پیرۆزبایی بە بۆنەی سەری ساڵی کۆچی

یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی سەری ساڵی کۆچی پەیامێک بڵاودەکاتەوە
....ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

به‌ناوی پەروەردگاری بێ هاوتا

(إِلَّا تَنْصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ اللَّهُ إِذْ أَخْرَجَهُ الَّذِينَ كَفَرُوا ثَانِيَ اثْنَيْنِ إِذْ هُمَا فِي الْغَارِ إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ لَا تَحْزَنْ إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا...) التوبة:٤٠.

مسوڵمانان، هاونیشتیمانیانی باوڕداری کورد"
به‌بۆنه‌ی  سەری ساڵی کۆچی (1446) پیرۆزبایی گەرممان ئاراستەی هەموو ئێوە ئازیزان دەکەین، به‌و ئومێده‌ی ساڵی تازه‌ پاڵنه‌رێكی به‌هێز بێت بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌و كۆچكردن له‌ كه‌م و كورتییه‌كانی ژیان و پڕکردنی هەمبانەی چاکەکاری و، لێخۆشبوون و ئازادی و ڕزگاری گەلانی ستەمدیدە بێت.
یادی کۆچی پێغەمبەری ئیسلام (سڵاوی خوای لەسەر بێت) سەرەتای ژیانێكی نوێ‌و گۆڕانكارییەكی گەورەی سایکۆلۆژی کۆمەڵگای بەشەری  بوو، هەنگاوێکی گرنگ بە ئاراستەی ئامانجگەلێک لە پێناو سەرخستنی ئایین و خۆشکردنی زەمینەی بانگەشەو بانگەوازی، کۆچ لە میژووی موسڵمانان وەرچەرخانێکی گەورەو هێمای رزگاربوون له‌ زوڵم و قۆناغێكی نوێی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و ئیدارەدان و ده‌ركردنی ده‌ستوورو یاساو پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی بوو، مانای بەرەنگاری و وەستانەو لە دژی نادادپەروەری و چەوسانەوەبوو، کۆچ هەنگاوێکی بوێرانە بوو بۆ گەییشتن بە ئامانجێکی گەورەتر لە مانەوە، کۆچ فێری کردنی دەبێ خاوەنی هەڵوێست بین و شۆڕشگێر بین و خەبات و بەرخودانمان بۆ ئازادی مرۆڤایەتی و حەق و ڕاستی و گەییشتن بە ناوەرۆکی مرۆیی بێت.
‌ هیوادارین ئەم یادە تەنیا یادکردنەوەیەکی مێژوویی ڕێبەرێکی ئایینی نەبێت بەڵکو پێویستە بیکەینە هەوێنی ڕاپەڕین لە دژی داگیرکەران و چەوسێنەران و خودانەناسان کە لە پەنای دین و ئایدەلۆژی چەقبەستووی درۆیین خەریکن هەم دین و هەم مرۆڤ زەبوون دەکەن، دەبێ ببێتە مایەی یەکیەتی و تەبایی لە دژی دوژمنکارانی ئایین و خاک و نیشتیمانمان.

جارێکیتر ئەم یادە پڕ شکۆیە لە گشت ئێوە ڕێبوارانی ڕێگای ڕاستی پیرۆز بێت

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
30/ ذو الحجة / 1445 کۆچی

بەرانبەر بە ١٦/٤/١٤٠٣ی هەتاوی

Comments