شایی یان بەفیڕۆدانی سامان.. یزاکا م ع

شایی یان بە فیڕۆدانی سامان"

بێ گوومان هاوسەرگیری و بووک گوواستنەوە و بەشوودانی کیژەکانمان دەبێ پڕ لە خێر و خۆشی بێت و لە هەمان کاتیشدا دەبێ بە پێی پێوەرە ئایینییەکان بە تایبەت ئایینی ئیسلام بێت.
پڕۆسەی هاوسەرگیری لە کۆنەوە تاکو هەنووکە لە کوردستان لە کەشێکی پڕ لە خۆشی و هەلهەلە لیداندا بەڕێوەچووە و کلتوورێکی کۆنی کوردەواری بووە لە بانگهێشت کردنی خزمان و ناسیاوان و دۆستان بۆ بەشداری زیاتر لەو پڕۆسە هاوسەرگیریە و کۆمەڵانی خەڵکیش کاتێک بانگهێشتی شایی دەکرێن لەو پەڕی دەستکراوەییدا بە پێی تووانای ماددی و گیرفانی خۆیان بەشدار دەبن و هاوکاری ماڵی بووک یان زاوا دەکەن.

دیارە هاوکاری کردن ئەگەر ڕێگرێکی شەرعی لە پشت نەبێ بابەتێکی شیاو و گرنگە و هەرۆەک قورئانی پیرۆزیش ئاماژەی بە هاوکاری باش کردووە لە وەها پڕۆسەیەکی ئیسلامیدا.. کە دەفەرموێت و تعاونوا علی البر والتقوی و لا تعاونوا علی الاثم و العدوان. مائیده ٢
واته هاوکاری یەکتر بن لە چاکەکاریدا نەک لە کاری نەشیاو و خراپەکاریدا....
پێۆیستە ڕاستگۆیانە بڵێم، تاکوو ئەم سەردەمە لە ئێران بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی بۆنەی بووک گوواستنەوە وهاوکاری خزمان و دۆستان و ناسیاوان و هەروەها خەرج و بەخششی بنەماڵەی زاوا و بووک بێ کێشە بوو و شتێکی جووان و کلتوورێکی ڕازاوەی کورد بوو بەڵام لە ئێستادا کە وڵاتی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بە قۆناخێکی خراپی ئابووریدا تێدەپەڕێت ئەو هەموو خەرج و مخاریجەی بووک گوواستنەوە و ئەو هەموو بەشداری خەڵکە و بە فێڕۆدانی سامانێکی زۆر لە لایەن بنەماڵەی بووک و زاوا و هەروەها دانانی پارەیەکی زۆری خەڵکی بەشداربوو لە بۆنەی شاییدا، کە زیارتر لە ڕووی ناچارییە یان باشترە بڵێم کوردە نامووسیە، دەکرێت ناشەرعی بێت و ڕێگە نەدرێت بە ئەوها خەرج کردنێکی کەمەرشکێن! 
دەقی قورئانی پیرۆزیش ڕێگری لە خوواردن و خوواردنەوەی نەکردووە بەڵام ڕێگرە لە ئیسڕاف و بە فیڕۆدانی بێ هۆ.. هەروەک دەفەرموێت : (وكلوا واشربوا ولا تسرفوا)  واتە بخۆن و بخۆنەوە بەڵام زیادەڕۆیی مەکەن.
هەروەها پێویستە ئەندازەی مارەیی یان مهریە کەم بکرێتەوە و واز لە وەرگرتن شیربایی وپارەی زۆر و زێری زۆر و تەوەقوعاتی زۆر بێنن چونکە لە ئێستا دا دەبێتە هۆی ئەوەی کوڕ وکچان نەتووانن بە هۆی ئەو بارە قورسەی بۆتە دیاردە پڕۆسەی هاوسەرگیری ڕێک بخەن.


یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران، داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات پڕۆسەی هاوسەرگیری هاوتەریب بکەن لە گەڵ چۆنیەتی هاوسەرگیری لە باشووری کوردستان و بە جێگای دەعوەت و دەعوەتکاری و دانانی کارت و پارەوەرگرتن، پێویستە لە یەک کاتدا کە دەکرێ کاتژمێرێک بێت، بووک گوواستنەوەکەیان ئەنجام بدەن و شایی بگێڕن و نە بنەماڵەکان خۆیان تووشی خەرجی زۆر بکەن و نەچاوەڕوانی وەرگرتنی یارمەتی خزمان و ناسیاوان بن، و هەروەها داوا لە گشت مامۆستایانی ئایینی و خووتبە خوێنانی مزگەوتەکان دەکەین ڕۆژەڤی ورتاردانەکانیان بۆ بن بڕ کردنی ئەو دیاردە کۆنە و هاسانکاری بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری بکەن و ڕێگری بکەن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی کە بەڕاستی بنەماڵەکانی تووشی قەرز و قۆڵ وناڕاحەتی زۆر کردووە.

تکایە مارەیی زۆر شتێکی ناڕەوا و پێچەوانەی کلتووری کوردەواریمان داواکارین هاسان کاری بکەن و چیتر مارەیی زۆر مەکەنە بیانوویەک بوو وێرانکردنی ژیانی هاوسەرگیری.. باشترین هاوسەرگیری بە خۆشەویستی وڕێز و هاوسەنگی بنەماڵەیە نەک خشڵ و زێر و زێوی زیاد...

یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
١٢/ سەرماوەرزی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی



Comments

Popular posts from this blog

هەڵوێستەیەک لە سەر فتواکەی مەلا ساڵەی دەمامە..

کۆچی دووایی مامۆستایەکی ئایینی نیشتیمانپەروەر

پەیامێک بۆ ڕای گشتی سەبارەت بە دەست بەسەرکرانی مامۆستا لۆقمان ئەمینی لە لایەن کۆمار ئیسلامی ئێرانەوە.