دەستبەسەرکردنی مامۆستایەکی ئایینی لە لایەن ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران
بە پێی هەواڵی ساییتی کوردپا ڕۆژی چووارشەمبە ڕیکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی مامۆستا حەسەن جەنگخاە خەڵکی هەفتووانی مەرگەوەر لە لایەن هێزە دژە گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار بردوویانە.
ڕژیمی دژە کورد ودژە ئایینی سووننە مەزهەبی ئێران، بە شێوەیەکی سیستماتیک لە دژایەتی باوەردارانی سووننە مەزهەب وجیابیرانی دیکەی خەڵکی ئێرانە، بەتایبەت ئەو جیابیرانەی کە نەتەوەیان جیاوازە ، هاوشێوەی نەتەوەی کورد.
ساڵانێکی دوور ودرێژە ڕژیم لە دژایەتی مامۆستایانی ئایینی کورد ونیشتیمانپەروەر بێ شەرمانی و بێ باکانە خەریکی دەستبەسەرکردن و ئەزییەت وئازاری ئەم بەشەی کۆمەڵگای کوردستانە، دیارە وئاشکرایە بۆ هەموولایەکان کۆماری ئیسلامی ئێران هیچکات لە تیڕۆر و دەستبەسەرکردن وراودوونانی زانایانی ئایینی خۆی نەبوواردووە لە تیڕۆڕی مامۆستا محەممەد ڕەبیعی ڕا تادەگاتە دەیان تیڕۆڕی دیکەی کەسایەتییە ئایینییەکان ودەستبەسەرکردنیان هەمیشە دوژمنایەتی خۆی ڕاشکاوانە لە گەڵ گەلی کورد وسووننە مەزهەبییەکانی کوردستان نیشان داوە.
ئەمجارەش مامۆستا حەسەن جەنگخاهی تەنیا بە هۆی ئەوەیکە ڕەخنەی لە کاربەدەستانی گەندەڵی ناوچەکە وئێران گرتووە دەستبەسەر دەکات وبۆ شوێنێکی نادیار دەیبات.
ئەرکی سەرجەم خەڵکی کوردستان بە تایبەت مامۆستایانی ئایینی ئەوەیە پاڵپشتی ئەم مامۆستا لاوە بکەن و دەنگی ناڕازی خۆیان بە گویی کەڕی دەسەڵاتدارانی ئێران بگەیەنن.
یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
٧ی خەرمانانی ١٣٩٩ی هەتاوی
Comments
Post a Comment