بانگەوازی یزاکا بۆ بەشداری مامۆستایانی ئایینی کورد بۆ تەرخان کردنی خوتبەی هەینی لە مەڕ پشتیوانی خەڵکی ، کرمانشا و ئیلام و لۆرستان بە تایبەتی مەلەکشاهی
داواکاری یەکیەتیی زانایانی ئایینی ئێران کوردستان بۆ مامۆستایانی ئایینی کورد و ئیمامانی خوتبەخوێنی نوێژی هەینی
بەناوی خودای میهرەبان و دلۆڤان
یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی ئایینی، ئینسانی و مێژوویی، داوا لە هەموو مامۆستایانی ئایینی، و خوتبەخوێنانی نوێژی هەینی و خەڵکی سەرتاسەری کوردستانی ئێران دەکات کە بە ئاشکرا و بەرپرسیارانە وتاری نوێژی هەینی سبەینێ بۆ پشتیوانی و هاوسۆزی لەگەڵ خوشک و برا چەوساوەکانمان لە کرماشان، ئیلام و لوڕستان تەرخان بکەن.
مامۆستایانی نیشتیمانپەروەر و ڕاستگۆ:
لە هەلومەرجێکدا کە خەڵکی ئەو ناوچانە ڕووبەڕووی ستەم و سەرکوت و توندوتیژی و پێشێلکردنی ئاشکرای کەرامەتی مرۆڤ بوونەتەوەو ڕۆڵەکانیان بە دەست تیڕۆریسمی کۆماری ئیسلامی ئێران شەهید دەکرێن، بێدەنگی زانایانی ئایینی درووست نییە. مینبەری هەینی پێویستە سەکۆیەک بێت بۆ حەقیقەت و دادپەروەری و بەرگریکردن لە ستەملێکراوان و ئاشکراکردنی چەوساندنەوە، نەک شوێنی بێباکی بەرامبەر بە ئازارەکانی میللەت.
چاوەڕوان دەکەین هەموو زانایانی ئایینی پابەندی ئەم داواکارییە بن.
جەخت لەسەر پیرۆزی خوێنی کەسێکی بێتاوان بکەنەوە؛
پتەوکردنی هاوپشتی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران؛
داوای کۆتایی هێنان بە سەرکوت و توندوتیژی و سیاسەتی نامرۆڤانە بکەن؛
بانگەواز لە گەل بکرێت بە شێوەیەکی هۆشیارانە و ئاشتیانە و یەکگرتوو بەرامبەر ستەم بوەستنەوە.
یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمڕۆ هەڵوێستی مامۆستایانمان بێ دەنگی نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئایینی و ئەخلاقییە و مێژوو حوکم لەسەر بێدەنگی یان ئازایەتی و لە خۆبردوویی و حەق بێژیتان دەدات.
والسلام علی من اتبع الهدی
یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی
Comments
Post a Comment