جیاوازی نێوان ئیسلام و ئیسلامی سیاسی. مەلا عەلی سێڵاو


جیاوازی نێوان ئیسلام و ئیسلامی سیاسی

ئیسلام و ئیسلامی سیاسی دوو بابەت و تەوەری لێک جیاواز بە دوو خۆێندنەوەی جیاواز.
لە کۆنەوە تاکو ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە، ئەگەرچی کۆمەڵێک لە بیرمەندان و زانایانی ئایینی و سیاسی لە مەڕ ئەم دوو تەوەرە ڕا و بۆچوونی خۆیان بە ڕوونی نیشانداوە بەڵام هێشتا سایکۆڵۆژی کۆمەڵگای ئیسلامی نەیتووانیوە جیاوازی نێوان ئەو دووانە بدۆزێتەوە، زۆرجاریش لایەنی ئیسلامی سیاسی کە لەو باوەڕەدان ئیسلام بەرنامەیەکی سیاسییە دژبەرانی ئەم لایەنەیان بە نەزان و یانیش بە لادەر ناوزەد کردووە.
بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە باشی شیکارییەکی ئەم دوو تەوەرە بکەین کە ئاخۆ ئیسڵام وەک ئایینێکی متافیزیکی هەمان ئیسلامی سیاسیە؟ پێویستە ئەم دوو خاڵە لە بەر چاو بگرین"
 یەکەم ئایا ئیسلام مەئموورییەتە یان مشروعییەت؟
و پێویستە ئەم دوو ئایەتە شڕۆڤە بکەین کە زۆر لێک جیاوازن، یەکەم خودای مەزن لە قورئاندا باس لە مەئموورییەتی محەممەد  دروود و سڵاوی خودای لە سەر بێت دەکات و دەفەرموێت( وما ارسلناک الا بلاغ مبین) واتە ئێمە تۆمان بۆ گەنگەشە و شڕۆڤەی ئەم ئایینە ناردووە و جگە لەوە هیچ ڕاسپاردەیەک و دەسەڵاتێکیتر نییە. هەروەها لە شوێنێکیتردا دەفەرموێت( وامرهم شورا بینهم) واتە بە مەشوەڕەت ئەرکەکانت ئەنجام بدە... دیارە ئایەتی یەکەم بەڵگەیە لە سەر مەئموور بوونی پێغەمبەر و ئایەتی دووهەم بەڵگەیە لە سەر مەشروع بوونی پێغەمبەر! هەروەک خودا باس لە مەشوەڕەت دەکات واتە مەشرووعییەتی پێغەمبەر لە مەشوەڕەت کردن و گەڕانەوە بۆ ڕای گشتی و دەنگی کۆمەڵگایە.
لێرەدا زۆر ڕوونە مەئمووریەت جیاوازە لە مەشروعییەت" دوو تەوەری جیاواز کە هەم دەکرێت پێکەوە بن هەمیش لێک جیاواز، بۆ وێنە محەممەد مەئمورییەتی لە لایەن خودا هەبوو وەک نێردراوێک بۆ سەر کۆمەڵگای بەشەری و هەمیش پاش بەیعەتی کۆمەڵگای عەرەبی ئەوکات کە پەسا دەوڵەت بوون مەشرووعییەتی وەرگرت تاکو حکومەتێکی دینی درووست بکات، و ئەگەریش کۆمەڵگا بۆ جۆری حکومەت دەنگیان پێ نەدابا پێغەمبەر هەمان مەئموورییەتەکەی بە ئەرک لە سەر شانی ئەمایەوە بێ ئەوەی خودا ناڕازی بێت، چوونکە  ئەمری خودا، لە کاروباری دەسەڵاتدا مەشوەڕەت و ڕای گشتییە.


بۆیە مەئموورییەت و مەشڕوعییەت لێک جیاوازن، ڕەنگە ئەگەر محەممەد لە ناو دەسەڵاتی ڕۆمەکان یان ساسانیەکان با بێ ئەوەی گەڕاباوە بۆ دەسەڵاتی دینی تەنیا ڕساڵەتەکەی کە تەبلیغ بوو ئەنجام دەدا، هاوشێوەی زۆرینەی پێغەبەرەکان کە مەئموورییەتەکەیان بە کۆمەڵگای بەشەری گەیاند و، هاوکات دەسەڵاتداریش نەبوون.
دەکرێت دووپاتەی بکەمەوە شەئن و پایەی پێغەبەرایەتی محەممەد ئیڵاهی بوو و حکومڕانی پێغەمبەر خەڵکی و سیاسی و عوورفی بوو.

