عیبادەت، دەگاتە لوتکەی بەرزی خۆی.موسوڵمانانی  سادق و دڵپاک نوقمی تاعەت وعیبادەتـن. وادەزانـن وەرزی کارو تێکۆشانـە بـۆ دابینکردنی تێشوی دنیای دیکە .دەیانەوێی دەفتەری کرداریان بەجوانی وتەواوی پڕ کەنەوە.وڵامی دروستی هەموو پرسیارەکانی خوایی بدەنەوە . عایشە ( ر) لە پێغەمبەری پرسی چ دوعایەک باشترینە بیکەین ؟ فەرموی: ئەوەیە :خوایەخۆت  بەخشندەی وکەسانی بەخشندەشت خۆش دەوێن بمان بەخشە. بۆیـە نـاوی شەوی قەدریـان  لێناوە چونکە کردەوەی یـەکساڵی  مـرۆی مـوسـوڵـمـان دیـاریـدەکرێـو دەقەبڵێندرێی ولە دەفەتری یادداشتەکانی خوادا کە پێی دەکوترێ( لوح المحفوظ ) واتە تەختەی پارێزراو هەموی نوسراوە. خوا لە سورەی قەدردا فەرمویە { ئێمە  ناردنی قورئانمان لە شەوێکی گەلـێک  پیرۆزدا دەست پێکردوە . تۆنازانی چۆن شەوێکە؟ شەوێکە قەدرو قیمەتی بەرانبەری هەزار مانگە. لەو شەوەدا فرشەتەو  جوبڕائیل  دادەوەرنە سەر زەوی،  کارەکان جیبەجێ  دەکەن. هەتا بولێڵی بەیانی هێورو ئارامە .}  هۆی گەورەیی ئەو  شەوە ئەوەیە کە ( ١) قورئان لەو شەوەڕا دەست بەناردنی کراوە( ٢ ) خێرو بەرەکەتی لە هەموومانگەکانیتر زیاترە ( ٣ ) لەودا کارنامەی یەک ساڵەی هەموو مرڤەکان بە چاک وخراپیەوە  دیـاریکراوەو  چاوی لێدەکرێتەوە. ( ٤ ) کردەوەی بـاش لـەو دا پـاداشتی لـە هەمـو شەوەکانـیتر زیاترە.( ٥ ) لەودا دنیا بەتەواوی ئارام دێتە بەرچاو ،مەعـمورانی هـێمـنی وەک فرشتەو جوبـڕائیل هـان لـە سەر زەوی و هـاوڕێیی ڕۆژوەداران دەکەن . ( ٦ ) بەخشندەیی خوا دەگاتە لوتـکەی هـەرە بـەرزی.( ٧ ) هەمـو ئـەوڕۆژو دارانـەی خوا پەرستیان زیاترلە ڕادەی دیاریکراوی خۆی ئەنجام داووە دڵـنیان کە ڕەزای خوایان وەدەست هێناوە . بێگومان مرۆڤە  ئیماندارەکان ئەگەر بەڕاستی لە مانای دینەکە تێگەیشتبن وئیمانی کامڵیان پێی هەبێی دەزانن ئایینی ئیسلام هەمووی فێر کردن وڕاهێنانە، بۆ ئەوەی موسوڵمانان چ بکەن وچۆنی ئەنجام بدەنو کامە ڕێگا  شێوەی دروستی ژیانە. یـەکەمین وهەوەڵین وشـەی نـاردراوی خوا بـۆ محەممەد بخوێنەیە تا مرۆڤ باشتر لە فەرمانەکانی خوایی تێبگا و بە سەرجەم مرۆڤەکانی ڕابگەێیێنی وپێیان بڵێ کارنامەی قبوڵکراویان لای خوا، تەنیا ئاکارو کرداریـانە. سوڕەی دوخان ئایەتی ٣و ٥{ لە شەوێکی بە پیت و پیرۆزداقورعانمان  ناردوە، ویستومانە خەڵک بپرینگێنینەوە.  فەرمانی ئـێمەیە وبـە ڕاسپـاردە دا دەیـنێرین.} ئاکامی باسەکە ئەوەیە ئـیمە دەبێی هەمـو بـۆنـەکان  بـەڕێـزەوە  بکەینە دەرس و فێرگە ، تا ئێستاو دواڕۆژیش کەڵکی لیوەربگرین . بزانین بۆ پیرۆزن . تێبگەین ماندو بون بۆ ڕازاندنەوەی ژیانە نەک وێران وناشیرن کردن.

