دیاردە نامۆکانی ماڵوێرانکەر و سیاسەتی قێزەونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان. یزاکا
دیاردە نامۆکانی ماڵوێرانکەر و سیاسەتی قێزەونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان.
سەرەتا پێویستە پێناسەیەک لەو دیاردانە بدەین و هۆکارەکان و دەرئەنجامەکانی ئەم دیاردانە لە سەر ژینگە و بنەماڵە و بەگشتی لە سەر تاکی کورد بێنینە بەر شڕۆڤەکردن و گەنگەشە کردن پاشان بزاین توێژەران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی تا چەند تووانیویانە کاریگەری پۆزەتیڤیان هەبێت لە بن بڕ کردنی ئەم جۆرە دیاردە نەرێنیانە، هەروەها زۆر گرنگە بە پێی ئامارەکانی ڕەسمی و ناڕەسمی تووشبووانی ئەم دیاردانە زانیاری بدەین بە کۆمەڵگاو هۆشیاری زیاتر بخەینە بەردەست لە مەترسییەکانی زیاد بوونی جۆرەها نەخۆشی و تێکچوونی باری خێزانی.
دیارە ژینگەیەکی دوور لە نەخۆشی بۆ دانیشتووان هەمیشە کاریگەرە لە سەر ئاسوودەیی و بەختەوەری تاک لەو ژینگەیەدا، ژینگەی کورد" کوردستانە و هەزاران ساڵی ڕابردووی مێژووی خۆی بە شێوەیەکی شارستانیانە و زیندوو لە بووارە جیاجیاکان خۆی نیشانی جیهان داوە، کوردستان یەکێک لەو وڵاتانە بووە کە بە هۆی داب و نەریتی جووانی کوردەواری، جیاواز لە ژینگەی دەوروبەری هەوڵی داوە ژینگەیەکی سالم و بێ کێشەو گرفتی هەبێت.
کوردستان خاوەنی بیروهیزری نەتەوەیی و ئازادیخووازی بووە و، لاوانی لە کوڕ و کچ بۆ پاراستنی کەڕامەتی سەربەستی نیشتیمان بە خوێنی زوڵاڵی خۆیان پارێزگاریان لەو نیشتیمانە جووانە کردووە، مخابن ساڵانێکە ئەم نیشتیمانە بە چەند هۆکار کەوتۆتە ژێر هێرشی دوژمنان لە بوواری جۆراوجۆردا، دیار و ئاشکرایە کوردستان وبزاڤی ڕزگاریخووازی کورد هەمیشە لە لایەن دوژمنانەوە کەوتۆتە بەر قەڵاچۆ کردن و جینۆسایدی نەتەوەیی و کلتووری و ئایینی و دوژمنان بە هەموو جۆرە چەکێکی کوشەندە و جۆرەها فتوای ناڕەوا وەک جیهادی خومەینی و ئەنفال و کیمیاباران و بێ ناسنامەکردن لە لایەن دەوڵەتانی ئێران و عێراق و تورک و عەڕەب بەڵام بەوحاڵەش کوردستان بە خۆڕاگری لاوانی فیداکار تووانیوییەتی بەرپرچی ئەم دوژمنکاریانە بداتەوە، بۆیە دوژمنان بۆ بەچۆک داهێنانی ئازادیخووازانی کورد لە پیلانیتر کەڵکیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی هەم هیزری نەتەوایەتی کورد لە ناوبەرن هەمیش ژینگەی کوردستان تووشی نەحۆشییەجۆراوجۆرەکان بکەن.
ئەو دیاردانەی ساڵانێکە کوردستانیان تەنیوە تاکی کوردی تووشی نەحۆشی کردووە، بریتین لە" یەکەم ماددە هۆشبەرەکان.
ئەم ماددەهۆشبەرانە تەنیا تایبەت نین بە کوردستان بەڵکو لە گشت جیهان خەڵکانێکی ئاڵودەبوون کردووە و ئیعتیاد وەک چەکێکی بێ دەنگ خەریکە هەم تاک لە ناوبەرێت هەم ژینگە.
ئیعتیاد لە کوردستان شتێکی نامۆ بوو و بە دەگمەن پێش دەسەڵاتی ویلایەتی فقیهی ئێران لە کوردستان بەدی دەکرا، بەڵام لە ساڵەکانی ۱۳۷۰ بەم لاوە بە شێوەیەکی داڕێژتراو سیستماتیک لە لایەن ڕژیمی ئێران کوردستانی گرتەوە و ئێستاکە مخابن ڕێژەیەکی زۆری دانیشتووانی کوردستان لە تەمەنە جیاوازەکانی ڕەگەزەکانی نێر و مێ گیرۆدەی بوونە.