ئیسلام یان هەمان باوڕی دینی پەیوەندی نێوان تاکەکان و خودایە، مرۆڤ بۆ ڕازی بوون و ئارامکردنەوەی دەروونی ماندوو و شەکەت و هیوایەک بۆ دوواڕۆژی خۆی لە سەردەمی کۆنەوە تاکو هەنووکە هەمیشە هەوڵی داوە ڕووانگەیەکی تایبەت بە خۆی هەبێت و بتووانێت خۆی دڵخۆش بکات بە ئاکامی ژیانی، بۆیە بە دۆزینەوەی خودا و باوەڕهێنانی بە خودا و دوواڕۆژی خۆی، دڵی خۆی ئارام دەکاتەوە و ڕاز و نیاز لە گەڵ خودای خۆی دەکات ئەو جۆرە بەرنامەیەش بۆ ژیان تایبەتە و پەیوەندی بە دەروبەر نییە:

بەڵام ئیسلامی سیاسی جیاوازە، ئیسلامی سیاسی بەرنامەیەکی گشتگیرە و تاکەکان و کۆمەڵگا ئەرکدار دەکات بۆ ئەوەی لە ژێر فەرمانی دەسەڵاتی ئایینی خارج نەبن، بێ گوومان دین دەتووانێت دەسەڵات بکات و ئەوامرەکان پیادە بکات بە شەرتێک کە شەرعییەتی لە پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنی دێموکڕاتیکانە بە دەست هێنابێت، لەم جۆرە دەسەڵاتە دینیەشدا هەم ماف دیاری کراوە هەم ئەرک، ئەرکەکان کاتێک بە سەر تاکەکاندا ئەشکێتەوە کە مافی تاک بە شێوەی درووستی خۆی دابین کرابێت، بۆ وێنە ئەگەر دزێک دزی کرد سەزاکەی دەست بڕینە بەڵام دەبێت پێش ئەنجامدانی ئەم ئەرکە مافەکانی لە بەرچاو گیرابێت واتە بڕوانین ئەم دزە بە چ هۆکارێک دزی کردووە، ئاخۆ باری ڕەوانی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە جێی خۆی دابووە یان نا؟، ئاخۆ دەسەڵات خەدەمات وەک دابین کردنی ئیش بۆ بژێوی ژیانی دابین کردووە؟ بۆیە لەوەها حکومەتێکیشدا کە مەشرووعییەتی لە کۆمەڵگا وەرگرت بێت ناکرێت خودسەرانە سەزا بسەپێت بە سەر تاوانباردا، چوونکە جەماوەر بە مەرجی پیادە کردنی عداڵەت و ئازادی و بەرابەری دەنگیان بە دەسەڵاتی دینی داوە.
هەروەها ناوەرۆکی خودی قورئان باس لە دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی تاکە کەسی سنووردار دەکات، هەرکات حکومەتی ئیسلامی ئەم سێ فاکتەرە گرنگەی ئیسلام لەبەر چاو نەگرێت و دژایەتی بکات پێچەوانە ئەبێت و مەشرووعییەتی هەم لە لایەن خودا و هەم کۆمەڵگا لە دەست دەدات و ئەو حکومەتە حکومەتێکی ناشەرعی و ناڕەوا دەبێت، چوونکە هەروەک گوتمان لە قانونی دیندا پێوەر عداڵەت و یەکسانییە ئەگەر حکومەتێک ئایینیش نەبێت ئەم پێوەرانە بەدی بێنێت بەرحەقە و شەرعییەتی هەیە، هەروەک محەممەد عەبدە زانای دینی لە وڵاتی مسیر دەڵێت" سەردانی ڕۆژئاوام کرد دەسەڵاتی ئیسلامم بینی بەڵام مسوڵمانم نەبینی بەڵام گەڕامەوە مسوڵمانم بینی ئیسلامم نەبینی" بەو مانایە لە وڵاتانی دێموکراتیکی ڕۆژئاوا دادپەروەری و یەکسانی کە هەمان خواستی خودایە دابین کراوە بەڵام لە وڵاتانی بە ناو ئیسلام ئەم سێ خاڵە گرنگە بوونی نییە..
