کورد بۆ ژیان خەبات ئەکات نەک بۆ مەرگ مەلا عەلی سێڵاو
- کورد بۆ ژیان خەبات ئەکات نەک بۆ مەرگ
نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژوو چ لە سەردەمی دسەڵاتی ئیمپڕاتۆرییەتی ماد و چ دووای ماد و سەردەمی دەسەڵاتی ئیسلام و هەنووکەش هیچکات چاوی تەماع و داگیرکاری لە سەر وڵات و نەتەوەکانیتر نەبووە و هیچکات هیچ هەنگاوێکیشی بۆ ئەو مەبەستە نەگڕتۆتە پێش" بەڵام بە پێچەوانە هەمیشە نەتەوە داگیرکار و شۆڤێنی و ڕاسیسمەکانی دەوروبەر بە پشتیوانی زلهێزانی دەرەکی خاک و نیشتیمانی کوردیان کردۆتە مەیدانی ڕمبازێنی خۆیان و کوردستانیان داگیر و لەت لەت کردووە و موڵک و سامانی ئەو نەتەوە ئاشتیخوازەیان دزیوە و لاوانی بێ تاوانیان لە کوونجی زیندان کردووە، و بە دەیانهەزار لاوی بێ تاوانی ئەم نیشتیمانەیان لە سێدارە و تیڕۆریان کردوون
هەر جۆرە هەستی ئازادیخوازی و ڕزگارییەکیان بە قورسترین چەکەکانیان وەڵام داوەتەوە وئاگریان لە دارستان و ژینگەی کوردستان بەرداوە یانیش ئەنفال و کیمیابارانیان کردووە، بەو حاڵەش کورد و ئازادیخوازان و شۆڕشگێرانی کورد هەمیشە بە شێوەیەکی مرۆیانە و پەسندکراوەکانی ڕێکخراوەی مافی مرۆیەکان هەنگاوی ناوە و لە وڵاتی خۆیان داوای مافی زەوتکراوی خۆیان کردوە
کورد لە هەر چووارپارچەی کوردستان لە نێوان چووار دەوڵەتی جیابیر وەک ئیسلامی و سوسیالیستی و لاییکەوە بێ جیاوازی دەچەوسێتەوە و کوڕان و کچانیان بێ ڕێزیان پێ دەکرێت و لە سەرەتاییترین ماف بێ بەش دەکرێن، کورد ناتوانێت زبانی داییکی خۆی بخوێنیت ناتوانێت لە پۆستەگرنگەکانی حکومەت بەشدار بێت هەمیشە بە چاوی دوژمن و پلە دوو و سێی کۆمەڵگا سەیر دەکرێن، بە بیانووی جۆراوجۆر کوردستان ملیتاریزە دەکرێت، ئابووری و پێشکەوتن لە کوردستان لە لایەن داگیرکاران پێشی لێدەگیرێت، زانا کوردەکان پشت گوێ دەخرێن کە ئەم زانا کوردانە لە دەرەوەی کوردستان ناو ناوبانگی جیهانیان هەیە بۆ وێنە کۆچەر بیرکار کە بەڵیمەتی جیهانییە و جیهان بە گشتی شانازی پێوەدەکات
دوژمنانی کورد کە تەفەکوراتی شۆڤێنی و راسیزمیان هەیە چ لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران و چ لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاخووندەکان هەمیشە بەشیان زیندان و دەربەدەری و ماڵوێرانی و کاولکاری بووە، بە تایبەت ئاخووندە دەسەڵاتدارەکان ڕەنگێکی مەزهەبیشیان بە دژی کورد بە کار هێناوە بۆ ئەوەی شەرعییەت بدەن بەو هەموو ستەم و زۆردارییە، بە ناوی خودا تۆمەتی محارب(شەڕ لە گەڵ خودا) ئەدەنە پاڵ ئازادیخوازان و چالاکانی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، شاراوە نییە لە مەڕ تاوانێک لە نێوان فارسێک و کوردێک سەزاکە جیاوازە واتە ئەو سەزایەی بۆ تاوانبارێکی کورد دەبێتە سێدارە بۆ فارس زبانێک زیاتر لە دوو ساڵ زیندان نابێت! ئەوەش دەرخەری ئەو فکرە شۆڤێنیەیە کە دەسەڵاتدارانی فارس زبان بە سەر کوردستاندا سەپاندوویانە.
