خیانەت یان هەڵوەشانەوەی پەیمان و بەڵێن
"خیانەت یان هەڵوەشانەوەی پەیمان و بەڵێن"
دەستەواژەی خیانەت لە ناو زاراوەکان و ناو هەموو کۆمەڵگایەک وەک چەمکێکی قێزەون و دژی پڕەنسیپە گشتییەکان پێناسە دەکرێت.
خیانەت لە ئەدەبیاتی ئایینیدا یەکێک ڵە هەرە تاوانە مەزنەکان بە ئەژمار دێت و بۆ ئەوەی مرۆڤی باوەڕدار لەم بڕگەیەی ژیانی دوور بێت، خودای مەزن سەزایەکی قورسی لە ڕۆژی دووایی دیاری کردووە بۆ ئەو مرۆڤانەی خیانەت دەکەن، لە ناو سرووشت و کۆمەڵگای پێکەوەژیانی مرۆڤەکانیش خیانەتکار وەک مڕۆڤێکی بێ پڕەنسیپ و دوور لە ئەخلاق و خۆفرۆش و بەزیو پێناسە کراوە و سەزاکەشی مەرگی خیانەتکارە.
بۆ ئەوەی زیاتر لە چەمک و ناوەرۆکی خیانەت تێ بگەین گرنگە پێناسەیەکی ئەم وشەیە بکەین، خیانەت پێشێلکردن یان هەڵوەشانەوەی پەیمان و بەڵێن یان خۆ دزینەوە لە ئەمانەتدارییە ئەوەش لە ئەنجامی کێشەیەکی دەروونییەوە خۆ دەردەخات، خیانەت لە نێوان تاکەکان یان لە نێوان خودا و مرۆڤ یان لە نێوان مرۆڤ و نیشتیمان هتد.
لە زانستی دەروون ناسی ئەو مرۆڤانەی خیانەتکارن، گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەرووخێنن و بە پێچەوانەی پەیمان و بەڵێنەکانیان بەلایەکیتردا ئەشکێنەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی پچڕانی یەکگرتووی و دەرئەنجامەکەشی شکستی کۆی ئەو پڕۆسە و بابەتانەن کە قازانجی بۆ تاک تاک و ڕێکخراو و پێکەوەژیان و تەبایی و سەرکەوتنی گەل و هۆز و بیروباوەڕەکان دەبێت.
هەروەها مانایەکیتریش بۆ بڕگەی خیانەت پێناسەکراوە بەو واتایە خیانەت واتە لە پشتەوە لێدانی هاوڕێیان و هاوبیران و پاشگەز بوونەوە لە پەیوەندییەکانی جا ئەو پەیوەنوویانە چ لە نێوان خیانەتکار و خودا بێت یان لە نێوان گەل و نیشتیمان بێت یانیش لە نێوان خێزانداری...
لە زاراوەی سیاسیدا خیانەت واتە لکاندنی تۆمەت بۆ نەیارانی سیاسی لە ناو حیزب و ڕێکخراو و دەوڵەتدا، بڕگەی خیانەت بە مانای ڕێزنەگرتن لە ئاساییش و ناوەکی و دەرەکی حیزب، سازمان، دەوڵەت و دژایەتی کردن و پاڵپشتی دوژمنانی ئاساییش و خۆشگووزەرانی خەڵک، ئەم جۆرە خیانەتانە لە ناو کورددا بە جاش پێناسە کراون، وشەی جاش جێگرەوەیەکی مێژوویی بووە بۆ خیانەتکاران.
دەتووانین خیانەت بە چەندین جۆر نیشان بدەین:
١-خیانەتی ئایینی" واتە تاک لە باوەڕە ئایینییەکەی کە پەیمانێکە لە نێوان خۆی و خودا پاشگەز بێتەوە و لە دژی ئەو پەیمان هەڵسووکەوت بکات یان خەریکی بێ ڕێزیکردن بێت بە ئەو پەیمانە.
٢- خیانەتی نیشتیمانی" ئەوەش بریتییە لە هاوکاریکردنی دووژمنانی گەل و نەتەوە بۆ ئەوەی لەم ڕێگەوە بتوانێت قازانجێکی کەمی تایبەت بە خۆی دەستەبەر بکات بێ گوێدان بە زەرەرەکانی نیشتیمانی(جاش)
٣-خیانەتی برۆکراتی یان ئیداری" واتە کەمترخەمی بە نیسبەت ئەرکەکانی کە ببێتەهۆی زەرەرێکی گەورە بۆ ئابووری و پێشکەوتنی وڵات.
٤-خیانەتی هاوڕێیەتی" واتە بە هۆی متمانەی تەواوی هاوڕێیەکی لە پشتەوە خەریکی تێکڕمانی هاوڕێکەی بێت.