ئیسلامی سیاسیی دینی کردووە بە ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی، بەو تێڕوانینە لە ژیان و گۆڕپانی سیاسیدا دین بەکاردینێ . لەو روانگەیەوە باوەڕی بەجیا کردنەوەی دین نیە لە دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی  بەکوفری دەزانێت! ئیسلامی سیاسی بایەخ بە جوگرافیا و سنوور و تایبەتمەندی نەتەوەیی ونیشتمانی نادات . بایەخ بە دیاردەی کۆمەڵایەتی ئەدات، دەبێ دەوڵەت هی نەتەوەی ئیسلام بێ، کەمانای توانەوە و لە ژێر پێ نانی تەفەکووراتی سەردەمە . بۆ وێنە : ئێران، ئەفغانستان، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) و حیزبە دەسەڵاتدارەکەی ئەردوغان و..... بە بۆچوونی ئیسلامی سیاسی مەرج نیە هەر ئیسلامی بی، بەڵکو گرنگە و دەبێ کە بناغە و هەیکەلی دەوڵەت ئیسلامی بێ. کە جیاوازییە لە نێوان ئیسلام و ئیسلامی بووندا! مەرج نیە دەسەڵاتداران و زانایان و کاربەدەستانی دەوڵەت و حکومەت و حیزبە ئیسلامیەکان لە کەسانی دینی و ئاینی بن شارەزا لە فیقە و زانستی کەلام بن، بەڵکو لەکەسانی تری ناو کۆمەڵگا، وەک هونەرمەند و رۆشنبیر و ئەکادیمی وپیشەوەر و هتد، لەدروستبوونی ئیخوان موسلیمینەوە لە ٢٢ی ماڕسی ١٩٢٨ی زایینی لە ژێر کاریگەری تەفەکوڕاتی سەید قووتب و غەزالی و جەماڵ ئەسەدئابادی ومحەممەد عەبدە بە ڕێبەری حەسەن بنا تا ڕێکخراوی جیهاد و ئەنسارەکان و قاعیدە و داعش و بۆکۆحەڕام و تاڵیبان..و ئەو باوەڕە پەیڕەکراوە و زیاتر بەرجەستە کراوە . ئیسلامی سیاسی لە کەش و ژینگەیەکی پڕ لەکێشە و ناسەقامگیر و، بوونی بۆشایی سیاسیدا لەو وڵاتانەی کێشەی ئابووری و ئاژاووییەکان هەیە، دەژی و نەش و نما ئەکا و پەرەدەسێنێ.
دەکرێت لەو پرسیارە دەست پێبکەین.. ئایا ئەو هەموو حیزبە ئیسلامی سیاسیانە بە ڕادیکاڵ و میانەڕەوانە لە وڵاتانی عەڕەبی و ئێران و کوردستان و ئەفغانستان و پاکستان هتد، بوونەتە مایەی خۆشگووزەرانی و بەرەو پێشبردنی


دێموکراسی و هۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگا؟ ئایا لانیکەم ئیسلامی سیاسی توانیوییەتی خزمەت بە پڕۆسەی ئایین بکات و مسوڵمانان لە ژێر یەکپارچەیی و کۆدەنگی کۆبکاتەوە؟
بە لەبەر چاوگرتنی ڕاستییەکانی ئێستا بۆمان دەردەکەوێت کە ئیسلامی سیاسی نەک خزمەتی بە مرۆڤایەتی و ئاشتی و پێکەوەژیان و ئیسلام کردووە بەڵکو ڕووانگەیەکی دزێو و نامۆ هەم لە ئیسلامی نیشانداوە هەمیش کۆمەڵگای ئیسلامی زیاتر بەرە و قەیران و دابڕانی کۆمەڵایەتی بردووە...
بەگشتی هەموو ئەو ڕووانگە سیاسیە ئیسلامیانە دەسکردی مرۆڤ و لایەنە بەرژەوەندیخوازانەن کە دەیانهەوێت لە ئایین وەک ئامراز کەڵک وەرگرن و لە دژایەتی بەختەوەری ئایین و خۆشگووزەرانی مرۆڤ دابن.