هۆکارەکانی گیرۆدەبوون بەو ماددانە دەکرێت ئاماژە بە هەژاری و نەبوونی دەرفەتی کار و هێرشی فەرهەنگی بێگانە و بێ هەڵوێستی مامۆستایانی ئایینی و ڕێکخراوەکانی سیاسی و مەدەنی بێت و لە کۆتاییدا قوازتنەوەی ئەم دەرفەتە لە لایەن دوژمنی دێرینی کورد واتە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ قەڵاچۆکردنی کورد بە گشتی.
بە پێی ئاماری ڕەسمی ڕژیمی ئێران نیزیک بە ۳ ملیۆن دانیشتووانی ئێران گیرۆدەی جۆرەهای ماددەی هۆشبەر بوونە، بەڵام بە پێی ئاماری ناڕەسمی ئەو ئامارە نادرووستە و تووشبووان زۆر لەوە زیاترە کە ڕژیم باسی لێوەدەکات.
زۆرینەی ئاڵودەبووانی ئەم ئامارە خەڵکانی غەیرەفارسن.
ئەو ماددە هۆشبەرانەی زیادترین بەکارهێنەرانیان هەیە لە کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵات بە تایبەتی بریتین لە تلیاک، هڕۆئین، کڕاک، شیشە و مۆڕفین و تڕامادۆڵ.
ڕوون و ئاشکرایە پاش شکستی ڕژیمی ئێران لە ئاست ئیرادە و خۆڕاگری کورد بە دژی پیلانەکانی ڕژیم، ئەمجارە ڕژیمی ئێران بۆ لە داو خستنی خەڵکی کوردستان پیلانی ئاڵودەکردنی تاکی کوردی بەم جۆرە ماددانە خستەگەڕ، وە بە هۆی دەست و پەیوەندییەکانی خۆی لە کوردستان بەداخەوە ئەم دیاردەیە بۆتە کێشەیەکی مەزن لە سەر ژینگەی کوردستان.
بە پێی چەندین زانیاری ڕژیم بۆ ئەو مەبەستە لە هێزە تەریکخراوەکانی خۆی کە بە جۆرێک تووشی سەزای سەربازی بوونە دەنێرێتە کوردستان بۆ ئەوەی بە ئەنجامدانی ئەم پیلانە سەزاکانیان لەسەر هەڵگرن یان لانیکەم ماوەی سەزاکانیان کەم بکەنەوە، ئەم هێزانەش بەربڵاون لە ناو ئۆرگانەکانی وەک ئیتلاعاتی سیاسی و سپا، ئینتزامی و بنکە بەسیجییەکانی ناو کوردستان. مەئموورییەتی ئەوانە ئەوەیە لە سەرەتاوە خەڵکانی تەریکخراوە و نەفس نزم بدۆزنەوە و بە هۆی پەیوەندی دۆستانەیان و پێدانی پارە لاوانی تەندرووستی کورد بخەنە ناو ئەم دێوەزمەیە، بەداخەوەش کەم و زیاد سەرکەوتوو بوونە، ئەمڕۆکە شاهیدی بوونی ئەو نەخۆشییەن کە کوردستانی تەنیوە.
تاکی گیرۆدە بەو ماددانە(موعتاد) لە سەرەتاوە تووشی نەخۆشی ڕەوانی و دەروونی دەبن و کۆنتڕۆڵی خۆیان لە سەر کۆی کارەکان لە دەست دەدەن ئەوەش دەبێتە هۆی حاڵەتی نگەتیڤی بیۆلوژیکی، فیزیۆلۆژیکی کۆمەڵایەتی و ڕوحی.
هۆگربوون بەو ماددانە، سەڕەڕای لە دەستدانی کەڕامەتی کەسایەتی خۆی، دەبێتە هۆی تێکچوونی باری خێزانی و، تا ئەو ئاستە مناڵی ناوزگی دایکیش بەو نەخۆشییە گیرۆدە دەبێت.
کۆمەڵگایەکی سالم و دوور لە نەخۆشی دەروونی، هەمیشە خاوەن هیزر و بیری ئازادیخووازانەیە، بەڵام کۆمەڵگایەکی گیرۆدە بەم نەخۆشیانە هیچکات ناتووانێت ئەم هەستە جووان و مرۆڤانەیە پێوەری ژیانی بێت.
ماددە هۆشبەرەکان جگە لە زەرەری ئابووری بۆ کۆمەڵگا، دەبێتە هەوێنی بەدیهاتنی دیاردەگەلێکی وەک تەڵاق، دزی، کوشتن، و خۆفرۆشی تەنیا بۆ بەدەستهێنانی بڕێکی کەم لەو ماددانە.
بەپێی چەندین بەڵگە کە لە لایەن میدیاکان و سۆسیاڵ میدیاکانیشەوە کەوتوونەتە بەردەستمان، جەندین حاڵەتی کوشتن لە لایەن تووشبووانی ئەم دێوەزمەیە ڕووی داوە بە تایبەت بەکارهینەرانی تڕامادۆڵ، هیندێکجار دەبیسین بەکارهێنەر پاش لە دەستدانی هۆشی خۆی هەستاوە بە کوشتنی ژن و مناڵی خۆی!