٥-خیانەتی خێزانی" بەو مەبەستە کە بە جێگای هیندوەرگرتنی خێزان خەریکی پەڕش و بڵاوکردنی سامان و سەروەتی خێزان لە بووارێکی نا ئەخلاقیدا بێت.
[سیفەتەکانی خیانەتکار]
مڕۆڤی خائین بە نەتەوە و نیشتیمان ئەگەرچی لە پلەوپایەیەکی بەرزی دەسەڵاتدا بێت، هەمیشە لەرزۆک و خەمۆک و تێکشکاو دەردەکەوێت و هیچکات خاوەنی ئیرادەی خۆی نییە و تەنیا ئەجندای خەڵکانیتر جێ بەجێ دەکات، و لە لایەن خەڵکیشەوە بە مرۆڤێکی بێزارکەر و قێزەون و سووک و ڕسوا و تەریک بۆوە لە کۆمەڵکا دەناسرێت.
خیانەتکردن لە خوێنی تاکی خیانەتکاری کورد مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ماددەکان ئەو کاتەی کاوە بەپاڵپشتی دوژمنانی ئاستیاک( زووحاک) ئیمپڕاتۆڕی ماددەکانی تێک شکاند، یان شکستی میرنشینی بۆتان بە هۆی خیانەتی(یەزدانشیر) و گرتنی قەڵای دم دم و شەهیدبوونی خانی لەپ زێڕین بە هۆی خیانەتی کەسێکی قێزەون و خیانەتی ( موشیری حەمەی سلێمان) لە ساڵی ١٩١٩ کە بووە هۆی دەستگیر کردنی شێخ مەحموودی حەفید، هەروەها خیانەتی بەشێک لە ئاغاکانی سەردەمی پێشەوای نەمر و پشت کردن لە کۆماری کوردستان و هتد.
ئەم دەستەواژە دزێوە بە دڕێژایی مێژوو لە ناو هەموو گەل و نەتەوەیەک باو بووە و هەمیشەش دزێو و ناپاک دەستنیشان کراون و زۆرێک لە نەتەوەکان وەشەی جۆراوجۆریان بۆ بەکار هێناون وەک لە ناو کورددا بە جاش و خۆفڕۆش دەناسرێن و سەزاکەشی بێ جیاوازی لە نێوان گشت نەتەوەکان مەرگە.
ئیسلام بەم شێوەیە خیانەت پێناسە دەکات.
خیانەت گەورەترین بێ ئەمرییە بە دەستووراتی خودا و پێغەمبەری خودا هەر مرۆڤێکی باوەڕمەند، ئەگەر خیانەتکار بێت و بەردەوام بێت لەسەر خیانەتەکەی ئەوە ناکرێت ناودێر بکردرێت بە موسڵمان و ئەو کەسە جێگە و پێگەیەکی لەناو ئایینی ئیسلامدا نییە، هەر چەند خۆی بە موسڵمان بزانێت. هەروەها ئەگەر موسڵمانانیش ئەگاداری خیانەتی خیانەتکار بن و بێدەنگ بن لە ئاست ئەو خیانەتەدا ئەوانیش تووشی ئەزییەت و ئازار دەبن لە رۆژی دواییدا. کە واتە موسڵمان کاتێک دیتی کەسێک ئەوا خیانەت بەخۆی و گەڵ و نیشتمان و ئایین و نامووسی دەکات، دەبێت لە ئاستیدا بوەستێت و رازی نەبێت بەو کارە نەشیاوە و دوور لە مرۆڤایەتییە.
''انا انزلنا الیک الکتاب بالحق لتحکم بین الناس بما اراک اللە ولا تکن للخائنین خصیما''، واتە ئێمە ''قورئان''مان بە حەق بۆ تۆ نارد، هەتا لە بەینی باوەڕمەنداندا حوکم بکەیت و نابێت بە نەفعی خیانەتکاران کە (پشتیان لە ئایین و نیشتمان کردوە و پشتیوانی لە زاڵم و فاسدان دەکەن) حوکم بدەی.