وتمان ئیسڵام دەتوانێت دەسەڵات بکات بەڵام شەرعییەتی دەبێ خەڵکی بێت، سیاسەتێک کە ئیسلام پیادەی دەکات زۆر جیاوازە لەو سیاسەتەی حیزبە ئیسلامییە جۆراوجۆرەکان مەبەستیانە، ئیسلام بۆ بەختەوەری مرۆڤ و کەڕامەتی مرۆڤ هەموو شتێکی لە ئیختاری مرۆڤ ئاخنیوە لە ئیسلامدا مرۆڤ جگە لە خودا لە گشت مەخلوقات و بوونەوەرێک مەزنتر بەڵکو گشت شوێنە پیرۆزەکانیش وەک مزگەوت و کەعبە و فرشتەکانیش لە خزمەتی مرۆڤایەتیدان، ئیسلام سەزای تاوانباری بۆ ڕۆژی دووایی هێشتۆتەوە، و لەو ئاستەشدا هیچ دژایەتی ئۆمانیسم و سکولاریسم ناکات کە مێحوەری تەفەکوڕاتیان ئینسان تەوەری و گرنگیدان بە جیهانی هەستییە، بەڵام ئەو حیزبانە قورئان پیادە ناکەن بەڵکو سیاسەت بە ئیسلام دەکەن ئەوەش لە ڕووانگەی ئایینەوە ئیدانە کراوە،، هەروەها دەسەڵاتی ئیسلامی ئاڵوگۆڕی بە سەردادێت بە پێی زەرورەت و هەل و مەرجی زەمانی و مەکان، بۆ وێنە ئەو بڕیارات و دەستوراتەی سەردەمی پێغەمبەر و ئەبووبەکر ئیشی پێدەکرا لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتاب جیاواز بوو، چوونکە باسمان کرد دەسەڵاتی ئیسڵامی پێش سەزادانی تاوانبار دەبێت گشت خەدەماتی ئەنجادابێت بۆیە عومەر بە جێگای بڕینی دەستی دز بە تووندی بەرپرسیار خستەژێر پرسیار کە بۆچی بوونە هۆکاری دزیکردن!
کاتێک بەو قەناعەتە گەییشتین کە دەسەڵات و مەشرووعییەتی دەسەڵات خەڵکییە نەک ئایینی دەبینین دەسەڵاتی دەیانساڵەی کۆماری بە ناو ئیسلامی ئێران لە مشرووعییەت دەکەوێت و دەبێتە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و سەپێنەر چوونکە بینیمان پاش کۆچی دووایی پێغەمبەری ئیسلام پێوەر دیاری کردن و دەسەڵات بە شێوەی هەڵبژاردن بوو بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا بۆ ماوەی چل ساڵ هێشتا ڕیفڕاندۆمێک بۆ مانەوە یان لادان لەو دەسەڵاتە بەدی نەهاتووە ئەوەش لە دژایەتی دێموکراسی و بناغەی شۆڕا دایە کە قورئان باسی کردووە...

لە کۆتاییدا دەڵێم جیاوازی نێوان دەسەڵاتی دینی و سکۆلار و پاشایەتی تەنیا بە هەڵبژارن و ڕای گشتییە نەک دین، هەروەها ڕسالەت و مەئموورییەتی دین ئەمرێکی ئیلاهی و مەشرووعیەتی دینیش وەک دەسەڵات ئەمرێکی عوورفی و سیاسی و خەڵکییە، بۆیە هیچ کێشە نییە لە جیهانی ئیسلامیدا دەسەڵات غەیرە دینی بێت جا چ سکۆلار و لاییک یانیش پادشاهی و هتد.

مەلا عەلی سێڵاو

یزاکا ١٦ی پوشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی

Comments

Popular posts from this blog

تیڕۆری کەسایەتی ئایینی وخۆشناوی سەقز جەنابی شێخ ئازادشەهابی

١٣ ساڵ سەزای زیندانی بۆ سەر پێنج مامۆستای کورد

سەزای سێدارە بۆ مامۆستایەکی ئایینی کورد