یەکگرن و پەرتەوازە مەبن: مامۆستا ئیبڕاهیم مەجیدپووری
بەناوی خوای بێهاوتا واعتصموا بحبل اللە جمیعا ولا تفرقوا. ئێمەی موسوڵمان ئایینەکەمان ئیسلامە ،سەرچاوەی دینەکەمان قورئانە ،ڕێبازمان ڕێگای پێغەمبەرانە . بۆ ئیمان داران قورئان قانونی بنەڕەتیە و کاری پێدەکرێی .ئەرکی مامۆستایانی ئایینیە بەسرنجەوە لێی ورد بنەوە ،هەتا بەتەواوی لە بابەتەکانی دڵنیا نەبن بڕیاری لەسەر نەدەن و بۆ خەڵکی بڵاو نەکەنەوە .بەقەدەر تێگەیشتنی خۆیان ڕاسپاردەکانی خوا بەباوەڕداران و خەڵکیتری بگەێێنن ،تا بڕواداران بە بەرچاوڕونی ئەنجامیان بدەن و بێبڕوایان بێی دەمار گرژی هەڵیان سەنگێنن و لێکیان دەنەوە. بۆیە دەبێی هەمومان پاڵ وێکدەین و یەکبگرین بەدەست گرتن بە ئاڵقەی قودرەتی خوا ڕیگای دروستی پێکەوە ژیان بدۆزینەوە. بابەتێکی قورئانی کە ئێمە دەبێی سرنجی بدەین ودەرسی لێوەرگرین و لەژیانمان دا کاریان پێبکەین سەر گوزەشتەی پەیامبەرانە، نەک تەنیا وەک مێژو بەڵکو وەک سەرمەشق وئامۆژگاری ، بۆ خۆپاراستن لە خەتاو تاوان ، خۆماندوکردن بۆ دابەزاندنی هەق و عەداڵەت ،خۆڕاگرتن لەبەرانبەر ئەرکە مەترسیدارو قورسو گرانەکان، نەبەزین و کۆڵ نەدان. ئێمەی کورد گەلێکی زوڵم لێکراوی بەشخوراوین ،بۆ ڕزگاری لە ژێر ئەو زوڵمە ناڕەوایانە ڕەوشتو ئاکاری پەیامبەران ڕەچاو بکەین .بۆ وێنە موسا بکەینە ئۆلگو و لە هیچ مەترسیەک سڵ نەکەین . بڕوانن خوا لەقورئاندا فەرمویە : { بڕیامان داوە ئەوانەی لەو سەر زەویە زوڵمیان لێکراوە و زەلیل و زەبون کراون ،ئاوڕی بەخێریان وێدەدەین و دەیان کەینە پێشەواو پێشەنگی خەڵک وو... } ناوەرۆکی ئایەتەکە پێمان دەڵێی : ئەوانەی زاڵم و چەوسێنەرن و بەزۆر خۆیان سەپاندوە سەرئەنجام دەکەونە بەر شەپۆلی غەزەبی خواو ڕقو قینی وەزاڵەهاتوەکان ،خوا یارمەتیدەری مەزلومانە .مێژوش زۆری لەو گەلە ڕاپەڕیوانەی کۆشکی دیکتاتۆرانیان ڕماندوە لە خۆیدا سەبت کردوە. ئێمە دەبێی لە بەسەرهاتی پەیامبەران (٣ ) سێی شتی بەنرخ فێر بین : ( ١) ـ لە تێڕوانین و هەلسەنگاندنی ئەو ئایەتە قورئانیانە زەخیرەی زانستی دابخەین و خەڵکی سەردەمی خۆمانی پێی تێرو تەسەل بکەین .لەوە تێبگەین قبوڵ کردنی دین و ئایین ئەرکێکی قورس و بەرپرسایەتی زۆرو گرانەو ڕێگایەکی پڕ کەندو کڵۆیە ،لە هەمانکاتدا بەئیمانی پتەوو لە خۆ بردەیی و ئیرادەی بەهێز هاسان و ڕازێنەرەوەی ژیانە . ( ٢ ) بابەتەکان جۆرێک بخە ینە بەرباس کە بتوانێی لە دنیای ئەوڕۆدا کەعیلم و زانست گەیشتۆتە چڵەپۆپە، وڵامدەری پرسیارەکانی بڕواداران و بێبڕوایانیش بێی . ( ٣ ) ـ بیسەلمێنین کە قورئان ناردراوی خوایەو پڕیەتی لە ڕێنوێنی و سەداقەت و ڕاستی و بەرهەق بونی پەیامبەران مسۆگەر دەکا . لە بەر ئەوەی مرۆڤ نەهەمو شتێک دەزانێو نەگشت شتێک دەتوانێی و شتیشی لەبیر دەچێتەوە و قورئانیش هەزاران شتی تا ئیستا نەزاندراوی لە خۆی دا جێکردۆتەوە ،بۆیە پێویستە مامۆستایانی ئایینی زاناو شارەزا وتارو باسەکانیان لە قورئان هەڵێنجن و لێزانانە بۆ خەڵکی شیکەنەوە و بە رەوابونی داواو دینەکەیان پشت ئەستور بن.