مانگێک بە سەر دەستبەسەر بوونی تێدەپەڕێت.


خەڵکی ڕێزدار و ئاگاداری کوردستان و دۆست و هاوەڵ و ئازیزان و سەرجەم مامۆستایانی سووننە مەزهەب و ڕاستبێژی ئایینی ئیسلام، حیزب و ڕێکخراوە مرۆڤدۆست و ئازادی خووازەکان.

هەر وەک ئاگادارن زیاتر لە مانگێکە کە دادگای ناشەرعیی ڕۆحانییەتی هەمەدان مامۆستای ئایینی و دڵسۆزی ئیسلامی ڕاستین وناسراو و کۆمەڵایەتی  و کەسایەتی خۆشەویستمان، جەنابی مامۆستا لۆقمان ئەمینی هەروا لە ژێر دەستی ڕەشی ڕژیمی تاریکپەرەست و دژە مرۆیی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە.
بە پشت بەستن بە بەدواداچوون و بەڵێنەکانی دادگای ڕۆحانییەتی هەمەدان، بڕیار بوو دوای چەند ڕۆژ، مامۆستا ئازاد بکرێت، بەڵام ئێستا زیاتر لە مانگێک تێپەڕیوە، هێشتا هیچ هەواڵێک لە ئازادکردنی ئەو پایە بەرزەمان نییە.
ئێمە یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران، ئەم بابەته لە بەڕچاوی ڕای گشتی کورد و ئازادیخوازان دەورژێنین و ڕایدەگەیەنین که بە لەبەرچاوگرتنی باری دەروونی و جەستەیی مامۆستا لۆقمان بە هۆی نەخۆشی درێژخایەنانەی ساڵانێکه پێیوە گرفتار بووە ئەوپەڕی نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین و هۆشداڕی بە ڕژیمی دژە سووننە و کوردی ئێران دەدەین کە جەنابی مامۆستا بە واتای میلیۆنان مسوڵمانی ئەم وڵاتە پێناسە دەکرێت.
و لێرەوە ڕوو بە ڕژیمی جینایەتکاری ئێران ڕایدەگەیەنین  لە هەر ئەگەرێکی ناخۆشدا کە خودای نەخواستە بە سەر مامۆستادابێت، بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی دادگای ناشەرعی بەناو ئایینی هەمەدان و هێزە تیرۆریستییەکانی ڕژیمی ئێران دەبێت.

بۆ جارێکیتر داوا لە هەموو مامۆستایانی ئایینی و پێشنوێژ و خووتبەخوێنانی مزگەوتەکانی کوردستان و ئێران دەکەین بێ دەنگی بشکێن و پاڵپشتی مامۆستای زیندانیکراو بن ئەوە نەک هەر ئەرکێکی ئاینییە بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقی و توێژی بێ ڕێزیپێکراوی ئایینی ئیسلامی سووننە مەزهەبە، و داواکارین هەموو مسوڵمانانی کوردستان هەروەک چۆن مامۆستا لۆقمان پاڵپشتی ئێوە بوو، ئێوەش وەفادارانە ڕێگە مەدەن چیتر دەستی چەپەڵی ڕژیمی ئیسلامی ئێران ئەشکەنجەی جەستە و دەروونی مامۆستا و پێشەوای ئایینیمان بدات.

هەروەها داوا لە سەرجەم ڕێکخراوە مرۆڤدۆست و یەکیەتی جیهانی ئیسلامیش دەکەین ئیدانەی ئەم بێ ڕێزیەی ڕژیمی ئێران بکەن پاڵپشتی ئازاد بوونی مامۆستا لۆقمان ئەمینی بن.


یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران

 ١/٣/١٤٠٤ی هەتاوی

Comments

Popular posts from this blog

هەڵوێستەیەک لە سەر فتواکەی مەلا ساڵەی دەمامە..

کۆچی دووایی مامۆستایەکی ئایینی نیشتیمانپەروەر

پەیامێک بۆ ڕای گشتی سەبارەت بە دەست بەسەرکرانی مامۆستا لۆقمان ئەمینی لە لایەن کۆمار ئیسلامی ئێرانەوە.