بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ لە لایەن ئەندامێکی یزاکا ... قازی
ژێ.کاف و جیهادی ئەکبەری ئەندامەکانی نموونەی دینداری کوردانە
بەناوبانگە کە پێغەمبەری خودا فەرموویەتی:
[أفضلُ
الجهادِ من جاهد نفسَه في ذاتِ اللهِ عزَّ و جلَّ] (الطبرانی:۱۳/٥٩٦)
گەورەترین جیهاد ئەو کەسەیە کە جیهاد لە
هەمبەر ناخی خۆیدا دەکات لە ڕێی خودای بەرز و بەڕێزدا.
جا کاتێک مرۆڤ خۆی لە هەمبەر دەقە
ئایینیەکاندا دەبینێتەوە، هەر کەسێک بەپێی پێشخوانی ڕۆحی و فکری و دەروونی خۆی
هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو دەقانەدا دەکاتەوە و بێگومان لێک دانەوەی بۆ ئەو دەقانە لەو
پێشخانە فکری و ڕۆحیەوە سەرچاوە دەگرێت.
بۆیە کاتێک تاقمێک لە ڕاڤەکارانی
مەدرەسەیەکی فکری یان ناوچەیەکی نیشتمانی پەنجە لەسەر دەقانێک، کە چەمکێکی تایبەت
لە خۆ دەگرن، دادەنێن و زیاتر ڕەچاویان دەکەن، تێدەگەیت کە ئەو کۆمەڵە خەڵکە
فەلسەفەی ژیان و فکری کۆمەڵایەتیان _سەربەخۆ لە کاریگەری نەریتی ئایینی لەسەریان_
لەگەڵ ئەو چەمکە تایبەتەدا زیاتر دێتەوە.
بۆ نموونە کۆمەڵی توندئاژۆی ئایینی زۆرتر
سەرنج دەدەنە ئایەتەکانی جیهاد و قیتال و چەمکە سیاسی و دەسەڵتخوازیەکان و خەڵکانی
عیرفانی زیاتر سەرنج دەدەنە چەمکی یاد و زیکری خودا لە دەقە ئایینیەکاندا و هتد.
ئەوەی کوردیشە بە زۆری هەرە زۆر ئەو
بیرمەندانەی لە ڕۆحی کوردانەی خۆیان دانەبڕاون، زیاتر بواری ئەخلاقی وەک ڕاستی و
دەستپاکی و بە نامووسی و هتد، جێی سەرنجە و تێڕامانیان بووە.
ئەو پابەندیە ئەخلاقیەی کوردان بە ئایینی
ئیسلام لە یەکەم حیزبی مۆدێڕنی کوردیدا واتا کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژ.ک) بە
جوانترین شێواز ڕەنگی داوەتەوە.
بۆیە ئەگەر بڕوانیتە پێشەکیەکەی تاریک و
ڕوونی مامۆستا هێمنی موکریانی و چێشتە مجێورەکەی مام هەژار و کورد بوونەکەی حەمەدی
مەولوودە چرچ و هەرکامێک لە یادەوەریەکانی ئەندامانی ژێ.کاف، یەک خاڵی هاوبەشی
تێدا دەبینیەوە.
ئەویش ئەوەیە ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە
سوێندیان بە قوڕئان و ئاڵای کوردستان و شەڕەفی خۆیان و خەنجەرێک خواردووە کە بە
گوتن و نووسین و تەنانەت بە ئاماژەش خیانەت بەگەلەکەیان نەکەن.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە هەموان دەڵێن
ئێمە نەماندەوێرا تەنانەت لە ماڵێ هاوڕێکانمان بە تەواوی چاو حەوادەین نەکا بە
ڕێکەوت چاومان بە خوشککانیان بکەوێت و دڵمان بگۆڕێت و سوێندەکەی ژێکافمان بشکێ و
خەیانەت بە گەلمان لە هەژمار بێت و ئەو قوڕئانە بمانگرێت کە سوێندمان پێ خواردووە.
ئەمە نموونەی زەقی خوێندنەوەی ئایینە بە
خوێندنەوەی کوردانە بەو شێوازەی کە ئەگەر دەتهەوێت گەلێکی داگیر کراوی وەک کورد لە
خەوی توانەوە بە ئاگا بێتەوە، دەبێت تاکی دەستەبژێری کارای ئەخلاقی بۆ پەروەردە
بکەیت.
هەر وەک خودای گەورە دەفەرمێت: [إِنَّ اللَّهَ لَا يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ
حَتَّىٰ يُغَيِّرُوا مَا بِأَنْفُسِهِمْ(الرعد/١١]
خودا گەلێک ناگۆڕێت تا خۆیان حاڵی خۆیان
نەگۆڕن.
بۆیە ئەو پیاوە نموونەییانەی مێژووی
سەردەمی گەلەکەمان گۆڕانکاریان لە نەفسیانەوە دەستپێکرد و تێگەیشتن کە بۆ بەڕێوە
بردنی شۆڕشێکی مافخوازانەی تاهەتایی دەبێت لەبەرەوە شۆڕش بەرامبەر نەفسی تاوانباری
خۆیان هەڵگیرسێنن و لە پێشدا جیهادی ئەکبەر بکەن.
هەر ئەوەیە کە شۆڕشی پێشەوا و ژێ.کافیشی
لەگەڵ بێت بە پێچەوانەی زۆر بەی شۆڕشەکانی گەلەکەمان تایبەت بە پارچەیەکی تایبەتی
نیشتمانەوە نیە و ئەوخوانەی کە دایخست هەموان لێیان خوارد و هەر سووچێکی نیشتمان
بپشکنی لە ئامێد و دیاربەکرەوە بۆ کرماشان و ئیلام و لە هەولێر و خانەقینەوە بۆ
کۆبانی و قامیشلۆ، هەموان خۆ بە خاوەنی ئەو شۆڕشە دەزانن و ئێستاشی لەگەڵ بێت بۆ
وەدەستهێنانەوەی دەستکەوتەکانی تێدەکۆشن.
Comments
Post a Comment