، دوربن لە هەڵچون و دەمارگرژی ،واز لەپیرۆز کردنی کەس و ئیمام ، و دارو بەردو ، هیتر بێنن .چونکە ئەوەی پیرۆزە و بۆ کرنۆش بۆ بردن دەبێی هەر خوایەو بەس . حورمەتی گەورە پیاوان وڕێز لێنانیان کارێکی باشەو کەس نابێی نکۆڵی لێبکا ، بەڵام حورمەت دەگەڵ پەرستن جیایە . بابزانین خوا چی فەرموە : { لە چاکە کردن و دورکەوتنەوە لە خراپە یارو هاوکاری یەکتر بن ، بۆ خراپە و دەست درێژی بۆ مافی ڕەوای خەڵک هەرگیز دەگەڵ یەک ڕێک مەکەون.} بێگومان کۆمەڵگا بەبێی یارمەتی و هاوکاری یەکتر بەڕێوە ناچێ ، بۆ ئەوەی برایەتی ، هاوکاری ، خۆڕاگری ، لە خۆبردەیی ببێتە ئامانج و بەرنامەی کارو تێکۆشانمان ،دەبێی بە ئیمان و بڕوایەکی پتەوو بەهێز وەک باوکی پەیامبەران ئیبڕاهیم ، خاوەنی ڕوحێکی ئەوەندە پاک و بەهێز بین کە ترسو نائومێدی نەتوانێی زەفەرمان پێی ببا ،دەبێی بڕوامان بەوە هەبێی کە لە کردەوە زیاتر هیچ کەس و شتێک لە ڕۆژی سەڵادا لە فریامان نایە . خوا فەرمویە : { ئەوڕۆژەیە کە ماڵ و منداڵ بەکار نایە ،تەنیا مرۆیەکی ڕوح پاک و سالم لە حزوری خوایە . دڵنیام ڕوحی پاک ئیمان و بڕوای بەهێزی تێدایە ، نەترس و نەخەم ناتوانێی ڕوی تێبکا . ئێمە دەبێی لە سەر بەهوردەی پەیامبەران دەرسی تێکۆشان و لەخۆ بردەیی و سور بون لەسەر ڕێگاو ڕێباز ،نەبەزی و کۆڵ نەدان فێر بین .ئەوان ملیان بۆ زوڵم و زۆرداری ڕانەکێشا ، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان هەر چی تاڵی و سوێری ، مەترسی مەرگ و دەربەدەریان کێشا ، ئەرکی پێی ئەسپێردراویان ئەنجام دا و ڕەزامەندی خوایان وەدەست هێنا. مامۆستایانی ئایینی لەمن باشتر دەزانن ئەرکیان چەندە بایخدارە و لە هەمانکات دا قورسو گرانە ،لە بەرانبەر خواو خەڵک دا بەر پرسیارن چونکە میراتگری پێغەمبەرانن .زۆر باش دەزانن ئەوان چەندیان جەفا کێشاوە ، چۆن نیازی کوشتنیان گیراوە ،لە شارو گوندی خۆیان ڕاو نراون ، بەڵام وازیان لەداواکەیان نەهێناوەو لە ڕێبازەکەیان لایان نەداوە. ئەگەر کەسێک نەخۆشی ئێرەیی و دوژمنایتی کوردی نەبێی ،دەزانێ ئێمە لەو ڕێبازە لامان نەداوە. ئەوانەی ڕێبەری ئایینیان وەئەستۆ گرتوە دەبێی زۆر لەوە بەرزترو بەهێزتر بن کە ببنە بڵیندگۆی پڕو پاگەندەی کردن بۆ حاکمان و دەسەڵاتداران . خائین و خۆفرۆش بەشەهیدی ئیسلام لە قەڵەم بدەن ، بۆ ژیان و پلەو پایە خۆیان بدۆڕێنن ، دەبێی بۆ ئازادی نیشتمان و گەل کە مافێکی خوایین بێترس بێنە مەیدان و پشت بەو فەرمودەی خوا ببەستن .{ خوایە پشتمان بەتۆ بەستوە ، خۆمان بەتۆ ئەسپاردوە ، ڕوومان لە تۆ کردوە دوا ڕۆژیشمان هەر گەڕانەوە بۆ لای تۆیە .خوایە مەمانخە بەر تیرو توانجی تۆ نەناسان ، بمانبورە ، هەر خۆت دەسەڵاتداری لەکار زانێ } بێگومان ئەوانەی بۆ مەبەستی تاکی ، بۆ بەرژەوەندی نامەشڕوع و کاتی ، لە ترسی مەرگ و ناڕەحەتی واز لە مافی خوا پێداوی خۆیان دێنن ، سەرئەنجام دەکەونە بەر لێپرسینەوەی خواو خەڵک. براتان مەلا برایمی مەجید پور: یەکێتی زانایانی
ئایینی کوردستانی ئێران۲/٥/۱۳۹۸
Comments
Post a Comment