تەبایی فاکتەری سەرکەوتنە. مەلا عەلی سێڵاو
تەبایی فاکتەری سەربەخۆیی و گەشەسەندنی ئابووری و پێکەوەژیانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگایە...
کۆمەڵگایەکی بەختەوەر و سەرکەوتوو بریتییە لە چاوپۆشی کردن و لێبووردەیی تاکەکان و ڕێز گرتنی مرۆڤە دڵسۆز و سیاسی و ڕێبەرانی نەتەوەیی کە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن.
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەبینین ئەو گەل و نەتەوانەی خەریکی دژایەتی کردنی یەکتر و داپڵۆسینی سەرمایەی گشتی بوونە بۆ بەرژەوەندی هۆز و عەشیرەی خۆیان و گرنگیان بە نیشتیمان و سەروەری نەتەوەیی نەداوە زۆر سانایی کەوتوونەتە بەر ڕەهێڵەی هێرشی داگیرکەران و خاک و وڵاتیان داگیرکراوە، ڕەهەندی یەکگرتوویی دەبێتە سەنگەرێکی بەهێز لە دژی چاوچنۆکانی پاوانخوواز و دزان و سەرەڕۆیانی سەرلێشێواو.
زۆر بوونی بۆچوون و حیزب و چەمکی نادرووست کە ببێتەهۆی پەرتەوازەیی و لێکدابڕانی کۆمەڵگا نەخۆشییەکی کوشەندەیە و بە جێگای قازانج بۆ گەل و نیشتیمان لەمپەری یەکگرتن و یەکێتی نەتەوەیی دەبێت، لە سەردەمی ئێستادا کە دێموکراسییەت و چەمکەجۆراوجۆرەکانیتر بۆ پێکەوەژیانی چینەکانی کۆمەڵگا باوکراوە دەکرێت هاوکات لە گەڵ ئەم قازانجە کۆمەڵێک کێشە و ناتەباییش درووست بکات لە ئەگەری ناتێگەییشتن لە ماناو ناوەرۆکی سەرەکی ئەم چەمکانەدا.
دەزانین دێموکراسییەت باشترین چارەسەرە بۆ گەشەسەندن و پاراستنی کەڕامەت و مافەکانی دانیشتوانی وڵات، بەڵام ئەوشمان لە یاد نەچێت دێموکراسییەت بە بێ شناخت و ئاگاهی و شڕۆڤەکردن و جۆری دێموکراسییەت لە ناو جیهانی سێهەمدا خۆی لە خۆیدا دەبێتەهۆی بێ سەرەڕۆیی و دوواکەوتنی خواست وئامانجەکانی ئەم گەلە، دێموکراسییەت لە جووانییەکانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و خاوەن سەروەری جوگرافی و نەتەوەییە، ئەم دێموکراسییە پێویستی بە چووارچێوەیەکی دیاریکراوە.
دێموکراسییەت چەمکی دەسەڵات و حکومەتە، جۆری دێموکراسییەت لە گەڵ کلتووری کۆمەڵگا ڕێکدەخرێن، واتە دێموکراسییەتی ڕۆژئاوایی ڕەنگە لە گەڵ دێموکراسییەتی وڵاتانی خۆرهەڵات جیاواز بێت هەرکات هەوڵی ئەوەماندا دێموکراسییەت لە گەڵ کلتور و ئایین هاوتەریب بکەین بە دڵنیاییەوە دەتووانین وڵات لە پەرتەوازەیی و دووبەرەکی دەرباز بکەین.
فرەحیزبی کە لە ڕوکنە سەرەکییەکانی دێموکراسی بە ئەژمار دێت لە وڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆدا پارێزەری مافەکانی چین و توێژە جۆراوجۆرەکان و گشت تاکەکان دەبێت بەڵام فرەحیزبی لە کاتی شۆڕش و خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەیی زیاتر سەرئێشە درووست دەکات و شەمەندنەفەری گەییشتن بە ئامانج هێور و ڕەنگە بیشی وەستێنێت، بۆیە دەبێت زۆر وردبین و هۆشیار بین کە فرەحیزبی نەخزێتە ئەم ڕەهەندە و هەوڵ بدەین لە سەرووی هەموو بەرنامەکانمان بابەتی نەتەوەیی و یەکڕێزی سەرەکیترین فاکتەری تەبایی و پێکەوەبوونمان بێت.
ئەگەر ئێمە بتوانین بە سەر ئەم کەندوکۆسپانەدا زاڵ بین، کە ساڵانێکە هۆکار بوونە لە نەگەییشتن بە ئامانجەکانمان، و بتوانین تەبایی و لێبووردەیی و یەکڕێزی ڕێک بخەین دەشتوانین دێموکراسییەت بە باشی لە دوواڕۆژی ئازادی نیشتیمان بەدی بێنین، چوونکە تەنیا نووسین و داڕێشتنی وشەی دێموکراسی بە تەنیا ناتووانێت لە دیکتاتۆریەت بمانپارێزێت و ڕەنگە بتوانم بڵێم جۆرێک دێموکراسی هەیە کە هیچ جیاوازی لە گەڵ دیکتاتۆریەت نییە.
پێویستە ڕۆڵی شۆڕشە کلاسیکەکانی پێشووترمان وەک شۆڕشەکانی شێخانی سەعید پیران و شەمزینان و سمکۆ و مەحموود حەفید و سەلام بارزانی وهتد بەرز بنرخێنین و وانەیان لێوەرگرین، پێویستە ڕێزی کەسایەتییەناودارەکانی خۆمان بگرین و بێ ڕێزیان پێ نەکەین، دەبێت ئەوە بزانین ڕۆڵی زانایانی ئایینی لە بزاڤی ڕزگارخوازی گەلی کورد زۆر ئەرێنی بووە و پشتگیری ئەو بەشە لە زانایانی ئایینی بکەین کە تریبوونی مزگەوتەکانیان بۆ هۆشیاری نەتەوەیی گرتۆتە دەست و پاڵپشتی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بوونە.
دەبێت ئەوە بزانین تەنیا پشتیوانی شۆڕشەکانمان گەلەکەمانن، پشت بە شووعاری بێ قازانجی خەڵکیتر نەبەستین و ئەوەی دەکرێت بۆ ڕزگاری هەر ئەوە بکەین، خۆمان بەدوور بگرین لە ناتەبایی و دژایەتی کردنی یەکتر.
پاش دەیان ساڵ ئەوەمان بۆ ڕوون بۆتەوە ڕاسیزم و شوڤێنیزمی سێ نەتەوەی دوژمن هیچکات لە دژایەتیمان ناوەستن و بڕیاریان داوە هەمیشە داگیرکەری خاک و وڵاتمان بن، با چیتر لە ژێر پڕۆپاگەندەی ئێمە براین فریو نەخۆین ئەوان نە برامانن نە ئامۆزا و نە بگرە زڕبراش نابن، دوژمنی نەتەوەیی و خاک و وڵاتمانن، هەرکات لە دەسەڵات کەوتن قورئان دەگرنە دەست و هەرکات هێزیان بوو بە شمشێر بەرەو پیری مناڵەکانمان دێن.
هیوادارم بۆ جارێکیش بێت لە مێژووی پڕ لە خوێن و ماڵوێرانی خۆماندا ببین بە یەک و پشت و پەنای یەکتر بین.
بە هیوای ئازادی گەل و نیشتیمان. م ع
٣ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی
Comments
Post a Comment