بە بۆنەی ساڵوەگەڕی ڕیفڕاندۆمی باشووری کوردستان.. قازی
ڕێفڕاندۆمی ۲۰۱۷ و مافی چارەی خۆ نووسین هەشت ساڵ لەمەوبەر لە سەرەتاکانی مانگی ۹ـی ۲۰۱۷ـدا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرت بە هەرکۆڵان وشەقامێکدا کردبا یان دەرکەی هەرماڵ و دووکانێکت کردبایەوە، سەروبنی قسەی خەڵکی دەچووەوە سەر بڕیاری بەڕێوەچوونی ڕێفڕاندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان. بەڕوونی دەتتوانی هەست بکەیت بەو خۆشیە کە دڵی گەورە و گچکەی ئەڤیندارانی خاکی پیرۆزی نیشتمانی داگیرکردووە. کە وەک دڵخورپەی ئەڤیندارێکی تازە لاو دەچوو کە دوای چاوەڕۆانیێکی زۆر بڕیارە بۆ دەمێک دواتر چەند چرکەساتێک خۆشەویستی لە ئامێز بگرێت. واش بوو گەلی چەوساوەی کورد، دوای چوارچرا و دەرسیم و ئەنفال و هەزاران کارەساتی دی، مەم ئاسا هۆگری زینی ئازادی بوو. بەڵام ئەو دڵخورپەی شادیە نەیدەتوانی ئەو دڵەڕاوکێیە وەشێرێت کە باشە ئەم داگیرکەرە ڕەزاتاڵانەی، سەدان ساڵە چاویان بە زمان و ناسنامە و خاک و تەنانەت هەناسەدانی گەلی کورد هەڵنایات و وەک دیارە لە چوارلاوە وەک ئاوری ئیبڕاهیم دەوری باشووری کوردستانیان داوە و لە ئەلحانێکەشەوە دیارە لە ڕێفڕاندۆم و ئەنجامی پێشوەختە دیاری زەڕنەقیان چوو...