قاسملو بیرمەندێکی شۆڕشگێری پڕاگماتیست: لە نووسینی بەڕێز سندووس
دوکتۆر قاسملوو وەک بیرمەند و شۆڕشگێڕێکی پڕاگماتیست
"سندووس
"سندووس
لە فەلسەفەی پڕاگماتیستیدا باسێک هەیە لە ژێر ناوی "وشەی کۆتایی".
وشەی کۆتایی چیە؟
هەر بیرمەند و فەیلەسووفێک لە درێژەی کارەکانی خۆیدا، هێندێک وشەی سەرەکی بەکار دەبا و هەوڵیش دەدا بیانباتە ناو کۆمەڵانی خەڵک تا خوازەکانیی لە مردن بپارێزێ. بۆ وێنە: "بوون و زەمان"، "تەخنە، گشتێڵ" و "دازاین" وشەگەلی کۆتایی هایدگێرن، کە لە سیستمی فیکری ئەودا جێگە و پێگەی تایبەتیان هەیە.
بۆ نیچە دەتوانین ئاماژە بە "ئیرادەی ڕوو لە دەسەڵات"، "مەرگی خوا"، "سووپێرمەن" بکەین. ئەوانە وشەگەلێکن کە هەڵقووڵاوی سیستمی بیرکردنەوەی نیچەن.
بۆ هێگڵ دەتوانین ئاماژە بە "تێز"، "دژەتێز" و "سەنتێز" بکەین. ئەوانەش لە بەستێنی ئەندێشەدا مۆری هێگڵ - یان پێوەدیارە.
نیچە و هایدگێر، زیاترین کارتێکردنی زمانیان - بە تایبەت لە ڕێگەی خوازەسازییەوە - لە سەر ڕیچارد ڕۆرتی هەبووە. پڕاگماتیستەکان لە سەرووی هەموویانەوە ڕۆرتی باوەڕیان وایە کە داتای شڕۆڤەکارانە دەبێ لە کۆمەڵگا وەربگیرێ، ئەو بابەتە دواجار دەگاتە شوێنێک بە ناوی پێکگەیشتنی فەلسەفە و سیاسەت، یانی لە ڕوانگەی ئەوانەوە فەلسەفەش دەبێ بە ڕەهەندی سیاسیدا تێپەڕێ و خۆێ بگۆڕێ و لە خزمەت سیاسەتدا بێ.
بە باوەڕی ڕۆرتی خوازەسازان لە بەستێنی فەلسەفەی سیاسی - پڕاگماتیستیدا، تەنیا "ئایرۆنیستەکانن"، ڕۆڕتی لە یەکێک لە نووسراوەکانیدا هەڵوێستی سیاسی خۆی ڕوون دەکاتەوە و وەک فەیلەسووفێکی چەپ پێ دەنێتە کۆڕەپان، چەپێک کە کەڵکەڵەی بەرابەری و یەکسانیی هەیە، هەر بۆیەش بە لای ڕەوتی سوسیال دێموکڕاتەکاندا دەشکێتەوە.
یۆتۆپیای لیبڕاڵی بە دەوری سۆبژکتویتەی ئایرۆنیستەکاندا هەڵدەسووڕێ. ئەوان کەسانێکن کە بەردەوام بە دوو دڵیەوە لە "وشەی کۆتایی" و نەریتی بەر لە خۆیان دەڕوانن.
باسەکە ئەوەیە کە کاتێ مرۆڤ پێی وابێ کە ئەم ڕوانگەیە ئاکامی ڕوانگەی پڕاگماتیکی ئەو مرۆڤانەن کە لەو قۆناغە مێژوویەدا ژیاون و تایبەت بەوانە، تازە دەزانێ کە دەبێ بە شک و گومانەوە لێیان بڕوانێ، چوونکە ئەوانە ناتوانن وشەگەلی کۆتایی من بن. من مرۆڤێکم بە شێوە ژیان و مێژوویەکی تایبەتەوە، کەوابوو دەبێ وشەگەلی کۆتایی خۆم هەبێ. بۆیە ڕۆڕتی پێیوایە کە ژیانی کامڵ، ژیانێکە کە دڵنیات بکا کە ئەو وشەگەلە کۆتاییە هی خۆتن، بەم شێوەیە ئایرۆنیستەکان لەو وشەگەلەی کە لە ڕابردووەوە بە دەستیان گەیشتووە بە شک و گومانن.