دوژمنانی کورد سیاسەتی ڕەش و سپیان لە ناو کوردستان بە کار بردووە واتە جاش و باش بەو مەبەستە کورد هەر خۆی خۆی لە ناوبەرێت، مخابن بەشێکیش بوونەتە دەستەچیلەی ئەو سیاسەتە و پاڵ بە پاڵی دوژمنان لە دژایەتی وڵاتی خۆیان ئەجووڵێنەوە، ئەم جۆرە کەسانە لە کوردستان ناوزەد کراون بە جاش واتە هەمان خۆفرۆش و خیانەتکار، ئەگەرچی لە ئاییندا خیانەت یەکێک لە مەزنترین تاوانەکان و سیفەتی موونافیقانە بەڵام خۆفرۆشەکان بۆ هیندێک پارەی سەرشۆڕانە بوونەتە بەکرێگیراوی دوژمنان، لە ڕوانگەی شەرعییەوە خیانەتکار بە دوژمن بە ئەژمار دێت و لە ڕووانگەی سرووشتیەوە خیانەتکار لەمپەرێکی دزێوە لە ڕزگاری نیشتیمان و ئازادیدا، بۆیە پێویستە بە هەمووشێوەیەکی کردەیی پێش لە خیانەتکار بگریردرێت و کۆتایی بەو سیاسەتی دوژمن بهێندرێت
پڕۆسەی جاش سازی لە کوردستان مێژوویەکی دێرینی هەیە لە سەردەمی دەسەڵاتی زوحاک ئاکو ئێستا ئەم سیاسەتە لە لایەن دوژمن پەرەی پێدراوە و زۆر جاریش خیانەتکارانیان وەک قارەمانانی گەل نیشانداوە هاوشێوەی کاوەی ئاسنگەر کە خیانەتی لە دەسەڵاتی کورد کرد و ئێستاکەش بۆتە سوومبولی ئازایەتی کورد
یان ناوزەد کردنی خۆفرۆشەکان بە پێشمەرگەی مسوڵمان
له ڕاستیدا بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد بە تایبەت لە سەردەمی شۆڕشی مودێڕن و خاوەن بەرنامە هەمیشە هەوڵی ئەوە بووە لە ڕێگای وتووێژ و دانیشتن لە سەر مێزی گفتوگۆ کێشەکانی لە گەڵ داگیرکەران کۆتایی پێ بێنێت، هەمیشە مەبەستی بووە ئەوەی بە پێنووس دەکرێت با بە چەک و خوێن نەکرێت، بەڵام دوژمنان پێچەوانە تەنیا زبانی چەک و خوێن دەناسن چوونکە تەنیا مەبەستیان نەمان و لە ناوچوونی کوردە
کاتێک بە ور
ئەگەر چی دوژمنان مەزنترین سەرکردە و سەرۆک و ڕێبەرانیان شەهید کردووین بەڵام هەستی نەتەوە پارێزی و ڕزگاری نیشتیمان ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەستێنێت، ئەوەش ئەوەمان پێ دەڵێت کورد مافی خۆیەتی نیشتیمانی خۆی هەبێت و سەربەست بژێت، و ئەم شۆڕش و بەرخودانەی کوردان لە ڕووانگەی ئایینیەوە بەرحەق و درووستە، بێ گوومان گیانبەختکردووانی ئەم ڕێبازە شەهیدی ڕاستەقینەن
ئێمە گەلێکی ئازادیخواز و ئاشتیخوازین، حەزمان لە ژیانە حەز دەکەین سەربەست بژین، خۆشیمان خۆشی و شادی هەموو مرۆڤێکە، ئەوەندە ئازارمان بینیوە هەست بە ئازاری هەموو گەل و نەتەوە و کەسێکی ئازار پێگەییشتوو دەکەین، شەر و خەبات و شۆڕشگێریمان بۆ ئەوەیە ژیانێکی ئارام و بێ کێشە و بێ دوژمنایەتیمان هەبێت، نە شەهیدپەرورەی دەکەین نە شەهیدبوونمان ئاواتمانە بەڵام بۆ ئازادی مەرگ ناترسین، مەرگ لە پێناو ئازادیماندا سەربەرزیمانە
مەلا عەلی سێڵاو
یزاکا ٨ی پوشپەڕی ١٣٩٩ ی هەتاوی
- [28.06.20 20:50]
Comments
Post a Comment