قورئان کتێبێکە هێندێک لە ئایەتەکانی هێندێکیتر پشت ڕاست دەکەنەوە .برێکیان بڕێکیتر شیدەکەنەوە. بۆ وێنە : { انا أنزلناەفی لیلة مبارکة } ئەوە دەسەلمێنی  کە ناردنی قورئان لە شەوێکی پیرۆزدا دەستی پیکراوە، بەڵام نەکوتراوە کام شەوەو لەکام مانگدا نـاردراوە نـاوی شەوەکە چیە . بـەهێنانی { شهر رمضان ألذی انزل فیە القرآن } پێمان دەڵێ : ئەو شەوە  لە مانگی ڕەمەزان دایـە ، نەکوتراوە نـاوی چیە ! کاتی دەفەرموێی:{ إنـا أنـزلناە فی لـیلة ألقدر} یـانی شەوەکە نـاوی قـەدرە. کەوایە مانگە کە ڕەمەزانـە وشەوە پـیرۆزەکەش شەوی قەدرە. کورتە وپوختەی  باسەکە  واتە مانگێکی شازە و ئەنجام دانی ئەرکە پێ ئـەسپێراوەکان ئـەوپـەڕی بـەهێزی ئیمانەو پاداشتی کردەواکانیش دەگاتە لـوتکەی بـەرزی خۆی کە خێرو بـێری بـە قـەدەر ئی هـەزار مانگانـە. ئـەو هـەمـو پـیت و بـەرەکـەتـەی کـە بـۆ مرۆی ئیماندار لە بەرچاوگیراوە ، ئەوکاتـە بـۆتـۆ پـەزمەنـدە کراوە  ئـەگەر لـە مـاوەی ساڵی داهـاتـودا زیـاتـری بکەی ، نـەک لـە بـیرت بچـێتـەوە و تـادەگەیـە ڕەمازانێکیتر ئـەوەی خـۆشت هەتبوو لـەقیس خـۆت دابێی و بـڕێکیشی لـە سەر قەرزداربی .

هیوادارم ئەومانگ و ڕۆژو شەوە پڕ بیت و بەرەکەتانە ببنە  چرای ڕوناکیدەری ڕاستە رێگامان و ببنە هۆی بەهێزی ورەو ئیمانمان  کە فەرمانـەکانی خوایی بـە جێ بگەیینێن و پارێزگاری لە مافە خواییەکانمان کە ڕزگاری نیشتمان و ئازادی گەل وپتەو بونی برایەتیمانە بکەین.داواشم لە هەموو ئیمانداران ئەوەیە بۆ وڵامی  ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر دینەکەتان و تەنانـەت هێندێک بێحورمەتـیش دەکەن لە چوار چیوەی عەقڵ و مەنتیق و زانست  تێمەپەڕ نوئەوە مەکەن کە بۆ ئەوانی بەخراپ دەزانن . نیگەران مەبن خوا فەرمویە : { من قـورعانـم ونـاردوەو هەر خۆشم دەیپارێزم }.     

    براتان مەلا برایمی مەجید پور  ٧١ بانەمەڕی ٢٧٢١ کوردی

                                         ٧ /٥ / ٢٠٢١ زایینی 


Comments

Popular posts from this blog

تیڕۆری کەسایەتی ئایینی وخۆشناوی سەقز جەنابی شێخ ئازادشەهابی

١٣ ساڵ سەزای زیندانی بۆ سەر پێنج مامۆستای کورد

سەزای سێدارە بۆ مامۆستایەکی ئایینی کورد