جێژن، مەلابرایم مەجیدپووری
تاعەت قبوڵ جێژن پیرۆز . بەناوی خوای بێهاوتا . وشەی جێژن بۆ ئەوڕۆژانە بەکار دەهێندرێی کە کارێکی گەورەی تێدا ئەنجام درابێی ، خۆشەویستێک یان پیاو ماقوڵیکی تێدا لەدایک بوبێی و هیتر . جێژنی ڕەمەزانیش بۆ کەسانی خاوەن بڕوای ئایینی یەکێک لەو ڕۆژە پیرۆزانەیە کە بەبۆنەی سەرکەوتن لە بەجێهێنانی ئەرکێکی قورسی خوایی بەڕێوە دەچێ. پیرۆزە چونکە خوا لە ئایەتی (١٨٢ ) سوڕەی بەقەڕەدا فەرمویە : { ئەی گەلی بڕواداران بۆتان نوسراوە بەڕۆژو بن ، هەروەک بۆ ئەوانی پێش ئێوەش نوسراوە .تادوایی } ڕەمەزان بۆیە پیرۆزە چونکە ناردنی قورئان لەودا دەستی پێکراوە . پیرۆزە چونکە دەرسی ئازایەتیو خۆڕاگریە لەبەرانبەر پاراستنی باوەڕو ئیمان ، سوربونە لە سەر بەردەوامی ڕێگا بەرەو ئامانج. ڕەوتێکە بۆ نەچونە ژێرباری زاڵم و زۆرداران . خۆڕاهێنانە بەپاکی بۆ درێژەدانی ڕێگای ژیان ، خۆڕزگارکردنە لە وەدواکەوتنی بوتە بێگیانو گیاندارەکان.. خوا لە ئایەتی (١٨٥ ) سوڕەی بەقەرەدا فەرمویە: { رەمەزان مانگێکە قورئانی تێدا نازڵ کراووە ، ڕێنوێنە بۆ خەڵک و زۆر نیشانەی شارەزایی بۆ لێک هاوێر کردنی پاک و ناپاکی تیدایە .} پیرۆزە چونکە ورەو ئیرادەی مرڤ گەشەی کردوە. گەورەیی ڕەمەزان لەوەدایە پڕیەتی لە بەهرەی کۆمەڵایەتی و تاکیش وەک : ( ١) مانگی بزواندنی بەزەو عاتیفەیە بۆ یارمەتی فەقیرو هەژاران ، چونکە ئەگەر بەڕۆژوو بوی تامی برسیایەتی دەچێژی وباش تێدەگەی لە حاڵی هەمیشە برسیەکان . (٢ ) ڕاهێنانە بۆ یارمەتی و دەسگیرۆیی و تێگەیشتنە لە وەزعی دەست کورتەکان. ( ٣) بونی موساوات بەرانبەریە لە نێوان سەرجەم مرۆڤە بڕوادارەکان . ( ٤ ) زاڵبونە بەسەر تەرکی عادەتو نەریتی خواردن و خواردنەوەی بەیانی و چێشتان ونیوەڕۆو ئیواران. وازهێنانە لە هەمو هەواو حەزێکی خراپی نەفسی و تێکەڵاویە جینسیەکان . (٥ ) بەهێز بونی ئیرادەیە لە بەرانبەر بەرەو ڕوو بونی ئەرکە قورسو گرانەکان . دیارە زۆر بەهرەی تری هەن کە لێرەدا جێیان نابێتەوە ، بەڵام بەکورتی ئەوەیە : مرۆی ڕۆژودار دەبێی بزانێ ئەوە مانگی دەورەو راهێنانێکە کە ڕاستەوخۆ لەژێر چاوەدێری خوا دایە،ئاگاداری هەمو ئاکارو کردەوەیەکتانە تەنانەت لە نیازی دەرونیشتان خەبەردارە ،مەبەستیشی ئەوەیە ،وات بار بێنێ کە بزانی دایمە ئاگای لێتە ، نەکا خافڵ بی و خوات لەبیر بچێتەوەو خراپەکان دوپات کەیەوە، وابزانی ڕۆژو تەنیا نەخواردن و نەخواردنەوەیە ، بەڵکو دەبێی هەمو ئەندامی لەشت لە دەست و زمان و چاوو گوێڕا بگرە تادەگاتە دڵو دەرونت لە خراپ بیر کردنەوەو ئەنجام دانی خراپە بە بەردەوامی دور بخاتەوە و ئەرکەکانت لە بیر بباتەوە. هیوادارم لەفەلسەفەو ناوەرۆکو مەبەستی ڕۆژوو تێبگەین . ڕێگای ژیانی ئەوڕۆو دوا رٶژیشی پێتەخت بکەین و بێی هەڵەنگوتن و سەرمەقولات بە ئامانج بگەین. لە دوایین قسەم دا پیرۆز باییەکی گەرم لەسەرجەم ڕۆژو گران و موسوڵمانانی ڕۆژو نەگرتوش بەتایبەت خوشکو برا کوردەکانم دەکەم . ئاواتمە جێژنی ڕزگاری گەلیش ببینم ئیوەش هەمو دوعای بۆ بکەن. لەگشت لایەک پرۆز بێی . براتان مەلا برایمی مەجید پور
Comments
Post a Comment