پەیامی یەزاکا ڕوو لە خەڵکی ئێران و پیرۆزبایی بە بۆنەی مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام


مسوڵمانان و هاونیشتیمانیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان"

چین و توئژە جیا جیاکان و مامۆستایانی ئایینی نیشتیمانپەروەر"


سەرەتا بە بۆنەی ساڵوەگەڕی مەولوودی حەزرەتی پێغەمبەری ئیسلام موحەممەد صلی الله علیه و سلم، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرجەم گەلانی ئیسلام و باوەڕدارانی ئێران و بە تایبەتی مسوڵمانانی کوردستان دەکەین و لە پەروەردگاری گەورەمان ئەپاڕێینەوە یادی ئەم گەورە پیاوەی جیهان، پڕ خێر و خۆشی و سەرکەوتن بێت.


هەروەک ئاگادارن لە سێبەری ڕژیمی جەهل و خرافات و ستەمی بە ناو کۆماری ئیسلامی ئێراندا نەک هەر دانیشتووانی ئەم وڵاتە پڕ کارەساتە بەڵکو وڵاتانی جیهان و هاوسێکانی ئێرانیش تووشی ئێشەو وئاژاوە و شەڕ و کوشتارێکی نامرۆڤانە بوونە، ساڵانێکە ڕژیمی مرۆڤکوژی ئێران بە بیانووی نوێنەرایەتی خودا لە سەر گۆی زەوی هەرچی کردەوەی دژە مرۆیی و دژە ئایینییە بە سەرگەل و نیشتیمانەکەمانیدا شکاندۆتەوە و دانیشتووانی تووشی مەینەتی و ناخۆشی و هەژاری و دەربەدەری و زیندان و سێدارە و تاڵانکردن کردووە، چەند ڕۆژ لەمەوبەر کیژێکی بێ تاوانی کوردی بە ناوی ژینا( مەهسا) ئەمینی کە بۆ سەردانیکردنی خزمان چوو بوو بۆ تاران بە تاوانی چەند تاڵە موویەکی سەری بێ بەزەییانە شەهید کرد و جەنازەکەی ڕادەستی ماڵباتەکەی کرایەوە کە ئەم کردەوە چەپەڵەی تیڕۆریستانی رژیمی ئێران ناڕزایەتی هەموو گەلانی ئێرانی لێکەوتەوە و شەقامەکان دەنگی ناڕازی و وەزاڵەهاتووی خۆیانی تەنی...

ئێستا کۆماری دژە مرۆیی ئێران لە لێواری ڕووخانە بۆیە وەک ماری بریندار خۆی بە هەموو جێگایەکدا دەخشێنێت و پڕشکی ئاگرەکەی مناڵانی شۆڕشگێرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی لە باشووری کوردستان گرتەوە و چەندین کەس بە هۆی ئەم دڕندەگییە شەهید و بریندار بوون کە لە ناویاندا کۆرپەیەکی بێ تاوان بە ناوی وانیار وێڕای دایکی شەهید بوون.


ئێمە یەکیەتی زانایانی ئایینی پشتیوانی خۆمان لە ڕاپەڕینی جەماوەری ئێران دەکەین و داوا لە هەموو چین و تووێژ و سەندیکا و ڕێکخراوەکانی ئێرانی و کوردستانی بە تایبەت مامۆستایانی ئایینی دەکەین پشتیوانی ئەم شۆڕشە بن و بەو پەڕی باوەڕ و دڵسۆزی نیشتیمانیەوە بەشداری بکەن و دەنگی خۆتان بخەنە پاڵ دەنگی لاوان و کیژانی ڕاپەڕیوی ئێرانی و کوردستانی"


هیوادارین مەولوودی سەروەر و سەردارمان هەوێنی یەکێەتی گەڵانی ئێران و ساڵی ڕووخانی دیکتاتۆریەتی کۆماری پەت و سێدارەی ئاخووندی جەماران بێت، جارێکیتر ئەم یادە لە ئێوە ئازیزان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و کادرو پێشمەرگە فیداکارەکانی نیشتیمان پیرۆز بێت.


یەکیەتی زاناییانی ئایینی کوردستانی ئێران


١٥ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی 

Comments

Popular posts from this blog

تیڕۆری کەسایەتی ئایینی وخۆشناوی سەقز جەنابی شێخ ئازادشەهابی

١٣ ساڵ سەزای زیندانی بۆ سەر پێنج مامۆستای کورد

سەزای سێدارە بۆ مامۆستایەکی ئایینی کورد