ئەم سیاسەتە چەپەڵەی ڕژیم بە هۆی کەمترخەمی کۆمەڵانی خەڵک بە گشتی و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی و سیاسی و مەدەنی بە تایبەتی ڕۆژبەڕۆژ لە گەشەکردندایە و ژینگەی کوردستان گیڕۆدە بووە، ئەگەرچی توێژەران و لێکۆلەران بە بەڵگەوە باس لەو نەخۆشییە دەکەن بەڵام ئەوە بە تەنیا ناتووانێت کاریگەر بێت، بەڵکو ئەرکی سەرشانی هەمووانە بە تایبەتی تریبوونی مزگەوتەکان باییخی زیاتر بەو دیاردەیە بدەن و وێڕای هۆشیاری زیاتر لە بوواری ئایینیشەوە هەوڵی بن بڕ کردنی بدەن.
پێویستە ئەوە بێڵم دەبێت لەبەرانبەر ئەو سیاسەتە داپڵۆسێنەرەی دوژمن ئێمەش سیاسەت و دژکردەوەی خۆمان هەبێت هەم لە ڕووی مەعنەوەی و زانستی هەم لە ڕووی فیزیکی، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا پێویستە ئاڵودەبووان و فرۆشیاران لێک جیا بکرێنەوە و بۆ هەر لایەکیان سیاسەت و هۆشیاری گەیاندنی جیاواز هەبێت، بێ گوومان نەخۆشەکان لە ڕووی ناشارەزایی تووشی ئەم گرفتە بوونە کە ڕەنگە ڕێگا چارەی پزشکی و ڕەوانی و لەخۆگرتنەوەی کۆمەڵگا بتووانێت کاریگەر بێت، بەڵام فرۆشیاران بە شارەزاییەکی تەواوەوە و بە پاڵپشتی دەسەڵاتدارانی ڕژیم بێ شەرمانە و بەرچاوی هەموو خەڵک زۆر ئاسایی خەریکی بڵاوکردنەوەی ئەو ماددانەنە لە نێو لاوان و قوتابیانی تازە پێگەییشتوو،
بۆ ئەم بەشەش لە ڕووانگەی فیزیکییەوە جۆرێک چارەسەر بەدی دەکرێت.
هەروەک لە سەرەتایی بابەتەکەوە باسمان کرد هۆکارەکان و دەرئەنجامەکانی دیاردە دزێوەکان لە کوردستان بۆتە هۆی قووازتنەوەی ئەم دەرفەتە بۆ دوژمنی خاک و نیشتیمان تاکو لەم سۆنگەوە بە شێوەیەکی سیتماتیک بتووانێت بە مەبەستەکانی بگات، بۆیە یەکێک لەو دیاردانە ماددە هۆشبەرەکان بوو، جگە لەو ماددانەش چەندین دیاردەی دزێویتر وەک ئیدز پەرەی ئەستاندووە کە بێ شک دەستی دوژمنانی دێرینی پێوەدیارە و خەڵکی ڕۆژهەڵات شاهیدی ئەو ڕاستیانەن کە ساڵانە بە کۆمەڵ ئافرەتی ڕووسپیگەر دەخزێنە کوردستان و لاوانی نا شارەزا تووشی نەخۆشییەکانی ئیدز دەکەن، بۆیە دوژمن هەمیشە هەوڵ دەدات لە کەرەستە جۆراوجۆرەکانی بەردەست چ ئایینی یانیش کلتووری بۆ جینۆسایدی کوردستان کەڵک وەرگرێت بەڵام هاوکات هێزە شۆڕشگێر و خەباتکارانی کوردیش دەبێتە بۆ هەموو ئەو سناریۆ دزێوانە سیاسەت و پلانی تایبەت بە خۆیان هەبێت و میدیای کوردی و سەرجەم تۆرەکۆمەڵایەتییەکان دەتووانن دەورێکی پۆزەتیڤیان لە سەر هەرەسی ئەم سیاسەتە نگریسەی دوژمن هەبێت و هاوکات دووپاتەی دەکەمەوە ڕۆڵی ئەرێنی مامۆستایانی ئایینی دەتووانێت کاریگەری زۆری هەبێت لە سەر ڕاهێنان و شارەزاکردنی لاوانی کورد لە مەڕ پیلانەکانی دوژمن.
هیواخووازین هەموو لایەکمان لە دایک و باوکانی دڵسۆزی ژینگەی کوردستان تاکو گشت چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ڕۆشەنفکرانی کوردستان هەنگاوی بوێرانە بگرنەبەر بۆ لە ناو بردنی ئەم دیاردە نامۆیانە لە کوردستان و هەرەس بە سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بێنن. بەو هیوایە:
مەلا عەلی سێڵاو
٢ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی
Comments
Post a Comment