دوکتۆر قاسملوو وەک بیرمەند و شۆڕشگێڕێکی ڕەسەن، جیا لە بابەتی ناسیۆنالیزمە مۆدێڕنەکەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێ وێنەیە، لە سەر بەرابەری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و لە پێکهاتەی فکری چەپدا بە سەر سێ قۆناغدا تێپەڕیوە:
۱- سۆسیالیست بوونی دوکتۆر قاسملوو لە فۆڕمی مارکسیست - لێنێنیستێکەیدا، واتە سۆسیالیزمی مەوجوود. ئەم فۆڕمە لە سۆسیالیزم وێڕای ئەوەیکە هێژموونی بەسەر تەواویی حیزبە شۆڕشگێڕەکانیی ئەوکاتەوە دیار بوو، یەکێتی سۆڤیەت و حیزبە کۆمۆنیستەکەی وەک قیبلە و حیزبی دایک چاویان لێدەکرا، لادان لەو ڕێبازە هەزینەی قوورسی دەویست، بەڵام بە سەرنجدان بەو خوێندنەوە قووڵەی قاسملوو بۆ کۆمەڵگا و زیست - سیاسەتی کۆمەڵگای کوردی هەیبوو و چاک دەیزانی سۆسیالیزمی مەوجوود چەندە دەگەڵی ناتەبایە، زۆر بوێرانە و ژیرانە مۆدێلێکی تری هێنا ئاراوە و وشەی کۆتایی و خوازەیی خۆی - بە شێوەی ئایرۆنیستەکانی بەرهەم هێنا و لە ژێر ناوی سۆسیالیزمی دێموکڕاتیکدا فۆڕمۆڵەی کرد.
۲- قۆناغی دووهەم بە لە کزیدانی قۆناغی یەکەم لە بیری دوکتۆر قاسملوودا شکڵ دەگرێ و دەڕسکێ. لە قۆناغی دووهەمدا قاسملوو زۆر بوێرانە لە بەرابەر نۆڕمی زمانی - کرداریی سۆسیالیستە چەقبەستووەکاندا ڕادەوەستێ. بە ئاشکرا دژی هەموو جۆرە دیکتاتۆرییەتێک هەڵوێست دەگرێ و ڕای وایە کە کۆمەڵگای بێ دێموکڕاسی، کۆمەڵگایەکی خەسیو و بێ ئیرادەی دەبێ. کاتێ باسی لادان لە نۆڕمەکانی زمانی باوی سۆسیالیزمی مەوجوود لە لایەن قاسملۆوە دەکەین و دەگەڕێنەوە بۆ خاڵی هەرە گرینگی فەیلەسووفانی پڕاگماتیست، واتە قایل نەبوون بە وشەگەلی نەهایی هیچ بیرمەدێکی پێش خۆیان و بە شک و دوو دڵیەوە سیر کردنی، تازە دەزانین کە قاسملوو بە هێنانە ئارای "سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک" و کردنی بە چەقی درووشمی دوا ڕۆژی حیزب، چەندە ئایرۆنیستێکی ژیر و پڕاگماتیستێکی بە توانا بووە.
۳- قۆناغی سێهەم بە لێک نیزیکبوونەوەی سوسیال دێموکڕاسی و سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک دێتە ئاراوە کە بەداخەوە بە هۆی شەهید بوونی ناتوانین باسی دەسکەوتەکانی ئەم قۆناغەی بە وردیی بێنینە ئاراوە.
ئێستا کە بە شێوەیەکی سەرپێی باسی فەلسەفەی پڕاگماتیستیمان کرد و خاڵە سەرنجڕاکێشەکانیمان دەست نیشانکرد، بۆمان دەردەکەوێ کە بەڕاستی دوکتۆر قاسملوو هەم لە بواریی زەینی - زمانی - ئیستعارە سازییەوە - هەم لە بواری ڕەفتارییەوە، بیرمەندێکی شۆڕشگێڕ و نەترس بووە کە شێوە بێرکردنەوەی ئایڕۆنی - پڕاگماتیستی بە تەواویی پێوە دیارە.