کەسێک حازر بێت بۆ وەدەستهێنانی بڕێک پووڵ وپارە، نیشتیمان و ئایینی خۆی بفرۆشیت، خودای گەورە تووشی عەزابێکی گەورەی دەکات لە قیامەتدا و لەم جیهانەش رووڕەشی دەکات و لەناو خەڵکدا رێز و پایەکی نابێت. [ان اللە لایحب الخائنین] خودا خیانەتکاری خۆش ناوێت و رووی لێوەر دەگێرێت و کەسێکیش خودا رووی تێ نەکات، عەزابی جەهننەم چاوەڕوانیی دەکات، ئەو کەسەی خیانەت بە ئایین و نیشتمان، نەتەوە، نامووس، بنەماڵە، جیران و هتد بکات، هەر هەموویان خودا وەک یەکی ئەژماردوون و سزایان وەک یەکە. بێدەنگیش لە ئاست بێ رێزی کردن بە باوەڕ و خاک و گەلەکەت جۆرێک خیانەتە، کە واتە دەبێت لە بەرانبەر ئەو هەموو ناعەداڵەتییە کە بەناوی ئیسلامەوە بەتایبەت کە کۆماری ئیسلامی دەیکات، رۆژانە سەدان خەڵکی بی تاوان دەکوژێت و زندانی دەکات، نابێ بێدەنگ دانیشی و دەست لەسەر ئەژنۆت بگری و خۆت کڕ کەی و واهەست بکەی کە هیچت نەبیستوە، ئاخر رۆژی دوایی مەگەر لێت ناپڕسنەوە بۆچی بێ دەنگ بووی؟ مامۆستایانی ئایینی باش دەزانن کۆماری ئاخووندیی ئێران چەندە دژایەتیی نەتەوەی کورد و باوەڕی ئایینیی ئەو گەلە دەکات، من پێم سەیرە ویلایەتی فەقیهـ هەموو بیر و بۆچوونەکانی موسڵمانانی سوننی مەزهەب رەت دەکاتەوە و دژایەتیی دەکات و زۆر جار سووکایەتیشی پێ دەکات، بەڵام مامۆستایانی ئایینی لە ئاست ئەو هەمووە بێ رێزییە بێدەنگن، بۆچی؟ ئایا پێتان وایە خودای گەورە ئەوەی قەبووڵە؟! لە پێش چاوی هەموو مامۆستایانی ئایینیی کوردستانی ئێران چەندین مامۆستای ئایینی نیشتمانپەروەر و باوەڕمەند تووشی ئازار و ئەزییەت و زیندانی و بێ رێزی کردن بوون، کە چی هیچکام لە مامۆستایانی ئایینی دەنگیان لێوە نەهات و خۆیان بێدەنگ کرد کە ئەوەش تووڕەیی خودای مەزنی بەدواوە هەیە، ماوەیەکە مامۆستایەکی ئایینیی سەردەشت بەناوی ''عبدالسلام گولنواز'' هەر بە تۆمەتی ناوهێنانی پێشەوای مەزن ''قازی محەممەد'' و کۆمەک کردنی هەژاران، جلوبەرگی ئایینیی لێ ئەستێندراوە و ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا، ئەوە ئەرکی سەرشانی مامۆستایانی ئایینییە بێدەنگ نەبن و ناڕزایەتی خۆیان دەرببڕن و پێشی ئەو کارە دژە مرۆییە بگرن. هەتا چیتر سووکایەتی بە باوەڕی نەتەوایەتیی و ئایینیمان نەکردرێت.
خودای گەورە دەفەرمێت: راستییەکان بڵێن ئەگەرچی بە زەرەری خۆشتان بێت. هەر وەک یەزدانی گەورە داواکارە کۆمەڵگای بەشەرییەت بەگشتی و باوەڕمەندان بەتایبەتی خۆیان لە خیانەت و خیانەتکاری دژ بەیەکتر بە دوور بگرن. منیش هیوادارم خەڵکی وڵاتەکەم لەئاست ئەو هەمووە خیانەت و چەواشەکارییە کە بەناوی ئیسلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکردرێت بێدەنگ دانەنیشن و بە دەنگ بەرزیی خۆیان بەگژیاندا بچنەوە و ئیزن نەدەن جارێکیتر خۆفرۆشان و فریودراوان و خائینان بە فریودانی ئێمەی کوردی موسڵمان تەمەنی نگریسی بەناو کۆماری ئیسلامی درێژ بکەنەوە. مرۆڤێک حازر بێت لە پێناو وەدەستهێنانی بڕێک پارە خیانەت لە گەل و نیشتیمانی بکات بەگوێرەی فەرمایشتی قورئان لە قیامەتدا هیچ پێگەیەکی نییە و بێبەشە لە کەرەم و رحمەتی خودا کە دەفەرمێت {من کان یرید حرث الاخیرة نزید لە من حرثە و من کان یرید حرث الدنیا نوئته و ماکان فی الاخرة من النسیب } بە یەکرێزی و بە پشتیوانیی خودا سەردەکەوین کە ئەوەش مزگێنی خودایە کاتێک خیانەتکاری بنبڕ بکردرێت دوژمن هەرچەند زۆر و زەمەند بێت بەچۆک دادێت.
بەو هیوایە کۆمەڵگای موسڵمان خۆیان لەو تاوانە گەورەیە بپارێزن.
و السلام علیکم و رحمة اللە و برکاتە
مەلاعەلی سێڵاو
١٦ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی
Comments
Post a Comment