پەیامی یزاکا بە بۆنەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان
باوەڕدارانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، کوردستانیانی خۆشەویست و ڕۆژووانانی هێژا.
بە بۆنەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان پیرۆزباییتان لێدەکەین و هیوادارین ئەو مانگە و ڕۆژووەکانتان ببێتە قەڵغانی ڕزگاری هەم لەم جیهانە و هەم لە جیهانی دووایدا.
خۆشەویستان ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان فەڕزکراوە لە سەرتان هەروەک فەڕز بووە لە سەر گەلانی پێش ئێوە بۆیە پێویستە ئەم ڕووکنە گرنگەی ئیسلام باییخی پێ بدرێت و جگە لەو کاتانەی کە پەروەردگاری مەزن ئیزنی پێداون بۆ ئیفتارکردنی ڕۆژووەکانتان، وەک کاتی نەخۆشی و سەفەر کردن، هیچ بیانوویەکیتر نییە بۆ مرۆڤی مسوڵمان و بالغ و عاقڵ کە ڕۆژوو نەگرێت و چاوپۆشی بکات لە ڕەمەزان.
ڕۆژووی ڕەمەزان لە مانگی ڕەمەزاندا بە تەواو بوونی مانگی شەعبان و بینینی مانگی شەوال کۆتایی دێت و چەند ڕۆژێکی دیاری کراوە یا ئەوەتا ٣٠ ڕۆژە یانیش ٢٩ ڕۆژە.
بە هەر ئەگەرێک مسوڵمان ڕۆژوو بخوات و نەیگرێت واجبە هەم فیدیە بدات هەم دوواجار قەزای بکاتەوە.
ئەو خوشکانەی دووگیانن یان مناڵی شیرەخۆرەیان هەیە دەتوانن ئیفتار بکەن و لە داهاتوودا بیانگرنەوە.
یا ایهاالذین آمنوا كتب علیكم الصیام كما كتب علی الذین من قبلكم لعلكم تتقون، ٲیاما معدودات فمن كان منكم مریضا ٲو علی سفر فعدة من ٲیام ٲخر.
ئازیزان فەلسەفەی ڕۆژوو گرتن تەنیا خۆ برسی کردن نییە بەڵکو پێویستە هەم دڵ و زمان و گوێمان لە خراپەبپارێزین و هەوڵ بدەین هاوکاری هەژاران و لێقەوماوان بکەین، هەوڵ بدە چۆن سفرەی ماڵی خۆت جووان و ڕازاوە دەکەیت بۆ ناسیاوان و هەژارانیش بەم شێوەیە بێت، بەخیل و حەسوود مەبە، بەخشش و چاکە کاری بکە، خۆت لە تووڕەبوون و ئەزیەتدانی بنەماڵە و هاوسێکانت بپارێزە، گەر کەسێک جوێنی پێ دای تۆ لە وەڵامدا بڵێ من بەڕۆژووم، سەردانی خزمان بکە و سیلەی ڕەحم نیشان بدە، لە گەڵ هەر کەسێک پەیوەندیت پچڕاندووە پەیوەندی گەرم و گوڕ بکەوە، چوونکە بەم کارانەت خودای مەزن لە خۆت ڕازی دەکەیت وڕۆژوووەکەت قەبوڵە ئەگینا دڵنیا بە تەنیا برسییەتی و ماندووییت بۆ دەمێنێتەوە...
خودای دلۆڤان یارمەتیمان بدات بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە پیرۆز و مەزنە، جارێکیتر مانگی ڕەمەزان لە هەموو لایەکتان پیرۆز بێت.
یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
٢٢ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی.
Comments
Post a Comment