ئافریقای باشوور و ئەزموونێکی مێژوویی بەکەڵک
ئا/ سندووسی
ئافریقای باشوور لەو بە دگمەن وڵاتانەی ئافریقاییە کە بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو هەمووکات هەڵبژاردنی تێدا بەڕێوە چووە، بەڵام تا ساڵی ۱۹۹٤ی زایینی ڕەش پێستەکان خاوەن مافی دەنگدان نەبوون.
لە ساڵی ۱۹٤٨ حیزبی نەتەوەیی ئافریقای باشوور لە ڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە بە دەسەڵات گەیشت و دەستی دایە هەڵاواردنیی ڕەگەزیی کە بە "ئاپاڕتاید" بەناوبانگە.
"ئاپاڕتاید" لە بواری ماناییەوە، یانی "جیاکردنەوە" و "جیاڕاگرتن".
ئاپاڕتایدی ڕەگەزی لە ئافریقای باشوور یانی جیاکردنەوەی ئەو کەسانەی کە لە ڕەگەزی سپی نەبوون و ناچارکردنی ئەوان بە نشتەجێبوون لە شوێن و پارێزگای تایبەت و بێبەشکردنیان لە مافەکانی مەدنی و سیاسی.
لەو شوێنانەی کە ڕش پێستەکانی تیدا نشتەجێدەکران، کەمترین پێداویستی ژیانی لێبوو و بە تەواویش گەمارۆ درابوون کە نەکا لەم شوێنانە نەحاوێنەوە و هەڵێن و جێیبهێڵن.
ئەو هەڵاواردنە بواریی داهاتی پیشەسازیی دەهەکانی ۵۰، ۶۰ و ۷۰ی زایینیشی دەگرتەوە کە لەودا تەنیا کەمینەی سپی پێست لێی بەهرەمەند دەبوون و ئاستی ژیانی ئەوانیی تا کوالێتی ژیانی ڕۆژئاواییەکان هەڵکێشابوو، لە کاتێدا زۆربەی ڕەش پێستەکان لە سەرەتایی ترین ئیمکاناتی ژیان واتە بەهرە و داهات، خوێندن و چوون بۆ ئیدارە حوکمییەکان بێبەشکرابوون.
کۆنگرەی نەتەوەیی ئافریقا بە پێکهێنانی "کۆمەڵەی ئازادی چەند قەومیی"، شەڕی لە دژی سیستمی ئاپاڕتاید وەڕێخست، کە لە گەڵ خۆڕاگریی سەرسەختانەی حکومەتی ئاپاڕتاید بەرەوڕوو بۆوە. ڕێپێوانی ڕەش پێستان کەوتە بەر شاڵاوی قامچی و مانگی مارسی ۱۹۷۰ زیاتر لە هەفتا ڕەش پێستی ئافریقایی کوژران.
دژایەتی کردن دەگەڵ سیستمی ئاپاڕتاید لە ناوەوە و لە دەرەوە پەرەی گرت و بوو بە هۆی ئابڵووقەی ئابووری لە لایەن ڕۆژئاواییەکانەوە، شۆڕشی ڕەش پێستەکان تێکەڵاوێک بوو لە خۆڕاگری مەدەنی، مانگرتن، خۆپێشاندان، ناڕەزایەتی و شەڕی چریکی.
لە ساڵی ۱۹۹۰، دەوڵەتی ئاپاڕتاید یەکەمین هەنگاوی بۆ وتووێژ و کشانەوە لە دەسەڵات، بە لابردنی قەدەغە لە سەر حیزبی کۆنگرەی نەتەوەیی و حیزبە سیاسییە چەپەکان هەڵێناوە و "نێلسۆن ماندلا"ی دوای بیست و حەوت ساڵ بەندکردن، ئازاد کرد، یاسای ئاپاڕتاید وردە وردە لە کتیبەکانی یاسا لابرا و یەکەمین هەڵبژاردنی ئازاد لە ساڵی ۱۹۹٤ ئەنجام درا.
