پەیام یزاکا بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە
هاونیشتیمانیانی بەڕێز، باوەڕدارانی ئایینی، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان
بە بۆنەی ١٠ی خاکە لێوەی ساڵی ١٤٠٠ هەتاوی پێویستە جارێکیتر یادی بەرزەپیاوانی گەلەکەمان کە بوێرانە دەنگی ئازادیخوازی و ڕزگاری نەتەوەییان بەرز ڕاگرت و لەو پێناوەشدا سەربەرزانە گیانی پاکی خۆیان کردە هەوێنی ئازادیخوازی و سەربەستی نیشتیمان بەرز بنرخێنین و ڕێزیان بگرین.
لە ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی قازی محەممەد، پێشەوای گەلەکەمان و سەرۆک کۆماری کوردستان، وێڕای چەندین هاوڕێی تێکۆشەر لە چووارچرای شاری مهاباد لە لایەن ڕژیمی دیکتاتۆری حەمەڕزاشا کە خۆی بە سێبەری خودا پێناسە دەکرد لە سێدارەدران و کۆتایی بە کۆماری کوردستان هات.
پێشەوای مەزن لەو سەردەمەدا بە حەق گوڵێک بوو لە ناو بیابان سەری هەڵدا و بوو بە مەشعەلی ڕاسان و بەرخوودانی کوردان، ئەگەرچی پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەندین شۆڕشی ڕزگاریخووازی نیشتیمان هەبوون بەڵام شۆڕشی نوێ شۆڕشێکی دێموکراتیک و سازمان دراو و خاوەن پڕەنسیپێکی مودێرن و بەرنامەیەکی تۆکمەی سیاسی بوو، گەر بە سەرنجەوە و بە ڕووانگەیەکی سیاسی و زانستییەوە سەیری دامەزرانی حیزبی سیاسی و کۆماری کوردستان بکەین لە ناو بڵێسەی ئاگری شەری دووهەمی جیهانیدا نرخ و پایەی گرنگی کۆماری کوردستان ڕوون دەبێتەوە.
هەرچەند کۆماری کوردستان تەنیا ١١ مانگی خایاند بەڵام چەندین تەوەر و فاکتەری گرنگی بۆ دووای خۆی کردە موڵکی هەمیشەیی گەلەکەمان، یەکەم لە ژێر ئاڵای کۆماری کوردستاندا بەیداخێکی نەتەوەیی درووستکرا، دووهەم سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب، سێهەم ناوی پیرۆز پێشمەرگە بۆ خەباتکارانی کورد هەڵبژێردرا.
١٠ی خاکە لێوەی هەمووساڵێک پێمان دەڵێت پێشەوا قازی محەممەد گیانی خۆی فیدای ئاوات و ئامانجەکانی نەتەوەیی کورد کرد، سڵی لە پەتی سێدارەی دوژمن نەکردەووە چوونکە هەم لە ڕووی مافی ئینسانی هەمیش لە ڕووی ئایینیەوە ڕێبازەکەی پیرۆز و ڕێگەپێدراو دەزانی، بۆیە ئەرکە لە سەر شانمان خەبات و قوربانی و گیانبازیان فەرامۆش نەکەین و بە وەفاوە پەیمان و بەڵێن نوێ بکەینەوە ئێمە هەمان ڕاسانییەکانی ١٣٢٦ هەتاوین، ڕاساوین و کۆڵ نادەین تا وەدیهاتنی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و بە دەنگی بەرزەوە دەڵەین کۆمار، موڵکی هەموو کوردستانە و ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانەی کوردستانە.
یەکیەتی زانایانی کوردستانی ئێران شان بە شانی تێکۆشەرانی کوردستان پەیمانی پشتیوانی خۆی نوێ دەکاتەوە و داواکارین لە ڕێبازی شەهیدانی ڕێبەرمان ماندوو نەبین و ڕاسانی ئەمجارەمان ڕاسانی گەلی کورد بێت.
بەرز و بەڕێز بێت یادی پێشەوای مەزن و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان.
یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ هەتاوی
Comments
Post a Comment