ڕاگەیەندراوی یزاکا لەمەڕ شەهیدکرانی ڕاسانیانی ژینگەپارێز
یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران، لەمەڕ شەهیدکرانی سێ چالاکوانی ژینگەپاریزی ناوچەی پاوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە. دەقی ڕگەیەندراوەکە بەم چەشنەی خوارەوەیە
خەڵکی شؤڕشگێری کوردستان، ژینگەپارێزانی نیشتیمان
هەروەک ئاگادارن ڕۆژی یەکشەم ٨ی پوشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی سێ چالاکی ژینگەپارێز بە هۆی سووتان لە دارستانەکانی پاوە گیانیان بەختی سەوزایی کوردستان کرد
ڕژیمی دژە مرۆیی ئێران لە درێژەی پیلانە نگریسەکانی خۆی بۆ سووتاندنی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامە داڕێژراو، ساڵانێکە بە شێوازی جؤراوجۆر ئاگڕ بەردەداتە دارستان و ژینگەی نیشتیمان دیارە ئەم سیاسەتە چەپەڵەی کۆماری بە ناو ئیسلامی ئێران بۆ هیچ لایەنێک نامۆ نییەو ڕای گشتی ئاگاداری ئەو پیلانە نگریسەی ڕژیمن، مخابن ئەمجارەش بەهۆی ئاگربەردانی دارستانەکانی دەفەری هەورامانی ڕازاوە وبووکی کوردستان لە ناوچەی [مەڕەخێل وبۆزین] ئاگریان بەردایە جەستەی نیشتیمان، بەم هۆیەوەش ڕاسانیانی ژینگەپارێز هەروەک و ڕابردوو هەستان بۆ گووژاندنەوەی ئاگرەکە، بەلام بەداخەوە سێ لاوی دڵسۆزی نیشتیمان خۆیان کرد بە قەقنەس و جەستەیان بوو بە خۆڵەمێش بۆ پاراستنی ژینگەو سەوزایی کوردستان، شەهیدانی ئەمجارەمان بریتین لە موختار خەندانی، بیلال ئەمینی، یاسین کەریمی
کۆماری دژە کوردی ئێران دوژمنی ژینگەو وداروبەردی ئەم وڵاتەیە، هیچکات ڕێگەنادات کوردستانێکی پڕپیت وسەوزاییەکە ڕەنگین هەبێت، بۆیە ئەرکە لە سەر شانی هەر نیشتیمانپەروەرێکی دڵسۆز بە گژ ئەم سیاسەتە دوژمنکارانەی کۆماری پەت وسێدارە بچێتەوە و رێگا نەدەن چیتر خاک و وڵاتمان بسووتێنن و لاوانمان بە ئاگری ناحەزان هەڵقڕچێن
یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئیران، وێرای هاوخەمی لە گەڵ بنەماڵەی ئەم پۆلە شەهیدانە و سەرەخۆشی دەکات لە سەرجەم بنەماڵەکانیان و هەموو ژینگەپارێزانی نیشتیمان، هەروەها ئیددانەی ئەم کردەوە دزێوانەی رژیمی کۆماری بە ناو ئیسلامی دەکات
انا للە والیە راجعون
یزاکا ٩ی پوشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی
Comments
Post a Comment