لە دەهەی هەفتاوە کە دەوڵەتی ئاپاڕتاید گەڵاڵەی بەرهەم هێنانی چەکی ناوەکی دەستپێکردبوو، بە کشانەوەی ڕێژیمی ئاپاڕتاید دەستیان لەم گەڵاڵەیە کێشایەوە و زەڕادخانە بچووکەکانیشی لە ناو برد.
ئافریقای باشوور یەکەم وڵاتی ئافریقاییە کە توانیویە چەکی ناوەکی بەرهەم بێنێ و تا ئێستاش یەکەم وڵاتە لە دوونیادا کە بۆ خۆی و بە ڕەزامەندی خۆی چەکە ناوەکییەکانی لە ناو بردووە.
لە یەک وشەدا: "شەڕ نابێ، وتووێژیش ناکەین"
ئا/ سندووسی
دەڵێی ئەوپەڕی داهێنانی سیاسی - نیزامی، ئیدئۆلۆگ - پاسداڕەکانی کۆماریی ئیسلامی ئاوا گەڵاڵەڕێژی کراوە:
گەرم ڕاگرتنی مشتومڕی نێوان ئێران و ئامریکا، تا کاتی نیزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە. دواتر تێکهەڵچوونێکی بچووکی نیزامی و پەکخستنی مەوداداریی هەناردەکردنی نەوتی ناوچەکە و هەڵکشانی بایی (قیمت) نەوت لە بازاڕەکانیی جیهانیدا، لە ئاکامدا دڵخۆش کردن بە شکستی تڕامپ لە وەها هەلومەرجێکدا و بردنەوەی هەڵبژاردنەکان لە لایەن هاوڕێ!! "بێرنی سەندێرز" ەوە و مانەوەی سەرکەوتووانەی ئەم باندە مافیاییە.
بەڵام لە پشت سەری تڕامپ ئیدئۆلۆژیستگەڵێک بوونیان هەیە کە ئاوا بە هاسانی ناکەونە داوی کۆماریی ئیسلامییەوە.
لە ئەگەری چوونە پێشی وەها سناریۆیەکدا دەوڵەتی ئامریکا تا کاتی هەڵبژاردن، کێشەکان تا ڕادەی تێکهڵچوونی مانادار و چەند بلووکیی پەرەپێدەدا.
بە پێی ئەزموونی سیاسی، هیچ دەوڵەتێکی تێوەگلاوی شەڕ لە ئامریکا شکستی نەخواردووە و لە دەوری دووهەمیشدا باش کارەکانی ڕاپەڕاندووە.
پووختەی کەلام:
ئاخووندەکان چەندین ساڵە گەلانی ئێرانیان کردووە بە قوربانی تا خۆیان بمێننەوە، ئێستاش ئامادەن گەلانی ئێران زیاتر قوربانی بکەن تا تڕامپ بڕوا!! لە هەر دوو سەری ئەم سناریۆیەدا ئەوە گەلانی ئێرانن کە کەوتوونەتە ناو بەرداشی جەهالەتی کۆماریی ئیسلامی.
"شەڕ نابێ، وتووێژیش ناکەین." ئاوا دەمارگرژ و یەکدەندە!! زۆر گەمژانەیە. دەڵێن سیاسەت دانوستانە، بەڵام بۆ مرۆڤی ژیر، نەک بۆ پیاوی خەرفاو و ڕەوانی.
من لام وایە ئەمجارە دەبێ بڕۆن، جا چ بەشەڕ و چ بە وتووێژ. بە شەڕ تاب ناکەن و بە وتووێژیش لە بەرابەر دوازدە خاڵی پەمپئۆ - دا دەتوێنەوە.
یەکڕیزی ناو ماڵی کورد لە وەها هەلومەرجێکی هەستیار و نیزیک لە شەڕدا، دەبێ لە سەرووی هەموو کارەکانەوە بێ. ژیان بە داڵانی مێژوودا تێدەپەڕێ، ساڵ زوو دەسووڕێتەوە بەڵام "لە هەموو هەورێک نابارێ"، خوێندنەوەکان دەڵێن:
: هەوری ئەمجارە ئاوسە بە بارانێکی بەخووڕ. نووسەر ئەم بابەتە بەڕێز سندووس
Comments
Post a Comment